کەسکین: هۆکاری زیادبوونی توندوتیژیەکان، سزانەدانی تاوانبارانە!

پارێزەر ئەرەن کەسکین رایگەیاند، هۆکاری زیادبوونی هێرش و توندوتیژیەکانی دژ بە ژنان و منداڵان لە کوردستان کە پشت ئەستوورە بە دەوڵەتەوە، سزانەدانی تاوانبارانە و وتی:"بە هۆی ئەوەی لە کوردستان تاوانیان ئەنجامداوە، زیاتر هەست بە ئازادی دەکەن."

ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ کە ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکات بەشداری لە دانیشتنی دادگا لە بارەی دۆسیەی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی ١٥ ساڵانی خەڵکی ناوچەی کەرجەوسی ئێلحدا بکات، لە بارەی توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

'ئامارە راستیەکان ناخەنەڕوو'

پارێزەر کەسکین کە لە ساڵێ ١٩٩٧وە کاری پارێزەری بۆ ئەو منداڵ و ژنانە دەکات کە رووبەڕووی ئەشکەنجە و توندوتیژی دبنەوە، دەلێت، رووداوی لاقەکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان زۆر روودەدەن و بەهۆی ئەوەی راناگەیێنرێن، راستی رووداوەکانیش نازانرێت.

کەسکین رایگەیاند، لە ماوەی ٢٣ ساڵدا ٧٥٨ ژن کە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە سەردانی نووسینگەی مافەکانیان کردووە، بەڵام ئەم ژمارەیە هەموو راستیەکان ناخاتەڕوو و وتی:"هەموو رووداوەکانی لاقەکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان راناگەیێنرێن. دەترسن، شەرم دەکەن، خۆیان بە کەم دەزانن و وا هەست دەکەن کە هیچ کەسێک پشتیوانیان لێناکات. بە هۆی ئەو هۆشمەندی و سەردەستیەی پیاوسالاریی ملیتاریست و فیوداڵ، ژنی وا هەیە تا کۆتایی تەمەنی ئەو توندوتیژیە دەشارێتەوە و باسی ناکات."

'سیاسەتی دەوڵەت بۆ سزانەدانی تاوانباران'

پارێزەر کەسکین تیشکی خستە سەر ئەوەی یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی توندوتیژی سەرچاوەکەی لە دەوڵەتەوە دێت و دەوڵەت لە پشتیەوەیەتی و وتی، لە ساڵی ١٩٩٧وە ئەگەر تەماشای داوا تۆمارکرداوەکان بکەن، جگە لە دوو جاش، هیچ تاوانبارێک سزا نەدراوە و ئەمەش سیاسەتی سزانەدانە کە دەڵەت پەیرەوی دەکات.

'توندوتیژی بە دەست و زمانی دەوڵەت ئەنجام دەدرێت'

کەسکین تیشکی خستە سەر رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر ئیپەک ئەر و وتی:"بەرپرسێکی سەربازی دەستدرێژی کردە سەر ئیپەک ئەر، ناوبراو وەکو بەڵگە نامەیەکی بەجێ هێشت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. چی روویدا؟ ئەو بەرپرسە سەربازیە ئازاد کرا و وتی:" ئێمە دەڵێین، خودی کوشتنی ژنان سیاسەتی دەوڵەتە. عەلادین چاکجی کە لەبەر چاوی منداڵەکەی، هاوسەرەکەی خۆی کوشت، ئێستا ئازادە و هەڕەشە لە هەموو کەسێک دەکات. ئەم هەڕەشانە هەستی پاڵپشتی دەدات بە پیاوانی تریش."

'لە شەڕەکاندا ژنان بە ئامانج دەگیرێن'

پارێزەر ئەرەن کەسکین هاوکات رایگەیاند، پەرەسەندنی شەڕ لە کوردستان و بە تایبەت توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان، دەوڵەتی لە پشتە و وتی:" لە هەموو شەڕێکدا، لایەنێک بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەرەکەی لەناو بەرێت، هەموو رێبازێک دەگرێتەبەر. پێشەلکردنی مافی ژنانیش لە کوردستان بە هەمان شێوەیەیە. لێرە ئەوانەی تاوان ئەنجام دەدەن زیاتر خۆیان ئازاد هەست پێدەکەن."

ناوبراو ئاماژە بەوەش کرد کە پێشووتر دان بە توندوتیژیەکاندا نەدەنرا، بەڵام ئێستا توندوتیژی بە ئاشکرا دەکرێت کە ئەمەش کەوتووەتە حاڵەتێکی مەترسیدارەوە و وتی:" لە تورکیا هیچ پەیمانێک جێبەجێ ناکرێت کە رێگری بکات لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان."

پارێزەر کەسکین کە ئێستا خۆی ئامادە دەکات بەشداری لە دانیشتنی دادگا بۆ دۆسیەی کچێکی ١٥ ساڵانی خەڵکی ناوچەی کەرجەوسی شاری ئێڵحدا بکات و بڕیاری شاراوە و قەدەغەی پەخشی دانیشتنەکەی لەبارەوە دراوە، وتی:"بەم بڕیارە دەیانەوێت پارێزەران لەدەرەوەی دۆسیەکە بهێڵنەوە، لە کاتێکدا کە لەم جۆرە رووداوانەدا گەورەترین ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی پارێزەران. چونکە ئەوانەی راستیەکان دەخەنەڕوو پارێزەرانن. بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا نەکرێت، بڕیاری شاراوەیان لەبارەوە داوە. سەرەتا دۆسیەکە لە پارێزەران دەشارنەوە، دواتریش لە رای گشتی. هەمان بڕیار لە بارەی دۆسیەکەی کادیرۆڤا، دواتر دۆسیەکەی ئیپەک ئەر و ئێستاش هەمان بڕیار لەبارەی دۆسیەی کەرجەوس دراوە."

ز.ش