٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، خۆپیشاندانێک بۆ شەرمەزار کردنی کۆمەڵکوژی پاریس ئەنجامدرا. ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ شەهیدکران و ئەڤین گۆیی، میر پەروەر و عەبدولرەحمان کزل کە ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ شەهیدکران، لەلایەن دەیان هەزار کەسەوە یادیان کرایەوە و داواکرا کە بکوژەکان ئاشکرا و دادگایی بکرێن.
لە زۆر وڵات و شارەکانی ئەوروپاوە کوردستانیان و دۆستەکانیان روویان لە پاریس کرد، بەڵام ئەو رۆژە پۆلیسی ئەڵمانی لەسەر سنور بە ئەنقەست ریگری کرد. پۆلیسی ئەڵمانیا ئۆتۆمبێڵی هاوڵاتیانی راگرت و قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵاتیان خستە سەر ژمارەیەک کەس و بەم شێوەیە رێگەیان نەدا بەشداری لە یادکردنەوەکەدا بکەن.
گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپ لە پەرلەمان باسی پرسەکەی کرد. ئاکبولوت لە حکومەتی ئەڵمانیا پرسیاری کرد کە رێگری لە چەند کەس کراوە کە ویستوویانە بەشداری لە رێورەسمەکەدا بکەن و بۆچی بڕیارێکی بەم شێوەیە دراوە. وەزارەتی ناوخۆ وڵامی ئاکبولوتی دایەوە.
هۆکارەکەی ئاشکرا نەکرا
لە وڵامێکی کورتدا کە گەیشتووەتە دەستی ئاژانسەکەمان، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە ٧ی کانونی دووەمدا رێگە بە ٢٤ هاوڵاتی ئەڵمانیا نەدراوە کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکەی پاریسدا بکەن. بەڵام وەزارەتەکە هۆکاری رێگریکردنەکەی ئاشکرا نەکردووە.
ئاکبولوت داوای لە پارتی چەپ کرد کە فشار لەسەر حکومەت بکات بۆ ئەوەی هۆکارەکە ئاشکرا بکات و وتی، " مافی گەشتکردن مافێکی سەرەتایی و دەستووری هاوڵاتیانە. بەڵام ئەم مافە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە ئاستەنگ کراوە. ئەم بڕیارەی پۆلیس بە واتای ئەوە دێت کە حکومەتی ئەڵمانیا بۆ تورکیا کەوتووەتە سەر ئەژنۆ."
ف.ق