راسته‌ توركیا كێشه‌ی له‌ ته‌ک په‌كه‌كه‌دایه

‌بە دەسپێکردنی هێرشی داگیرکاری سوپای تورک بۆسەر خاکی پاشووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕۆشنبیران، نووسەران،هونەرمەندان و ڕای گشتی باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان لەدژی ئەم هێرشانە ئاشکرا دەکەن.

لەتیف فاتێح فەرەج نووسەر لە بابەتەکەیدا کە لە ماڵپەڕی شارپرێسدا بلاو بووەتەوە، تیشکی خستووەتە سەر ئەوە، کە بەڵێ تورکیا کێشەی لەگەل پەکەکە هەیە، توركیا رقی له‌ كوردێك نیه‌ شه‌رم له‌ كوردبوونی خۆ بكات و به‌ په‌كه‌كه‌ بڵێت تیرۆریست و له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتی ئامه‌د دوعا بۆ سوڵتانه‌ روته‌ی عوسمانی نوێ‌ بكات.

بابەتەکەی فاتێح فەرەج:

زۆر جار ئێمه‌ زیاتر له‌ خۆیان له‌ مرۆڤه‌كان داوا ده‌كه‌ین ، ده‌ڵێین ره‌نگه‌ له‌ پڕێكدا وه‌ڵامی گورچكبڕی نه‌یارو ناحه‌زان بده‌نه‌وه‌و ئێمه‌ش له‌و هه‌موو ره‌خنه‌و سه‌رزه‌نشته‌ په‌شیمان بینه‌وه‌ ، به‌ڵام واده‌رناچێ‌ ، توركیای عوسمانی چاوی جگه‌ له‌ تورك و به‌ كرێگیراوی تورك كه‌سی تری نابینی ، ئه‌وه‌بۆیه‌ وه‌ك سه‌گی هار هه‌ڵبه‌ت به‌ ناوی دینیشه‌وه‌ كوشت و بڕی هه‌مووانی ده‌كرد له‌ رۆژئاواو رۆژهه‌ڵات ، توركیای عوسمانی له‌ 14ی كانونی یه‌كه‌می 1914شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی براگه‌وره‌ی مه‌لا مسته‌فای له‌ موسڵ له‌ دار دا ، عه‌بدولسه‌لام نه‌په‌كه‌كه‌ بوو نه‌ په‌كه‌كه‌ هه‌بوو ئه‌و ده‌م ، به‌ڵام ئه‌و كه‌وی نه‌بوو ، هه‌ژار له‌ پیاهه‌ڵدانی بارزانیه‌كان و ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ بارزانی ده‌نوسێ:‌

نۆمانگه‌ له‌ به‌ر مه‌مكان بوو 
دایكی یه‌خسیری توركان بوو 
ئێ‌ ده‌بوو سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتبای تورك فاشیانه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ هه‌بێت یان نا ئه‌وان كورد ده‌كوژن چونكه‌ " به‌ خته‌وه‌ر ئه‌وكه‌سه‌ نیه‌ بڵێ‌ كوردم " سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌ی نه‌وت ، به‌ڵام راستیه‌كه‌ی ووت، راستی رق بوونی توركیا له‌ په‌كه‌كه‌ نه‌ك ئه‌وانی دی ئه‌وه‌ش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هێڵی خاوه‌ندارێتی له‌ كورد بوون و ئاینده‌ی كورد ده‌كات ، ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌مان له‌ په‌كه‌كه‌ نه‌بووبێت ، به‌ تایبه‌ت له‌ دۆخێكا كه‌ هێشتا په‌روه‌رده‌ نه‌یتوانیوه‌ خیانه‌ت بنبڕ بكات ، نمونه‌ ئه‌و ترازان و هه‌ڵاتن و خۆ فرۆشتنانه‌ تا ده‌گاته‌ نمونه‌ی عوسمان ئۆچئالان ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌كه‌كه‌ ئه‌مڕۆ چقڵی چاوی فاشیزمه‌و توركیا كێشه‌ی له‌ گه‌ڵی هه‌یه‌ ، ئێ‌ خۆ توركیا كێشه‌ی له‌ ته‌ك ئه‌و "توركه‌ شاخاویانه‌"دا نیه‌ كه‌ موونه‌رم و گوێڕایه‌ڵن.

توركیا رقی له‌ كوردێك نیه‌ شه‌رم له‌ كوردبوونی خۆ بكات و به‌ په‌كه‌كه‌ بڵێت تیرۆریست و له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتی ئامه‌د دوعا بۆ سوڵتانه‌ روته‌ی عوسمانی نوێ‌ بكات ، رقی له‌ كوردێك نیه‌ بۆی گرنگ نه‌بێت زمان و جیاوازی و خاك و نه‌ته‌وه‌ی هه‌یه‌و له‌ ته‌قسیم خزمه‌تی فاشیزم بكات ، رقی له‌ كوردێك نیه‌ نه‌وتی به‌ هه‌ڕاج بداتێ‌ و ده‌ستی بۆ یه‌ سنگه‌وه‌ بگرێت ، ئێ‌ بۆ رقی له‌و كورده‌ بێت ، ئه‌ی بۆ رقی له‌ په‌كه‌كه‌ نه‌بێت كه‌ نایه‌وێت كورد راده‌ستی فاشیزم بكات ، په‌كه‌كه‌ شایانی ئه‌و رقه‌ی توركیایه‌ راسته‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ نه‌بێت كوردستان ده‌بێته‌ مۆڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی توركی فاشی و ئاكه‌په‌ باجی په‌ڕینه‌وه‌ی سه‌ر پردی ده‌لالیشمان لێده‌سێنێت.

ک-ش