سویسرا: پێویستە تورکیا بەپێی یاسا هەڵسوکەوت بکات
حکومەتی سویسرا وەڵامی پرۆژە پرسیارەکانی ستیفانی پرزیۆسۆی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چەپی ڕادیکاڵ (ئیاگ / EAG) دایەوە و رایگەیاند، دەبێت تورکیا بەپێی یاسا هەڵسوکەوت بکات.
حکومەتی سویسرا وەڵامی پرۆژە پرسیارەکانی ستیفانی پرزیۆسۆی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چەپی ڕادیکاڵ (ئیاگ / EAG) دایەوە و رایگەیاند، دەبێت تورکیا بەپێی یاسا هەڵسوکەوت بکات.
لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا ستیفانی پریزیۆسۆی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی چەپی ڕادیکاڵ (ئیاگ / EAG) لە سویسرا، پرۆژە پرسیارێکی لە دژی زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر کورد لە تورکیا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا پێشکەش بە پەرلەمانی فیدراڵی سویسرا کرد. پرزیۆسۆ لە پرۆژە پرسیارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی فیدراڵ پرسیاری کردبوو "ئەنجومەنی فیدراڵی بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا چی دەکات؟"
لەسەر پرۆژە پرسیارەکەى پرزیۆسۆ حکومەتی بێرن ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵ (EDA) لەڕێگەی باڵیۆزخانەکەى لە ئەنقەرە و کۆنسوڵگەرییەکەیان لە ئیستەنبول لەنزیکەوە چاودێریی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و بەتایبەتی ڕووداوەکانی دژ بە کەمینەکان دەکەن.
حکومەتی سویسرا ئەوەشی راگەیاندووە، لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەمیشە داوامان کردوە "پێداویستییە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا جێبەجێ بکەن".
حکومەتی سویسرا جارێکی تر داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەری و پڕۆژەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەرببڕیت، کە بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی زیندانیان لە تورکیا بڵاویکردووەتەوە.
حکومەتی سویسرا لە بەردەوامیی وەڵامی پرۆژە پرسیارەکەدا راشیگەیاند:
"ئێمە پشتیوانی لە کارەکانی کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکەین، کە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای بۆ هەموو وڵاتان گرتووەتە بەر تاوەکو کاری پێ بکەن. هەروەها هەم باڵیۆزی سویسرا لە ئەنقەرە و هەم کونسوڵخانەی ئیستەنبول لە پەیوەندیدان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا کار دەکەن. نوێنەرانی سویسراش بە وردی و بە رێکوپێکی چاودێریی کەیسەکان و رووداوەکان دەکەن".
ژ.ت