پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە سویسرا ئیدانەکرا؛ سڵاو هەزار سڵاو لە ئیمراڵی

هەزاران کوردستانی و دۆستەکانیان لە شارەکانی باسل، لۆزان، سانت گالێن و وینتەرسۆری سویسرا رژانە گۆڕەپانەکان و پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئیدانە کرد.

کوردستانیان لە چەندین ناوەندی سویسرا تووڕەیی خۆیان لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ نیشاندا، کە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو و رایانگەیاند: "ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان بۆ ڕێبەرایەتی ئازاد و کوردستانی ئازاد".

لۆزان

بە بەشداریی کوردستانیان و دۆستەکانیان لەبەردەم وێستگەی ناوەندی شەمەندەفەر کۆبوونەوە، ڕێپێوانێک بە مەشخەڵ ڕێکخرا. لە ڕێپێوانەکەدا چالاکوانان تیشکیان خستە سەر گۆشەگیریی رەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داوای ئازادیی جەستەیی ئۆجالانیان کرد.

لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵاکانی پەکەکە بەرزکرابوونەوە و پاش ڕێپێوانەکە هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی لۆزان سدقی دەمیر وتی: "لە ١٥ی شوباتدا گەلی کورد لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا کرایە ئامانج. با هاوکارانی ئەو پیلانگێڕییە باش بزانن، کە چۆن پیلانگێڕییەکە دوێنێ بە بەرخۆدانی ڕێبەرایەتیمان پووچەڵکرایەوە، ئەمڕۆش لە دژی بەردەوامی پیلانگێڕییەکە هاوار بۆ ئازادیی ڕێبەرەکەمان دەکەین".

باسل

بە پێشەنگایەتیی تەجەشە و تێکۆژن پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات لە مارکپلاتز ئیدانەکرا. لە شوێنی چالاکییەکە راگەیاندراو خوێندرایەوە و بە وتنەوەی دروشم کۆتایی بە چالاکییەکە هات.

سانت گالێن

یەکێکی تر لە گۆڕەپانەکان بۆ چالاکیی کوردان و دۆستەکانیان شاری سانت گالێن بوو. جەماوەر لەبەردەم وێستگەی ناوەندی شەمەندەفەر کۆبوونەوە و بە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی مەشخەڵ ڕێپێوانیان ئەنجامدا. دوای ڕێپێوانەکە لە ناوەندە گرنگەکانی شارەکەدا راگەیاندراو خوێندرانەوە و دواتر گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی باهنهۆفستراس و چالاکوانان گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا.

وینتەرسۆر

کوردستانیان کاتژمێر ١٩:٠٠ی  ئێوارەی دوێنێ لە گۆڕەپانی کیوی کینۆ کۆبوونەوە. دەستیان بە رێپێوانی بە مەشخەڵ کرد. لە ڕێپێوانەکەدا راگەیاندراو بە زمانی ئەڵمانی بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دابەشکرا. چالاکوانان دوای کاتژمێرێک لە رێپێوانەکەیان گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی کیوی کینۆ چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمی "سڵاو، هەزار سڵاو، لە ئیمراڵی" کۆتایی پێهات.

ژ.ت