٢ بەرپرسی تورک لە وان دەستدرێژییان کردە سەر ژنە پەنابەرێک

٢ بەرپرسی ئەمنیی تورک لە ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەران لە رێگای پایزئاوای وان دەستدرێژییان کردە سەر ژنە پەنابەرێکی ئێرانی و دوای ئەوە رایانگەیاند، بەرگری لە میللەت و وڵاتەکەیان کردووە! و راشیانگەیاند، تۆمەتیان بۆ هەڵبەستراوە.

لە ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەران (GGM)ی سەر بە فەرمانگەی کۆچبەران لە پارێزگای وان و لەسەر رێگای ناوەندی پایزئاوا - وان دا دەستدرێژی کرایە سەر ژنێکی ئێرانی. ئەو تاوانە لە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٠دا روویدا و ژنە ئێرانییەکە ناوی (ز.م)یە و ل رێگەى نایاساییەوە رۆیشتووە بۆ تورکیا بۆ گرتنەبەری رێوشوێن لە ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەران (GGM) قەرەنتینەیان کردبوو.

 ئەو پەنابەرە ئێرانییە رایگەیاند، هەر بۆ شەوی دوای بردنی بۆ ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەران (GGM) گڵوپەکان کوژانەوە و بەرپرسێک بە ناوی (ئی.هـ.ک)ی لەو ناوەندە چووەتە ژوورەکەى و دەستدرێژیی کردووەتە سەری. دوای ماوەیەکیش ئاشکرابوو، کە بەرپرسێکی تری ئەمنیی ئەو ناوەندە بە ناوی (ی.ڤ)یش دەستدرێژیی کردووەتە سەر ئەو ژنە پەنابەرە.

 لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٠دا دوای ئەوە ئەو ژنە لەلای بەڕێوەبەری ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەران (GGM) باسی رووداوەکە دەکات  بەو هۆیەوە ئەو رووداوە ئاشکرا بوو. لەلایەن فەرماندەی جەندرمەی ئەرتەمێنت وتە لە ژنە پەنابەرەکە وەرگیرا و رایگەیاند، بە گشتی ٣ کەس دەستدرێژییان کردووەتە سەری و لەوانە دوو کەس بە ناوەکانی (ئی.هـ.ک) و  (ی.ڤ) دەناسێتەوە. دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە وتە لەو دوو بەرپرسە ئەمنییەى ئەو ناوەندە وەرگیرا، بە تۆمەتی "چەوساندنەوە و ئازاری زایەندی" رەوانەى دادگای سزای سوڵح کران و لەوێ بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا و رەوانەى زیندانی جۆری تی لە وان کران.

تاوانبار (ئی.هـ.ک) لە وتەکانیدا بە پۆلیسی راگەیاندبوو، "من پابەندی وڵات و گەلەکەى خۆمم!. ئەوە تۆمەتە" و رووداوەکەى رەتکردبووە. هەروەها (ی.ڤ) نکۆڵی لە رووداوەکە کرد و بەپێی زانیارییەکانیش تاوەکو ئێستا لەلایەن دەوڵەت و داواکاری گشتییەوە هیچ سکاڵایەک لە دژی ئەو تاوانبارانە تۆمار نەکراوە.

لە تورکیا تاوانەکانی کوشتنی ژنان و دەستدرێژیکردە سەر ژنان لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکانەوە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت و ساڵانەش بەشێک لە پەنابەران دەکەونە بەر پەلاماری دەستدرێژیکەران و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر.

ژ.ت