لە بومەلەرزەکەدا لە کوردستان و تورکیا بە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و بەسەدان هەزاریش برینداربوون. لە رۆژی یەکەمی بومەلەرزەکەوە واتە لە ٦ی شوباتەوە لێقەوماوانی بومەلەرزەکە دەڵێن کە دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورک پشتیوانی و هاوکارییان ناکەن. هەندێک کەسیش بە هۆی رەقبوونەوەوە ژیانیان لەدەستداوە. بە گوێرەی لێدوانی فەرمی کاربەدەستان، لە نێوان ژمارەی بینا رووخاوەکان و ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداران بە شێوەیەکی مەترسیدار جیاوازی بوونی هەیە و یەکناگرنەوە. ئەو یەکنەگرتنەوەی ژمارەکان پرسیاری ئەوەی کە ئایا "ئاماری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە دەشاردرێتەوە؟" دێنێتەبەرباس.
دەسەڵاتداری ئاکەپە و مەهەپە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و هەروەها بریندارەکان دەشارێتەوە
بە گوێرەی سەرچاوەیەک کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە و زانیارییەکانی لە کاربەدەستێکی ئاکەپەیی وەرگرتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە زۆر لەو ژمارە فەرمییە زیاتر کە لە لایەن دەسەڵآتەوە راگەیەندراوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسە. باس لەوەدەکرێت کە ئەوە ئاماری فەرمییە و رەنگە لەوەش زیاتر بێت.
وەزیری کاری ناوخۆی تورک سۆیلو: داروپەردووەکان بە مردووەکانەوە هەڵبگرنەوە
هەروەها زانرا کە وەزیری ناوخۆی تورک سولەیمان سۆیلو بە تەلەفون قسەی لەگەڵ والی و قائیمقامەکان لە شار و ناوچەکانی بومەلەرزە تیایاندا روویداوە قسەی کردوووە و فەرمانی پێکردوون کە داروپەردووی خانووە رووخاوەکان دەستبەجێ لاببرێن. دوای ئەوەی والی قائیمقامەکان وتویانە کە هێشتا لە ژێر داروپەردووەکانەوە مرۆڤ بوونی هەیە، بە بێ ئەوەی ئەوانە دەربهێنین چۆن داروپەردووەکە لاببەین؟" راگەیەندرا کە سۆیلو لە فەرمانەکەیدا پێداگری کردووە کە دەستبەجێ داروپەردووەکان بە بارهەڵگر لە ناوچەی بومەلەرزە دووربخەنەوە. راگەیەندرا کە کاربەدەستان بەهۆی ئەوەی رەنگە هێشتا تەرم و بریندار لە ژێر بینا رووخاوەکاندا بن بە قورسی کاردەکەن.
هـ . ب