لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان/پەژاک-ئەوروپا رەخنەی لەو رەوت و لایەنانە گرتووە کە هەوڵی بەلارێدابردن و دەستبەسەرداگرتن و زەوت کردنی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی دەدەن، کە لە بنەڕەتدا درێژکراوەی سیستمە دیکتاتۆری و ناوەندگەراکانن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، گەلان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران دوای نزیکەی سەدەیەک تێکۆشانی پڕ هەوراز و نشێو لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی هەنگاوێکی گەورەیان ناوە و لە چوارەم مانگی سەرهەڵدانی خەڵک و کۆمەڵگادا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە شێوەیەکی بەرچاو ریشەی داکوتاوە و پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
هەر لەو رووەوە ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان / پەژاک-ئەوروپا رایگەیاندووە: "هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی بەرەی دیموکراتیکی گەلان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئێران لەوانە ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، ژینگەپارێزان، گەنجان و .. پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری ئەم قۆناغەی شۆڕشە و بە دڵنیاییەوە کۆڵەکەکانی دیموکراسی لە ئێران پتەو دەکات. ئازادی بە بێ رەخساندنی زەمینەکانی دەستەبەر نابێت، بزوتنەوەی شۆڕشگێری 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرەوپێش دەچێت، نە بەیعەت دەدات، نە وەکالەت بۆ کەس دەکاتەوە".
لە کۆتاییشدا راگەیاندووە بە شێوەیەکی کارا بەشداری لەو خۆپیشاندانانەدا دەکەن کە بڕیارە لە ٢٨ی ئەم مانگە لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە بۆ پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی بەڕێوە بچن.
دەقی راگەیەندراوەکە:
رژێمە دیکتاتۆرەکانی ئێران لەماوەی نزیکەی سەد ساڵی رابردوو بە دروستکردنی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لەسەر بنەمای یەک نەتەوە، زمان و ئایین و نکۆڵیکردن لە ئازادییە سەرەتاییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و سەپاندنی بەربڵاوی ستەمی نەتەوەیی و چەندین جار توانیان پاشەکشێ بە بزوتنەوە و رابوونە جیاجیاکان بکەن و شکستیان بدەن. ئەوان بە سەرکوتی توند و بەڕێوەبردن و ئەندازیاریکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵیاندا بەلاڕێیاندا ببەن و لاوازیان بکەن. بە تۆمەتبارکردنی بزوتنەوەی گەلانی چەوساوەی ئێران بەوەی داردەست و سەر بە دەزگای هەواڵگری وڵاتانی رکابەرن و بە چەکی سوواو و ژەنگگرتووی 'پاراستنی یەکپارچەیی خاک' رێگرییان لە یەکسانی و یەکگرتنی ئەوان کردووە و بەربەستی نوێیان لە پەیوەندی نێوان ئەوان و رەوتە جیاجیا و جیاوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک ژنان، مامۆستایان، کرێکاران و گەنجان لەسەر ئاستی ئێران دروست کردوە.
بە درێژایی ئەم پرۆسەیەی تێکۆشان و ناسینی درێژخایەن نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران، رەوت و حزبە سیاسییەکان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ئەزمونی خۆیان دەوڵەمەند کردووە و بە رادەیەکی بەرچاو بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵ بوون و دواجار لە هاواری ژن، ژیان، ئازادی ئامانجە چەپەڵەکانی ئەوانیان لەبار برد و شکستیان پێهێنان. یەکگرتوویی مەیدانی بێ هاوتای چوار مانگی رابردوو بە روونی ئەم بابەتە لە ئاستێکی باڵاتردا خستەبەرچاو. گەلان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانمان دوای نزیکەی سەدەیەک تێکۆشانی پڕ هەوراز و نشێو لە پێناوبەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی هەنگاوێکی گەورەیان هەڵگرتووە. لە چوارەم مانگی تێکۆشانی خەڵک و کۆمەڵگاکەمان شۆڕش بە روونی رەگی داکوتاوە و پێیناوەتە قۆناغ و فازێکی نوێوە.
لەم نێوەدا لایەنگرانی زیندووکردنەوە یا درێژەپێدانی سیستمە دیکاتۆرییە ناوەندگەرا و ناوەندتەوەرەکان بە شێوەی جیاجیا و بە دروست کردنی دروشمی چەواشەکارانەی وەک 'پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی' هەوڵیاندا و هەوڵ دەدەن ئامانجەکانی شۆڕش بەلاڕێدا ببەن و سوار شەپۆلی بەرینی شۆڕشی هزری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا ببن. هەندێک لەم هێزانە لە ترسی قووڵبوونەوەی زیاتری شۆڕش و رێگری لە هاتنەکایەی هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی گەلان و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا لە هەوڵی وەرگرتنی بەیعەتن لە شۆڕش و بە خستنەڕێی کەمپینی "من وەکالەت دەکەمەوە" لەبەرامبەر رەگداکوتان و قوڵبوونەوەی شۆڕش ئاستەنگی ساز دەکەن.
ئەو هاوپەیمانێتییە سیاسیانەی بە پارە و پلانی زلهێزە جیهانییەکان پێکدەهێنرێن و بەهاکانی بزوتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەبەرچاوناگرن، بە جۆرێک لە جۆرەکان درێژکراوەی رژێمی کۆماری ئیسلامی، ناوەندگەرایی و دیکتاتۆریەتی ئێرانین لە ژێر ناو و شێوەی دیکە. ئەم هاوپەیمانێتییە سیاسیانە تەنیا ئامانجیان زەوتکردنی دەستکەوتەکانی بزوتنەوە و جوڵانەوەی شۆڕشگێڕیی "ژن ژیان ئازادی" و دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتە لە رۆژی رووخانی رژێمی کۆماری ئیسلامی. ئەم هاوپەیمانێتیانە، چ لە کەسایەتیەکان پێکهاتبن و چ لە رێکخراو و حزبەکان، نەک هەر ئازارێک لە گەلانی ئێران سوک ناکەن، بەڵکوو ئێش و ئازارەکانیان زیاتر دەکەن و کێشە کەڵەکەبووەکانی زیاتر و قورستر دەکەن. هاوپەیمانی تەنها کاتێک بەئاراستەی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕیی "ژن ژیان ئازادی" دەجوڵێتەوە و ئەرێنییە کە پێوەرە دیموکراتیکەکان لە پێکهێنانیاندا بە بنەما گیرابن، ئامانج و پلانەکانیان هەڵقوڵاوی کۆدەنگییەکی دیموکراتیک بێ و لە هەرچەشنە شێوازێکی بەیعەت ئاسا، سەپێنەرانە و وابەستەکارانە بەدور بێت ئەرێنی بوون یان نەرێنیبوونی هاوپەیمانێتییەک لە ناوەرۆکیدا رەنگدەداتەوە. کاتێک هاوپەیمانی لەسەر بنەمای ناسیۆناڵیزمی ناوەندگەرای ئێرانی بێت و داواکاری ژنان و گەلانی چەوساوە هەڵبگرێت بۆ دواتر و بۆ داهاتوو بە دڵنیاییەوە هاوپەیمانێتییەکی رووخێنەر و نەرێنییە. ئەو هاوپەیمانێتییەی کە خومەینی بە دەوری ئەوەوە دیکتاتۆری خۆی دامەزراند، زۆر هاوشێوەی ئەم هاوپەیمانێتیەیە کە لە ئێستادا هەندێک هێزی تینوی دەسەڵات لە هەوڵی پێکهێنانیدان.
"هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی بەرەی دیموکراتیکی گەلان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئێران لەوانە ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، ژینگەپارێزان، گەنجان و .. پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری ئەم قۆناغەی شۆڕشە و بە دڵنیاییەوە کۆڵەکەکانی دیموکراسی لە ئێران پتەو دەکات. ئازادی بە بێ رەخساندنی زەمینەکانی دەستەبەر نابێت، بزوتنەوەی شۆڕشگێری 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرەوپێش دەچێت، نە بەیعەت دەدات، نە وەکالەت بۆ کەس دەکاتەوە".
ئێمە بەشێوەیەکی پێداگرانە و کارا پشتیوانی لە سەرجەم ئەو هەوڵ و بزاڤانە دەکەین کەدەبنە هۆی بەهێزتربوون و یارمەتیدەری هێنانە کایەی جێگرەوەیەکی دیموکراتیکی نەتەوەکان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران. رۆژی شەممە ٢٨/٠١/٢٠٢٣ خۆپیشاندانی گەورە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا لە ژێر ناوی "هاوکاری هاوبەشی هێزە چەپ، دیموکراتیک و ئازادیخوازان بۆ پستیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەدەچێت. هەروەها لەو رۆژەدا خۆپیشاندانی دیکە لە ژێر ناوی "کۆلێکتیڤی ژن، ژیان، ئازادی"، یان بە ناوی هاوشێوەوە لە شارەکانی لەندەن، ستۆکهۆڵم، ئۆسلۆ، گۆتێنبێرگ، هێلسینکی و .. بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوەدەچن. ئێمە لەم چوارچێوەدا هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو خۆپیشاندانانە کردووە و بە شێوەیەکی کارا بەشدارییان تێدا دەکەین.
ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان/ پەژاک- ئەوروپا
هـ . ب