لە چوارچێوەی ناڕەزایەتیە بەربڵاوەکان بەرامبەر پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، بەشی راگەیاندنی فیدراسیۆنی سەردەمی ئانارشیزم لە بەیاننامەیەکدا پەسەندکردنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتی، زیندانی سیاسی کورد و رۆژنامەنووس لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە شەرمەزارکردووە.
دەقی راگەیەندراوەکەی فیدراسیۆنی سەردەمی ئانارشیزم کە لە ژێر ناونیشانی "سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی تەنیا بە ئامادەبوونی بەربڵاوی ئێمە لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایەتی دەربرین هەڵدەوەشێتەوە" بڵاوکراوەتەوە، بەم جۆرەیە:
"لە هیچ شوێن و سەردەمێکدا، لەسێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی نەک هەر نەیتوانی ببێتە مایەی مانەوە دەسەڵاتەکان یاخود رێگری لە جوڵەی شۆڕشگێڕی، بەڵکوو ئەنجامێکی پێچەوانەی هەبوو. لە مێژووی تێکۆشانی جەماوەریدا، سەرکوت و توندوتیژی نەک هەر بزوتنەوە ئازادیخوازانەکانی نەوەستاندووە، بەڵکوو تێکۆشانی ئەوانی رادیکاڵتریش کردووە. لەسێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی، تاکتیکێکی شکستخواردووی بێ کەڵکە بۆ پاراستنی دەسەڵات کە لە راستیدا، تەنیا قین و توڕەیی خەڵک زیاتر دەکات و دەیکاتە یادگەی جەماوەر بە ئاراستەی یەکڕیزییان لە دژی دەوڵەتەکان و دەبێتە مایەی رووخاندنی ئەو دەوڵەتانە.
سزای لەسێدارەدانی ئازادیخوازێک بە ناوی پەخشان عەزیزی، توندوتیژی سەرکوتکارانەی دەوڵەتی فاشیستی کۆماری ئیسلامی بە رای گشتیی نیشان دەدات، چونکە سیستمێکی دەسەڵاتخوازە کە لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتەکە لەسێدارەدان بەکاردەهێنێت.
لە ئەندێشەی ئانارشیستی ئێمەدا لەسێدارەدان هێمای پێکهاتەی دەسەڵات و توندوتیژی چەسپاوە لە هەناوی دەوڵەتدا، کە دەبێت رووبەڕووی ببینەوە و لەناوی ببەین. تێکۆشانمان لە دژی دەوڵەتەکان، لە دژی هەموو جۆرە سوڵتە و دەسەڵاتخوازییەک کە لەسێدارەدانیش بە بەشێک لەوە دادەنرێت.
هێزی ئێمە لە یەکڕیزی و هاوپشتیی جیهانیدایە، کە لەو رێگەوە دەتوانین کۆتایی بە تاوانەکانی دەوڵەت بهێنین، تا بە لەناوچوونیان بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و قوتاربوو لە سوڵتە و توندوتیژی هەنگاو بنێین و بتوانی جیهانێکی بە بێ بوونی هەر چەشنە دەوڵەت، دەسەڵات، زیندان، ئەشکەنجە و سێدارە بونیادبنێین و لەپێناو چەسپاندنی سیستمێکی ئازادیخوازی، یەکسانخوازی و دادپەروەرانی بۆ هەمووان، هەنگاو بنێین.
داوا لەسەرجەم ئازادیخوازان دەکەین کە لەبەرامبەر ئەم تاوانەدا بوەستنەوە و دەنگی قوربانیانی سێدارە بگەیەننە بەر گوێی خەڵکی جیهان. چونکە ئەم تێکۆشانە نەک هەر لە دژی یەک حکومەت، بەڵکوو لە دژی سەرجەم شێوەکانی دیکتاتۆریەت و سەرکوتە".