وەزیرانی دەرەوەی عێراق و روسیا کۆبونەوە

سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی روسیا و شاندی یاوەری کۆبوونەوەو تیایدا باس لە پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و بەرەوپێشبردنی هاوكارییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراو.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆككۆماری عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردوەتەوە، ئەمڕۆ عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا و شاندی یاوەری كۆبویەوە، لەكۆبونەوەكەدا باسی لە ڕێگاكانی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ئاسۆی هاوكارییەكانی نێوان دوو وڵاتی دۆستكراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەكۆبونەوەكەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی ڕووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان كراوە، سەرۆك كۆماری جەختی لەسەر پێویستی پتەوكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و گرنگی دروستكردنی كەشێكی سەقامگیر لە ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكان بە ئاشتیانە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، باس لە گرنگی بەرەوپێشبردنی هاوكارییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوە، هەروەها باس لە پێویستی هەماهەنگی و ڕاوێژكاری سەبارەت بەو پرسانەی كە جێگەی نیگەرانی هاوبەشن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكە و جیهاندا.

ڕوونیشكراوەتەوە، سەرۆك كۆماری ستایشی پاڵپشتی روسیا بۆ عێراق لە هەڵمەتی دژە تیرۆر و هەوڵەكانی بۆ پاراستنی ئاسایش عێراق،هەروەها عێراقییەكان لە دەیان ساڵی ڕابردوودا قوربانی شەڕ و توندوتیژی بوون، لە ئێستادا دۆخەكە لە هەموو شارەكانی عێراق سەلامەت و سەقامگیرە و پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ حكومەت لە دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیری و پێشكەوتن لە كەرتی خزمەتگوزاریدا.

  لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لەكۆبونەوەكەدا ڕایگەیاندوە، ڕوسیا بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق هاریكاری ئابووری و سەربازی و نۆژەنكردنەوەی ژێرخانی عێراق دەكات،دەشڵێت، عێراق  دەیەوێت دووربكەوێتەوە لەقەیرانەكان و زاڵ بێت بەسەر بژاردەی ئاشتیدا لەبری شەڕ.

جێگای ئاماژەیە شەوی ڕابردوو شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بە سەرۆكایەتی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی كۆبویەوە و دواتر لەگەڵ سەرۆككۆمار كۆبوویەوە، بریاریشە لەگەڵ سودانی و حەلبوسی كۆببێتەوە و دواتر سەردانی هەولێر بكات.
ف.ق