ئاکەپە دیسانەوە لە ١١ شاری بوومەلەرزەلێدراودا دەستی بە رانتخۆری کردووەتەوە

دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە بوومەلەرزەکەی ئەردیش و وانی بۆ خۆی کردە هەل و بە دروستکردنی بیناکان لە رێگەی 'تۆکی - TOKÎ '-یەوە دەستی بە ڕانتخۆری کرد، ئێستاش هەمان سیناریۆی ڕانتخۆری لە ١١ شاری دیکەی بوومەلەرزەلێدراوی ئەمدواییەدا دووبارە دەکاتەوە.

سەرۆکی گشتیی ئاکەپە سیناریۆ ڕانتخۆرییەکانی، کە لە وان و ئەردیش بەسەر تەرمی مرۆڤەکانەوە دەستیپێکرد، ئێستاش ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی هەمان سیناریۆی ڕانتخۆری لە مەرەش و ١٠ شاری دیکەدا دەکات.

لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ بوومەلەرزەیەک بە گوڕێ ٧.٢ پلە بەپێوەری ڕێختەر ناوچەی ئەردیشی وانی هەژاند و بەو هۆیەوە ٦٠٤ کەس گیانیان لە دەستدا. هەروەها لە بوومەلەرزەی ٥.٦ پلەدا ٤٠ کەس گیانیان لە دەستدا. هەزاران کەس بریندار بوون و بینا و کارگەکانی خەڵک ڕووخان و کاول بوون. دەسەڵاتی ئاکەپە وان و ئەردیشی بە ناوچەی کارەساتبار ڕانەگەیاند و بەو هۆیەشەوە هیچ هاوکارییەک بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە نەڕۆیشت. ئاکەپە هێرشی کردە سەر ئەو خەڵکە، کە ناڕەزایەتیان دەربڕی و خۆپیشاندانیان کرد و دەسەڵاتیان ئیدانە کرد، دوای ئەوە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات هاوکاری هات، بەڵام دەستی بەسەر هەموو هاوکارییەکانی وان و ئەردیش دا گرت. دەوڵەت لە وان و ئەردیش هاوکاریی خەڵکی نەکرد و خەڵک لە ژێر بەفر و بەفر و باراندا بۆ چەند ڕۆژێک لە ژێر داروپەردووەکاندا مانەوە. پاشان خەڵکی لێقەوماوی ئەردیش لە ئامەد، جزیر، موش، بتلیس و ئیدر بوونە میوانی خزمان و کەسوکارەکانیان. بومەلەرزەلێدراوەکانی ئەردیش پاشان بەپێی توانای خۆیان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

چاوی بڕیبووە پارەی خەڵک

ئەردۆغان و حزبەکەی، کە ناوچەکەیان بە ناوچەی کارەساتبار ڕانەگەیاندبوو، چاویان بڕیبووە پاری گیرفانی قوربانیان و زیانبەرکەوتوان و بوومەلەرزەلێدراوەکان. دوای دوو ساڵ لە بوومەلەرزەکە لە وان / ئەردیش لەلایەن فەرمانگەى گەشەپێدانى خانوو (تۆکی – TOKÎ)یەوە دەستکرا بە دروستکردنی بینا. پاشان بیناکان بە شێوەی پشکداری بەسەر بوومەلەرزەلێدراوەکاندا دابەشکران. دەسەڵاتی ئاکەپە بیناکانی بە ٨٠ هەزار لیرەی تورکی (تەلە) بەو بوومەلەرزەلێدراوانە فرۆشت، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە هەموو شتێکیان لە دەست دابوو و هیچیان بۆ نەمابوویەوە. خەڵک، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە سەر و ماڵی خۆیان لە دەست دابو ئەمجار دەوڵەت دەستی خستە گیرفانیانەوە و کردنی بە ژێر قەرزێکی زۆری دەوڵەت و بانکەکانەوە. هەزاران کەس لە بیناکانی تۆکی نیشتەجێ بوون، پاشان لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی قەرزەکانیان بدەنەوە، لە بیناکان دەرکران و بیناکانیان بە بە کەسانی تر فرۆشت.

لە مەرەش-یش کار بە هەمان سیناریۆ دەکەن

ئەو دەسەڵاتە، کە بومەلەرزەکەی ئەردیش و وانی بۆ خۆی کردە پرۆژەی ڕانتخۆی، دەیەوێت هەمان سیناریۆ لە مەرەش و ١٠ شاری دیکە دووبارە بکاتەوە، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە ماڵ و حاڵیان کاول بووە. ئاکەپە ئەو دەسەڵاتەیە، خەڵکی لە ژێر داروپەردووەکاندا بەجێهێشت، هەوڵیدا ڕێگری لە یارمەتیدان و هاوکاریکردن بەو لێقەومانانە بگرێت، ئەردۆغان و تیمەکەی خەڵکیان لە سەرە مەرگ و سەرما و بەستەڵکدا جێهێشت، چەند ڕۆژێک دواتر چوونە ناوچەی بومەلەرزەکە. ئەردۆغان لە ڕۆژی ٢هەمی بومەلەرزەکەدا وتی، بینا لەلایەن تۆکی-یەوە دروست دەکرێت. سەرۆکی گشتیی ئاکەپە بەوە مژدەی ڕانتخۆریی بە ئاکەپە و لایەنگرانی خۆی دا، سیناریۆی ڕانتخۆرییەکەی وان و ئەردیشی خستەوە بیریان و لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن، کە لە مەرەش و ١٠ شاری دیکەدا دەست بە پرۆژە ڕانتخۆریەکانیان بکەن.

 بەپێی ئەم سیناریۆیە بینای نوێ لەلایەن تۆکی بۆ ئەو کەسانە دروست دەکرێت، کە ماڵەکانیان وێران بووە. بیناکان بە بە پارەی خەڵک دروست دەکرێن و بە نرخێکی بەرز بە خەڵک دەفرۆشرێننەوە. بوومەلەرزەلێدراوەکان دەچنە ناو ماڵەکانیانەوە، بەڵام دواتر دەبنە قەرزاری دەوڵەتەکان و بانکەکان. ئەو بوومەلەرزەلێدراوانە، کە ناتوانن قەرزەکانیان بدەن، لە ماڵەکانیان دەردەکرێن و دەستبەسەر ماڵەکانیاندا دەگیرێت و ماڵەکەی بەکەسانی تری دەفرۆشن.

ژ.ت