سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە: ئێمە ئەو سکاڵایە پووچ دەکەینەوە و تێکۆشانی دیموکراسی گەشتر دەکەین

میدحەت سانجار هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پێش دانیشتنی دۆزی کۆبانێ لە بەردەم دادگا لێدوانێکی دا و رایگەیاند، "ئێمە ئەو سکاڵایە پووچ دەکەینەوە و تێکۆشانی دیموکراسی گەشتر

میدحەت سانجار هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پێش دانیشتنی دۆزی کۆبانێ لە بەردەم دادگا لێدوانێکی دا و رایگەیاند، "ئێمە ئەو سکاڵایە پووچ دەکەینەوە و تێکۆشانی دیموکراسی گەشتر دەکەین".

دۆز و سکاڵای کۆبانێ، کە دەسەڵاتی ئاکەپە لە دژی هەدەپە کردبوویەوە، ئەمڕۆ دەستیپێدەکات.

لەو دۆزەدا سکاڵا لە دژی ١٠٨ کەس تۆمار کراوە، کە ٢٨ کەسیان لە زیندانەکاندان. هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە، پەرلەمانتاران، بەڕێوەبەران، خزم و کەسوکاری زیندانیان، پارێزەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و شاندی دەرەوەی وڵات چاودێری ئەو دۆزە دەکەن.

پێش دانیشتنی دادگا بۆ دۆزەکە میدحەت سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە بەردەم دادگا لێدوانیان دا.

پۆلیس بۆ رێگریکردن لە لێدوانی هاوسەرۆکانی هەدەپە یەک لەسەر یەک هەڕەشە و  هۆشداریان دەدا و رێگایان نەدا دەزگا میدیاییەکان لێدوانەکە رووماڵ بکەن.

سەرباری ئەو هەموو رێگری و گوشارانە سانجار رایگەیاند، "دۆزی کۆبانێ ئێستا دەستپێدەکات. پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکە ئێمە دەمانخواست لێرەدا لێدوانێک بدەین، بەڵام وەک ئێوە بۆ خۆتان دەیبیین، دیواریان لە بەردەوامماندا دروستکردووە. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە ئەوان لە راستی دەترسن. ئەوان وادەزانن لەو دۆزەدا ئێمە لە ناو دەبەن، بەڵام ئەوەیان نیشان دەدەین، کە لە هەڵەدان.

ئەوە دۆزێکی سیاسییە. دەیانەوێت هەوڵەکان بۆ ئاشتی لە تورکیا، خەون و تامەزرۆیی ئازادی و هیوای دیموکراسی لە ناو ببەن. ئێمەش بۆ ئازادی، دیموکراسی و راستی بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین.

لە هەمان کاتدا ئەو سکاڵایە تۆڵەیەکی سیاسییە. دەسەڵات تێکشکاندنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا پێ قبوڵ ناکرێت و ئەو سکاڵا و دۆزەش نیشانەى توڕەییانە. ئێمە پێکەوە ئەوە پووچ دەکەینەوە و تێکۆشانی دیموکراسی گەش دەکەین. ئێمە حساباتەکانی دەسەڵات تێکدەدەین و ئەم وڵاتە لە زاڵبوون و سوڵتەى دەسەڵاتپەرستەکان رزگار دەکەین. لێرە راستیی درۆکان و باوەڕ و بڕوا تۆقێنەرەکان دادگایی دەکەین. لەو هۆڵانەوە ئازایی و بوێریی بە هەموو تورکیادا بڵاودەکەینەوە. ئێمە ئێستا دەڕۆین بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی دۆزەکەدا".

ژ.ت