کەمپەینی "بۆ دادگاییکردنی دکتاتۆرێک ۱٠٠ هۆکار هەیە" کە ژنانی کورد لە دیاسپۆرا دژ بە ئەردۆغان دەستیان پێکردوە، بەردەوامە.
کەمپەینەکە بە پێشەنگی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەورووپا تەژەکە-ئە بەڕێوەدەچێت و لەو چوارچێوەیەدا لە چەندین شار و ناوچەی ئەورووپا چالاکی و هەڵمەتی واژوو کۆکردنەوە ئەنجام دران.
یەک لەو چالاکیانە لە شاری جنێڤی سویسرا لە بەدەم بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان بەڕێوەچوو و تێیدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاوانەکانی ئەردۆغان و ڕژێمەکەی ئاگادار کرانەوە و لە یاداشتێدا ژنان ڕایانگەیاند: نەک ۱٠٠ هۆکار، بەڵکو هەزاران هۆکارهەن بۆ ئەوەی ئەردۆغانی دکتاتۆر لەسەر دادگایی بکرێت و پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەوە خاوەن هەڵوێست بێت و هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ دادگاییکردنەکە.
هەروەها ژنان بانگەوایان لە ژنان و هەمووان کرد تا ئەمڕۆ شەممە، بەشداری لە چالاکییەکی هاوشێوەدا بکەن کە لە شاری بازل بەرێوەدەچێت.
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاش، بە هەمان ئامانج ژنان و چالاکوانان و دۆستانی لە بەردەم باڵەخانەی پارلەمانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و سیاسەتی ستمەکارانەی ئەردۆغان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمرالیان کە لە سەر ڕێبەر ئۆجالان ئەنجام دەدرێت بە توندی شەرمەزار کرد و داوای هەڵویستیان لە پارلەمان و حکومەتی ئەڵمانیا کرد.
لە برۆکسلی پایەتختی بەلجیکاش لە بەردەم کۆنسەی ئەورووپا چالاکی هاوشێوە ئەنجام درا و ژنان داوایان لە دامودەزگاکانی ئەورووپا کرد، دادگاییکردنی ئەردۆغان بخنە ڕۆژەڤی کارەکانیانەوە و بێدەنگی و بێهەڵوێستی بەرامبەر بە تاوانەکانی ئەردۆغان و ڕژێمەکەی بشکێنن.
لە چالاکییەکەدا، لە بارەی دادگاییکردنی ئەردۆغان بڵاوکراوە بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و هۆڵەندی درانە ڕێبوارن.
هەروەها توبا هەزەر، پارلەمانتاری پێشووی هەدەپەی شاری وان قسەی کرد و وتی: بە تێکۆشانی ژنان، ئەردۆگان بدرێتە دادگا و سزا بدرێت.
لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدیش، لە سەر بانگەوازی ئەنجومەنی ژنانی ئامارا، ژنان چالاکیان ئەنجام دا و تێیدا، وێنەی ئەو ژنانە نیشان دران کە لایەن ڕژێمی ئەردۆغان و چەتەکانیەوە کوژراون و داوای دادگاییکردنی ئەردۆغان و تاقمە چەتەکانی کرا. هاوکات خوازیاربوون تا حکومەت و پارلەمانی سوید لەو بارەوە هەڵویستی جددی بنوێنن.
لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارکیش، ئەنجومەنی ژنانی سێڤێ بۆ هەمان مەبەست ستاندیان دانا و لە بارەی کەمپەینی دادگاییکردنی ئەردۆغانەوە زانیاریان بە هاوڵاتیانی شارەکە دا. هاوکات بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغان واژوویان کۆکردەوە و بڵاڤۆکیان بەسەر ڕێبواراندا بڵاوکردەوە.
جێگای ئاماژەیە، کەمپەینی "بۆ دادگاییکردنی دکتاتۆرێک ۱٠٠ هۆکار هەیە" کە بە پێشەنگی تەڤگەری ژنانی کورد- تەژەکە-ئە ژنانی کورد لە دیاسپۆرا دژ بە ئەردۆغان دەستیان پێکردوە لە ڕۆژانی دواییش بەردەوام دەبێت.
هـ.هـ