۲۴ ساڵ بە سەر بەدیل گرتن و رفاندنی رێبەر ئۆجەلان-دا تێپەر دەبێت. لە ماوەی ئەو ۲۴ ساڵەدا سی پی تی و بەشێک لە ناوەند و دام و دەزگاکانی وڵاتانی ئوروپایی کە چاوەڕوان دەکرا لایەنی مافی مرۆڤ بپارێزن و بێ لایەن بن، نەتەنیا ئەرکی خۆیان پێک نەهێناوە، بەڵکوو بۆ خۆیان بوونەتە بەشێک لە سیستەم و ئەشکەنجەی ئیمرالی. نزیک بە دوو ساڵیشە گۆشەگیری توند لە سەر رێبەر ئۆجەلان و گیراوانی دیکەی ئیمرالی بەرێوە دەچێت.
سیڤان سەعید مامۆستای زانکۆ پێیوایە: هەم سی پی تی و هەمیش تەواوی دەزگا بەناو داکۆکیکارەکان لە مافی مرۆڤ لە ئەوروپا و ئەمریکا، گرێدراوی دەزگا سیاسیی و هەواڵگرییەکانی سیستەمن. لەژێر ناوی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و مافی مرۆڤ و سەروەریی وڵات و ئەم جۆرە بانگەشانەدا رەوایەتی دەدەن بە هەر ناهەقییەک کە لەبەرامبەر کەسایەتییەکی وەک بەڕێز ئۆجالان دەکرێ. هەتا ئەوکاتەی کە ولاتانی دونیا بەرژەوەندیی خۆیان لە پشتگیرییکردنی تورکیادا بە مەزنتر بزانن لە پشتگیریکردنی مافی گەلێکی وەک کورد و رێبەرێکی وەک ئۆجالان، ئەو رەوشە هەروا درێژەی دەبێ.
ئەو دۆخە لە بیست و چوار ساڵی رابردوودا بە راستی هەم لەلایەن گەلی کورد و خاوەنداریکردنیان لە رێبەرەکەیان و هەم لەلایەن بەڕێز ئۆجالانیشەوە بەرخۆدانێکی بێوێنەکراوە، کە پێموایە لە مێژووی سەدساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. ئەو گەلەکۆمە سەخت و پڕ هۆڤەی کە کراوەتە سەر گەلی کورد و رێبەرەکەی لەلایەن هەموو دونیاوە، ئەگەر بکرایەتە سەر هەر گەل و هەر سەکردەیەکی دیکە ئێستا ناوو و وجودییشیان نەمابوو. ئەوەی دەگوزەرێ و خەباتی جۆراوجۆر بۆ زرگاربوونی گەلی کوردستان لە هەر چوارپارچەی وڵات بەرهەمی ئەو ئاگاییە بەرزەیە کە لە چل ساڵی رابردوودا گەلی کورد شاهید و ئەکتەری چالاک بووە تێیدا. بە پێچەوانەی خەڵکێکی زۆرەوە، من دەڵێم ئەوەی دەگوزەرێ مایەی هیوایەکی مەزنە بۆ رزگاربوونی گەلی کوردستان و رێبەرەکەی.
بە پێی یاسای وڵاتانی ئوروپایی و تەنانەت وڵاتی تورکیاش، هەر زیندانییەک دوای ۲۴ ساڵ مانەوە لە زیندان، دەبێ ئازاد بکرێت، چی بکرێت و چ رێکارگەلێک هەیە بۆ ئەوە بکرێ بە پشت بەستن بەو یاسا رێبەر ئۆجەلان ئازاد بکرێت؟ ئەگەرچی لە بنەرەتدا بەدیل گرتنی ئەو بۆ خۆی, بابەتێکی سیاسییە نەک یاسایی.
سیڤان لەو بارەوە دەڵێت: بەراستی من خەبەرم نیە لە تەفاسیلی مافی زیندانیان و ماوەی لە زیندان مانەوە لە تورکیا. بەڵام ئەوە ڕوونە کە بەڕێز ئۆجالان گیراوێکی سیاسییە و لەسەر بنەمای مافی زیندانیان مامەڵەی لەگەڵنەکراوە. تا ئێستا هەزاران جار لە زیندان مامەڵەی نامرۆڤانەی لەگەڵکراوە، لە بینینی پارێزەرانی و تەنانەت ماڵباتیش بێبەشکراوە، پێموایە مانەوەی بەڕێز ئۆجالان و هەزاران زیندانی سیاسیی دیکەیش لە تورکیا پەیوەندی بە چارەسەری پرسی کوردەوە هەیە. کلیلی چارەسەرەکەیش لەلای بەڕێز ئۆجالانە. نەخشە ڕێیەک، کە ئۆجالان و هاوڕێکانی پێشکەشی دەوڵەتیانکرد لە دۆڵمەباخچە لە ساڵی ٢٠١٣ هەتا ئێستایش مایەی چارەسەرییەکی بنەڕەتییە لە تورکیا و لە کوردستان. دەوڵەت تا درێژە بە بێچارەیی بدا، رەوشەکە لەمە باشتر نابێ و چارەنوسی بەڕێز ئۆجالانیش لەمە روونتر نابێ.
لە ئەگەری کەوتنی ئاکەپە لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا و کۆتایی هاتن بە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە، دەبێ چاوەڕوانی چ ئاڵۆگۆڕێک بین؟
سیڤان سەعید مامۆستای زانکۆ لەوبارەوە زۆر گەشبین نییە و دەڵێت: لە ئەگەری کەوتنی هاوپەیمانی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپەدا هاوپەویمانییەکی فاشیستیی دیکەی شەش پارتی کە هەموویان پێشتر تاقیکراونەتەوە دێتەدی. لەهەر دوو بارەکەدا گەلی کورد و خەباتەکەی هەر لەبەر هێرشی فاشیستەکاندا دەبێ. بەڵام وەک چۆن بیست ساڵ لەمەوبەر لەئەنجامی لاوازیی ئاکەپە و کەمدەرفەتیی ئەردۆگان بۆ خۆقایمکردن و نیشاندانی رووی فاشیستیانەی خۆی، رەوشەکە هەندێک گۆڕا و گەلی کورد هەناسەیەکی دا. دواتر لە ٢٠٠٥ تا ٢٠١٥ پێشکەوتنێکی مەزن لە خەباتی مەدەنی و پارڵمانی بەدەپە و هەدەپەدا بینرا. ئەم جارەیش ئەگەر ئاکەپە و رەجەب بکەون، تا دەساڵێک گەلی کوردستان هەنگاوێکی مەزنتر دەنێ و ئیدی رەوشەکە لە دوو دەیەی ئایندەدا بە دڵنیایی دەگۆڕدرێت و گەلی کوردستان و خەباتەکەی دەبنە ئاکتەری گرینگ.
ژ.ت