شاندێکی زانکۆکانی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی زانکۆکانی ئەڵمانیایان کرد

شاندێکی زانکۆکانی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی چەند زانکۆیەکی ئەڵمانیایان کرد. دیجلە حەیدەر ئەندامی شاندەکە وتی، دەیانەوێت پرۆژەی هاوبەش و زانکۆی دۆست ئەنجام بدەن.

شاندێک بە ناوی زانکۆکانی ڕۆژئاوا و کۆبانێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بانگهێشتی ئێمدینلیر ڕۆیشتن بۆ ئەڵمانیا و لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆکانی ئێمدنلیر و ئالیس سالۆمۆن و زانکۆی برێمن کۆبوونەوە.

 دیجلە حەیدەر ئەندامی شاندەکە و مامۆستای بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی کۆبانێ لەبارەی دیدارەکانیان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕایگەیاند، سەرەتا لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆی ئالیس سالامۆن لە بەرلین کۆبوونەوە. دیجلە حەیدەر ڕاشیگەیاند: "لەم سەردان و کۆبوونەوەیەدا دوو بابەتی گرنگ هەبوون. ئێمە تیشکمان خستە سەر ناساندنی ژنۆلۆژی و بەڕێوەبردن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا. لەهەنگاوی دووەمدا زانکۆکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریامان پێ ناساندن. ئێمە ویستمان پەیوەندیی دۆستایەتی لەگەڵ ئەو زانکۆیەدا دروست بکەین. چەند کارێکی تایبەتی زانکۆکانی ڕۆژئاوا و کۆبانێ هەڵسەنگێنران. لەلایەن ئەوانەوە بە ئەرێنی پێشوازییان  لێکرا. خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی. پرسیاری ئاست و قەبارە و توانای و مەنهەجەکانی زانکۆکانیان لێکردین و بۆمان ڕوونکردنەوە. هەروەها لەسەر شێوازەکانی پەیوەندیکردن ڕاوەستاین".

دیجلە حەیدەر ئاماژەی بەوەکرد، دووەم کۆبوونەوەیان لە زانکۆی برێمن بەڕێوەچوو و ڕایگەیاند، پێشتر خوێندکارانی زانکۆکانی برێمن و ڕۆژئاوا چەند سیمینارێکی هاوبەشیان سازکردووە. دیجلە حەیدەر ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان لێرە جەختیان لەسەر ژنۆلۆژی و کارەکانی زانکۆکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردووەتەوە و باسی گرفت و سەختییەکانی بەردەمی خۆیان بۆ کردوون. دیجلە حەیدەر وتیشی: ئەوانیش لێرەوە بە ئەرێنی لێکدانەوەی کرد و پێیانوابوو، کە بە تێپەڕبوونی کات هێدی هێدی پەیوەندیەکی فەرمی دروست دەبێت. دیجلە حەیدەر ئەوەشی وت: رێکخراوی ئەو ژنانە، کە باخچەی هەڤرین خەڵەفیان دروستکردبوو لەبارەی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ گوندی ژنوار دا سیمینارێکی پێشکەش کرد.

دیجلە حەیدەر ئاماژەی بە گفتوگۆکانی ئەوروپا لەسەر ژنۆلۆژی کرد و وتی: "پەیوەندیی دۆستایەتی لە نێوان زانکۆی ئێمدن لە ئەڵمانیا و زانکۆی ڕۆژئاوا لەسەر کارەکانی ژنۆلۆژی هەیە. هەر خۆی هاتنمان بۆ ئێرە بۆ نوێکردنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیەی دۆستایەتی بوو. خوێندکارانی هەردوو زانکۆ سیمیناری هاوبەش ساز دەکەن و پرۆژەی هاوبەش ئەنجامدەدەن. هەتا ئێمە لێرەین، دەمانەوێت سەردانی هەموو زانکۆکان بکەین. ئێمە دەمانەوێت چەند ئەنجامێکی کۆنکریتی بەدەست بهێنین. ئێمە ڕێککەوتننامەی زانکۆی دۆستانە لەگەڵ زانکۆی ئێمدن نوێ دەکەینەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم ئەزموونە لەگەڵ زانکۆکانی تر ئەنجام بدەین. ئێمە بەم هیوایە بەردەوامین لە هەوڵ و کارەکانمان".

ژ.ت