پژاک : بڕیارەکەی ئەمریکا لە دژی پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادی خزمەت بە فاشیزم و کۆنەپەرەستی دەکات

پژاک ئیدانەی بڕیارەکەی ئەمریکای لەدژی پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادی کرد و داوای کرد پێداچوونەوە بەم بڕیارەیان بکەنەوە و مافی تێکۆشەران و ئازادیخوازان رەچاو بکەن، تاکوو وڵاتێکی وەک ئامریکا، نەبێتە خزمەتکار و داڵدەدەری`فاشیسم و کۆنەپەرەستی لە هەرێمەکە.

دەقی بەیاننامەکەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک:

" لە کاتێکدا گەلی کورد بۆتە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیخوازی و دیموکراسی لە ئاست جیهاندا، وەزارەتی دەرەوەی وەلایەته یەکگرتووەکانی ئامریکا لە دژی پێشەنگانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد،  بە شێوەیەکی تووندتر لە ڕابردوو، هەڵوێست و بڕیاڕی نامرۆڤانە و بە دوور لە دادپەروەری خۆی دووپات کردۆتەوە. ئەم هەڵوێستەی وەلایەته یەکگرتووەکانی ئامریکا هاوتەریبی هەمان هەڵوێستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە کە نەتەنیا دژایەتی گەلی کورد و گەلانی دیکەی هەرێمەکە دەکات، بەڵکوو بە پێی دانپێدانانی کاربەدەستانی خودی ئامریکا، لە دژی ئەرمەنییه کان گەورەترین ژینوساید و رەچە کوژی پێکهێناوە.

ئەم پارادۆکسە لە هەڵوێستی ئەمریکا، کە لە لایەک لە هەوڵی بە فەرمی ناساندنی ژینوسایدی ئەرمەنییەکانە و لە لایەکی دیکەوە، دژ بە گەلی کورد و پێشەنگە ئازادیخوزەکانی بڕیاری وەها نامرۆڤانە ونادادپەروەرانە دەگرێت، شتێک نییە جیا لە  بە بنەما گرتنی بەرژەوەندییە مادییەکان لە جیاتی بەها و نرخە بەرز و پیرۆزە مرۆڤایەتی و ئازادیخوازانەکان. ئەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی وەلایەته یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە تەواوەتی بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەو وڵاتەیە کە بۆ پەرەپێدان و سەقامگیرکردنی ئازادی و ئاشتی لە جیهاندا دەیکات. ئەم بڕیارە، تەنیا لە دژی چەن تاک و تێکۆشەرێکی گەلی کورد و پارچەیەکی کوردستان نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا، پیشاندەری هەڵسوکەوت و دژایەتی ئەو وڵاتەیە لە بەرامبەر گەلی کورد و ئازادیخوزان.

لە وەها دۆخێکدا، پێویستە هەموو تاک، رێکخراو و رەوتەکانی کوردی، بە روونی لە دژی ئەم بڕیارە خاوەن هەڵوێست بن. ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) وێڕای سەرکۆنەکرنی ئەو بڕیارە، داوا لە گەلی ئامریکا دەکەین کە خاوەنداریەتی لە دۆزی رەوای گەلی کورد و پێشەنگانی ئازادیخوازی بکەن، هەروەها داوا لە وەزارەتی دەرەوەی وەلایەته یەکگرتووەکانی ئامریکا دەکەین کە پێداچوونەوە بەم بڕیارەیان بکەنەوە و مافی تێکۆشەران و ئازادیخوازان رەچاو بکەن، تاکوو وڵاتێکی وەک ئامریکا، نەبێتە خزمەتکار و داڵدەدەری`فاشیسم و کۆنەپەرەستی لە هەرێمەکە."

ک-ش