پۆلیسی تورک لە ئەنقەرە هێرشی کردە سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە

پەرلەمانتارانی هەدەپە لە دژی کودەتاکەى ئاکەپە – مەهەپە لە دژی ٢ پەرلەمانتاری هەدەپە و پەرلەمانتارێکى جەهەپە، کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسییان رێکخست و بەرەو گیوڤەن پارکی ئەنقەرە رۆیشتن، بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەریان.

فراکسیۆنی هەدەپە لە دژی دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە لەیلا گیوڤەن و موسا فاریس ئۆگیولاری و ئەنیس بەربەرئۆغڵو پەرلەمانتاری جەهەپە لە پەرلەماندا کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیان رێکخست.

دواى کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، فراکسیۆنى هەدەپە و پەرلەمانتارانی هەدەپە بەرەو گیوڤەن پارک لە ناوچەى کیزالیی ئەنقەرە دەستیان بە رێپێوانکرد. پەرلەمانتارەکان پۆستەری "کودەتا هەیە"یان بەرزکردبووە و دروشمی "ئاکەپەی کودەتاچی"یان دەوتەوە.

پۆلیسەکانى ئاکەپە – مەهەپە هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە.

پۆلیسەکان لە کاتى هێرشکردنە سەر پەرلەمانتارانی هەدەپەدا توندوتیژییان ئەنجامدا و چاکەتەکەى ردڤان توران پەرلەمانتاری هەدەپەیان دڕاند.

هاوکات عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری رحای هەدەپە لە دژی ئەو پەلاماری پۆلیس کاردانەوەى نیشاندا و وتی "هۆی، پۆلیسە درێژەکە تۆی تێکدەری، تۆ پۆلیسی کودەتای".

هەروەها موراد چەپنی پەرلەمانتاری ئیزمیری هەدەپە وتی، "پۆلیس ھێرشیان کردە سەر پەرلەمانتاران و هەڤاڵانمان. ئێمە لە دژی کودەتا رژاوینەتە سەر شەقامەکان. چەتەکانیش هەوڵ دەدەن هێرشمان بکەنە سەر".

ژ.ت