گوڵجان کاچماز سایگیت، پەڕلەمانتاری وانی دەم پارتی کە بەشداری کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردانی کرد لە ڕۆژئاوا، سەبارەت بە ئەنجامەکانی کۆنفرانسەکە و سەرنجەکانی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
گوڵجان کاچماز ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە بۆ جاری یەکەمە دێتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام زانیاری لەسەر ئەو شێوازە بەڕێوەبەرییەی ئێرە هەیە و وتی: "لەڕاستیدا ئەمە ئەو مۆدێلەیە کە ئێمە لە باکووری کوردستان و تورکیادا ویستمانە بیچەسپێنین. ئەم هەرێمە یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆربەی نەتەوەکان پێکەوە تێدا دەژین. مۆدێلێکی فرەچەشنی و دەوڵەمەندە و گرنگی بە یەکتر دەدەن."
گوڵجان کاچماز سەبارەت بە ئامانجی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا وتی: "نزیکەی ٢٧ساڵە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە تورکیا لەژێر گۆشەگیری سەپێنراودایە و هەتا ئێستا بەردەوامە. وەک دەزانن و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن؛ لە ١ی تشرینی یەکەمدا بەڕێز دەوڵەت باخچەلی هەنگاوێکی دەستپێکرد و بەم شێوەیە پرۆسەیەک هاتە ئاراوە، دواتر بەڕێز عومەر ئۆجالان سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیداری ئەنجامدا. هەروەها بە مەبەستی چارەسەری پرسەکە بە ڕێگایەکی دیموکراتیک، شاندێک کە پێکهاتبوو لە پەروین بۆڵدان و بەرێز سری سورەیا ئۆندەر وەک شاندی ئیمرالی دەستیان بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کرد و بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند 'من ئامادەم و لەو بارەوە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنەکان'. هەروەها بەرپرسیارێتی سەرەکی خستە ئەستۆی پەرلەمانی تورکیا و پێشنیاری کرد کە کۆمیسیۆنێک لەوێ پێکبهێنرێت، کە نوێنەری سەرجەم لایەنەکان تێدا بەشدار بن، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند کە دەیەوێت لەوە ئاگادار بێت کە هەر ئەکتەرێک لە کوردستان لەسەر پرۆسەکە چۆن بیر دکەنەوە، یان چ جۆرە تێبینی و پێشنیارێکیان هەیە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە سەردانی باشووری کوردستانمان کرد. بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی سەردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکەین. ئێمە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک'ی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان وەک بانگەوازێکی مێژوویی پێناسە دەکەین بۆیە لە زۆربەی شوێنەکان لە باکوور و تورکیا کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەکان و گەلی خۆمان ئەنجامدا. هەروەها هەوڵماندا پلانێک لەگەڵ گەلەکەمان سەبارەت بە ناوەڕۆکی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک و هەروەها شێوازەکانی جێبەجێکردنی ئامادە بکەین. لەم چوارچێوەیەد جارێکی دیکە شاندەکەمان چوونە باشووری کوردستان و کۆبووەنەوەیان لە گەڵ لایەنە کوردیەکان ئەنجامدا، لە ڕاستیدا لەو چوارچێوەیەدا ئێمە هاتووینە ڕۆژئاوا و باکووری سووریا و هاتنەکەمان ڕێکەوت بوو لە گەڵ کۆنفرانسی یەکڕێزی و یەک هەڵوێستی کوردان لە ڕۆژئاوا. لە کاتێکدا کە خەباتی یەکگرتوویی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، کارەکانی پەیوەست بە چارەسەری پرسی کوردەوە ئەنجام دەدرا، ئێمە لە نزیکەوە شاهیدی کۆنفرانسێکی وەها گرنگ بووین و بۆ ئێمە زۆر گرنگی خۆی هەیە."
گوڵجان کاچماز سەبارەت بە ئەنجامی کۆنفرانسەکە لەسەر پرسی کورد لە تورکیە وەها هەڵسەنگاندنی کرد:
"ئەم کۆنفرانسە بەڕاستی کۆنفرانسێکی مێژوویی بوو. وەک دەزانن ڕۆژئاوا دەمێکە تێکۆشان دەکات، پێشەنگایەتی بوون لە تێکۆشانێکی وەهادا بۆ ئێمە زۆر بەنرخە. ئەم کۆنفرانسە لە ڕاستیدا سەرەتای تێکۆشانێکە بە پیتی زێڕین لە مێژوودا دەنووسرێت. ئەوەی لێرەدا ئاشکرا بوو، پێش هەموو شتێک، بۆ ناساندنی ناسنامە و پێگەی کوردە لە سووریا، هەر کارێک، چالاکیەک هەر هەنگاوێک بنرێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی بەهێزی لە لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان دەبێت. بۆ نموونە دووبارە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان، پێداگری بەڕێزیان لەسەر چارەسەری پرسەکە بە ڕێگەی میتۆدی دیموکراتیک و پێشکەشکردنی بانگەوازی کۆمەڵگای دیموکراتیک. ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕۆژئاواین، ئەمە لەو کاریگەرییانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێمە لە نزیکەوە شاهیدی ئەم کۆنفرانسە مێژووییە بووین. دەستکەوتێک لە هەر بەشێک بە دڵنیاییەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەموو بەشەکانی دیکە دەبێت. پێشتر ڕامانگەیاندووە؛ ئیتر نابێت کورد ئەم سەدەیە لەدەست بدات. وەک دەزانین سەد ساڵە پارچە پارچە بووین و سنوور لە نێوانماندا هەیە. ئەگەرچی ئەم سنوورە دەستکردانە قەد لە مێشکی کورداندا سنوور نەبوون، هەروەها کاریگەرییەکانی لە هەموو ڕوویکەوە لە داهاتوو نامێنن."
گوڵجان کاچماز لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت ڕوانگەکانی تورکیا سەبارەت بە ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نەمێنێت و وتی: "ئەگەر ئەمڕۆ باسی ئاشتی نێوان کورد و تورک دەکرێت، دەبێت لە هەموو بەشەکان باسی ئاشتی لەگەڵ کورد بکرێت. لە ڕاستیدا پێویستە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستکەوتەکان و هاوکاریی کوردان لە هەموو بەشەکان ئەم کارە بکەین. ئەگەر تورکیە لە ناوخۆی سنوورەکانی لەگەڵ کورددا ڕێککەوتن بکات، بەڵام لە دەرەوەی سنوورەکانی دوژمنایەتی کورد بکات، ئەوە لە بەرژەوەندیی تورکیە یان پارچەکانی دیکەدا نییە. بۆیە پێویستە تورکیە هەموو ڕوانگەکانی سەبارەت بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نەهێڵێت و بەشێوەیەکی ئەرێنی لە مافەکانی گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێرە نزیک بێتەوە."
'ڕۆژئاوا نموونەی مۆدێلی پێکەوەژیانە'
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە "ئایا کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژئاوا کاریگەری لەسەر دانپێدانانی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دەبێت؟ گوڵجان کاچماز وتی: "مۆدێلی بەڕێوەبەری لێرەدا مۆدێلێکە کە هەمووان لە نزیکەوە بەدوادا چوونی بۆ دەکەن، مۆدێلێکە کە دەتوانێت ببێتە نموونە بۆ هەموو گەلانەی دەیانەوێت بە ژیانێکی دیموکراتیکەوە بژین، بەڵام لەگەڵ عەقڵیەتی دەوڵەت نەتەوە و خواستەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا ناگونجێت. چونکە ئەمە ڕێگای سێیەمە. ڕێگای سێیەم زۆر گرنگە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە ژیانێکی دیموکراتیکەوە بژین و پێویستە لە هەموو شوێنێک لەسەری پانێڵ، کۆنفرانس بکرێت. بەڵام ئەو کۆنفرانسەی لێرەدا بەڕێوەچوو، نەک هەر بۆ ڕۆژئاوا و گەلانی ئێرە، بەڵکوو هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان. هەنگاوێکە کاریگەری لەسەر چوار بەشی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت."
'تێکۆشانی ڕۆژئاوا جێگەی شانازییە'
گوڵجان کاچماز لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ئێمە وەک باکووری کوردستان بە هۆکاری دۆخەکەوە هەمیشە لە دوورەوە بەدواداچوونمان بۆ تێکۆشانی ڕۆژئاوا دەکرد. هەمیشە تێکۆشان و بەرخۆدانیان جێگای شانازی بوو. بوونمان لێرە لەو تێکۆشانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەمیشە گفتوگۆکردن، زۆر گرنگە. هەموو چەند سەد مەترێک لە یەکترەوە دوورین، زۆر کەس لە نسێبین خوشک و براکانیان لێرە دەژین، هەموو گەل تێکەڵی یەکترن بەڵام لەبەر ئەوەی دەرگاکان داخراون، پەیوەندییەکانیان ڕاگیراوە. بۆ نموونە ئێمە لە ڕێگەی هەولێرەوە هاتووین بۆ ئێرە. لە ڕاستیدا دەمانتوانی لە ڕێگەی نسێبینەوە زووتر بگەین. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێت ئەم دەرگایانە بکرێتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە حکومەتی تورکیا دەبێت لەو بارەیەوە هەنگاوی پێویست بنێت. چونکە ئەم بەربەستانە کورد لە تێکۆشانی خۆی ڕاناگرێت، کورد بە هەموو شێوەیەک لە تێکۆشانە. هەروەها لەمەودوا بە رۆحی یەکڕێزییەوە درێژە بە تێکۆشانی دەدات. بۆیە پێش هەموو شتێک دەبێت ئەم سنوورانە بکرێنەوە. بەردەوامیدان بەم کێشانە لە بەرژەوەندی تورکیادا نییە. ئەگەر تورکیا لە ناو سنوورەکانی خۆیدا لەگەڵ کورد گەیشتە ڕێککەوتن، دەبێت لەگەڵ کوردەکانی پارچەکانی دیکەشدا بگاتە ڕێککەوتن و دانیان پێدا بنێت. بەدڵنیاییەوە تورکیە لەم کارەدا سودمەند دەبێت، گەلانی تورکیا سودمەند دەبن. هەروەها گەلی کوردیش سوودمەند دەبێت. زۆر خۆشحاڵم کە لە نزیکەوە شایەتی ئەم کۆنفرانسە مێژووییە بووم و زۆر دڵخۆشم کە ئەزموونەکانمان لێرەوە دەگەیەنینە باکوور و تورکیا."