ئەڵمانیا دەیەوێت چالاکوانێکی کورد کە سزای ٢٥ ساڵ زیندانیی لەسەرە رادەستی تورکیا بکاتەوە

فەرمانگەى پەنابەران و کۆچبەرانی ئەڵمانیا (BAMF) بە پاساوی ئەوەى دۆخی زیندانەکانی تورکیا باشن، بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی   عەبدولقادر ئۆغوز چالاکوانی کوردی بە تورکیا داوە، کە لە تورکیا  لەسەر وتەى شایەتحاڵێکی نهێنی سزای ٢٥ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیی بۆ دەرکراوە.

فەرمانگەی پەنابەران و کۆچبەرانی ئەڵمانیا (BAMF)  بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی چالاکوانی کورد عەبدولقادر ئۆغوز دەرکردووە، کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە ئەڵمانیا داوای پەنابەریی کردووە.

عەبدولقادر ئۆغوز لە کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لەسەر وتەی شایەتحاڵێکی نهێنی و بە بێ بەڵگەی ئاشکرا و روون، لە لقی ١ی دادگای سزا قورسەکانی رحا سزای ٢٥ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا. سەرباری تانەکان و نەبوونی بەڵگە ئەو سزایە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لەلایەن لقی ٣ی دادگای سزا قورسەکانی ناوچەیی لە دیلۆک پەسەند کرایەوە.

عەبدولقادر ئۆغوز لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٤دا بەهۆی دۆزێکی سیاسییەوە لە زیندانی جۆری دیی ئامەد زیندانیکرابوو. ناچار بوو بنەماڵەکەى و کارەکەى بەجێبهێڵێت و لە تورکیا بڕوات.

ئۆغوز لە نیسانی ٢٠١٩ داوای پەنابەریی سیاسیی لە ئەڵمانیا کردووە. دوای ئەوەى فەرمانگەى پەنابەران و کۆچبەرانی ئەڵمانیا (BAMF) لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا داواکەى رەتکردەوە، پارێزەرانی ئۆغوز دۆزەکەیان بردە دادگای کارگێڕیی میندێن و دادگاش بڕیارەکەى پەسەند کرد.

زنجیرەی بڕیارە سەیر و ئابڕوبەرانەکانی دژ بەو چالاکوانە کوردە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە فەرمانگەى پەنابەران و کۆچبەرانی ئەڵمانیا (BAMF)، کە ناوەندەکەى  لە شاری بۆن دایە، دەستی پێکرد.

ئۆغوز چەندین ساڵ لە ڕێکخستنەکانی هەدەپە لە شارۆچکەی بیرەجیک کاری سیاسیی کردووە. فەرمانگەى پەنابەران و کۆچبەرانی ئەڵمانیا (BAMF) لەبارەی ئۆغوزەوە داوای زانیاریی لە دادگای سزا قورسەکانی رحا کردووە. دوای ئەوە فەرمانگەى پەنابەران و کۆچبەرانی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئۆغوز لە دادگای تورکیا بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەوە سزا دراوە نەک کاری سیاسی و لەبەر ئەوەش هیچ ناڕەزایەتییەکمان نییە بۆ رادەستکردنەوەى بە تورکیا.

فەرمانگەى پەنابەران و کۆچبەرانی ئەڵمانیا (BAMF) لەوە زیاتر رۆیشتووە و رایگەیاندووە، لە تورکیا دۆخی زیندانەکان باشن و ئەشکەنجەشی نادەن.

هەروەها راشیگەیاندووە، ئەندامێتیی ئۆغوز لە هەدەپەدا و کارە سیاسییەکانی هیچ ڕۆڵێکیان لە سزادانەکەیدا نەبووە!.

ئەوە لە کاتێکدایە کۆمیتەی رێگریکردن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) لە ڕاپۆرتێکیدا لەسەر زیندانەکانی تورکیا، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ دا بڵاوکرایەوە تیادا هاتووە، "ژمارەیەکی زۆر سکاڵا لەسەر سزادانی میزاجی، رەفتاری خراپ، هەلومەرجی خراپ، ئەشکەنجە و گێچەڵ پێکردن و ئازاردان لە زیندانەکانی تورکیادا تۆمار کراون و ئەو کارانەش بەردەوامییان هەیە".

ژ.ت