ئیپەکیوز: دەبێت دەستبخەینە دەستی یەکەوە

پەرلەماننتاری هەدەپە نەجدەت ئیپەکیوز وتی، "رۆژی ئەوەیە کە دەست بخەینە دەستی یەکەوە. ئەوانەشی ئێمە بە نەبوو دادەنێن با بزانن کە لێکدانەوەکانیان سەروژێر دەبنەوە".

راگەیەندراوی هەدەپە لە بارەی کاندیدیان بۆ سەرۆککۆماری هەندێک لێکدانەوەکانی شێواند. بووە هیوا بۆ ئەم گەلە کە خۆی لە نێوان هاوپەیمانیەکانی جومهور و میلـەتدا بە گیرخواردوو دادەنا. بووە هەناسە بۆی و جێگرەوەیەکی پێشکەش کرد. هەدەپە لەگەڵ ئەو هێزانەی هاوپەیمانێتی لەگەڵیاندا هەیە، لە کارتاڵ گردبوونەوەیەکی سازکرد و دەستی بە کارەکانی هەڵبژاردن کرد. بە دەیان هەزار کەس بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد، دەریان خست کە هیوایەکی گەورەیان هەیە.

پەرلەمانتاری ئێلیحی هەدەپە نەجدەت ئیپەکیوز قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)کرد و دەستنیشانی کرد کە بەشداربوون لە گردبوونەویە کارتاڵ و جۆش و خرۆشەکەی جارێکیتر سەلماندی کە جەمسەری رەنج و ئازادی لە هەڵبژاردنەکەدا یەکلاکەرەوە دەبێت. ئیپەکیوز ئاماژەی بەوەکرد کە سەرباری گوشار و رێگرییەکانیش جۆش و خرۆشی جەماوەری دەریخست کە داهاتوو بۆ رەنج و ئازادییە و وتی، ئەوانەی نامانبینن و بە نەبوومان دادەنێن بابزانن کە لێکدانەوەکانی سەروبن دەبێت".

پەرلەمانتاری هەدەپە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە ئەو گریمانانەی کە بانگەشە دەکەن دوای ئاشکراکردنی کاندیدەکەتان ئەمە 'بە قازانجی هاوپەیمانی جومهوردا دەبێت' باسی لەوەکرد، ئەوانەی لەبارەی هەدەپەوە شرۆڤە دەکەن، تەنیا بیر لەخۆیان دەکەنەوە. ئیپەکیوز وتی، "مێزی شەش قۆڵی با سەرەتا وەڵامی ئەوە بداتەوە کە تائێستا بۆچی پەیوەندی لەگەڵ ئێمە ساز نەکردووە، بۆچی ئەو دەنگانەی کە لە گۆڕەپانی رەنج و ئازادییەوە بەرز دەبێتەوە، نابیستێت. تائێستا بە زمانێکی باڵادەست و لەخۆباییانە قسەیان کردووە. ئەگەر ئەم قسەیە لە جێدابێت بە زمانێکی بەو جۆرە قسەیان کردووە کە خۆیان سپی، ئەوانی دیکەیان بە رەش بینیوە. ئەمە لە هەمان کاتدا وەڵام بۆ ئەو هەڵوێستەیە کە دەڵێن' من هەموو شت دەزانم. من هەموو شتێک بە گوێرەی خۆم دیاری دەکەم".

'ئێمە لە پێناو کۆمارێکی دیموکراتیک هەنگاو دەنێین'

ئیپەکیوز بە بیریهێنایەوە کە لە تورکیا هەڵبژاردن بە قورسی لە چوارچێوەی دوو هاوپەیمانێتیدا مشتومڕی لەسەرە و باسی لەوەکرد کە هاوپەیمانێتییەک دەڵێت باشتر سیستمی سەرۆکایەتی بەرەوپێش دەبات، هاوپەیمانێتیەکەی تر باسی داڕشتنەوەی سیستمی پەرلەمانی دەکات. ئیپەکیوز رایگەیاند کە لە نێوان ئەو دوو بژاردەدا دورنمایەک بۆ گۆڕانکاری بوونی نییە و وتی، "ئێمە دەڵێین کە لە سەد ساڵەی کۆماردا ئێمە جێگرەوەیەکی بەو جۆرە دەخوڵقێنین کە ئەو کێشە چارەسەرنەکراوانەی تورکیا چارەسەر بکات. بۆ ئەوەی ئەو شتانەی روودەدەن دووبارە نەبنەوە لەپێناو کۆمارێکی دیموکراتیکدا هەنگاو دەنێین".

'ئەوانەی دەترسن، ترس بڵاودەکەنەوە'

ئیپەکیوز باسی لەوەکرد کە لەم رێگەیەدا بێگومان گوشاری قورسیان لێکراوە و بە بیریهێنایەوە کە دادگای دەستوری هەمیشەیی هاریکاری دارایی بە شێوەی کاتی بۆ پارتەکەیان راگرتووە، هەڕەشەی داخستن لە پارتەکەیان دەکرێت، دەستنیشانی کرد کە ئەو مامەڵانە دەریدەخەن کە ئەوان لەسەر رێگە راستەکەن. ئیپەکیوز ئەو رووداوانەی بە قسەیەکی نەستەقی کوردی گێڕایەوە و وتی، "بە  کوردی دەڵێن ئەوانەی دەترسن ترس بڵاودەکەنەوە'. ئەوانەی ئەو گوشارانە دەخەنە سەر ئێمە با لە بیریان بێت؛ تا ئێستا شەش پارتی داخراون، قەیوم لەسەر شارەوانیەکاندا دانراون، دایانخستن، بەڵام پارتەکان گەورەبوون. لە بەرامبەر هەر دوژمنایەتییەک کە بەرامبەر بە ئێمە دەکرێت، جەماوەرەکەمان باشتر کۆدەبێتەوە، خواستی تێکۆشان گەورەتر دەبێت. ئەو هەنگاوەی کە لە هەفتەی رابردوودا هەڵمانگرت دڵی مرۆڤەکانی خۆش کرد کە بەشداربوونێکی ئەوەندە بەهێز لە گردبوونەوەکەی کارتاڵ هاتەئاراوە. ئێمە لەسەر رێگە راستەکەین".

'یەکگرتن دژەژەهری دوژمنایەتیە'

ئیپەکیوز وتەی 'یان پێکەوە یان هیچ'ی بە بیرهێنایەوە و دەستنیشانی کرد کە ئێستا کاتی ئەوەیە کە بڵێین 'پێکەوە'. بۆ ئەوانەی بێ بڕیارن و لەژێر کاریگەری گریمانە و قسەڵۆکەکاندا وتی، "ئێستا کاتی ئەوەیە کە پشتیوانی یەکتر بکەین".

ئیپەکیوز رایگەیاند، کە دەسەڵات تائێستا برەوی بە دوژمنایەتی داوە و وتی، "ئێمە لە نێوان هەردوو بژاردەکاندا گیرناخۆین، ئێمە دڵخۆشین بە بژاردەکەمان و بەهێز دەبین. رۆژ رۆژی توڕەیی و شکست نییە، رۆژ رۆژی ئەوەیە کە دەستی یەکتر بگرین. دەست بخەینە دەستی یەکترەوە. یەکگرتن دژە ژەهری دوژمنایەتیە".

هـ . ب