"لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە بەرەیەکی دیمۆکراسی هەیە"

"لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە بەرەیەکی دیموکراسی هەیە بەپێشەنگیی ژنان. ژنان ئەمرۆ نەیەنە گۆڕەپانەکە لەدژی داگیرکاری و خیانەت، ئەی کەی کاتیەتی. سەرکەوتنت وەک ژن لە بەرەی دژ بە فاشیزم و داگیرکاری پاڵنەرە بۆ ئەوەی ببین خاوەنی ئازادی، ناسنامەمان."

دەستپێشخەری ژنانی باشور لە دەرەوەی وڵات لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بەرەیەکی دیمۆکراسی هەیە بە پێشەنگایەتی ژنان و بانگەوازی ئەوەش کرد کە دەبێت ژنان بێنە گۆڕەپانەکە و لە دژی داگیکەری و خیانەت تێبکۆشن و چونکە سەرکەوتن بەسەر فاشیزم و داگیرکەری، پاڵنەرە بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی ناسنامە و هەبوون.

لە راگەیێنراوەکەی دەستپێشخەری ژنانی باشور لە دەرەوەی وڵاتدا هاتووە:

"لەم سەدیەدا کە بە سەدەی ژن و ژینگەپارێزی دەناسرێت، فاشیزمی ئەردۆغان و ئەو هێزە خیانەتکار و نۆکەرانەی لەو بەرەی فاشیزمدان گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ژن، کۆمەلگە، ژیان و سروشت. هەرەشەن بۆ سەر هەموو ئەو هەبوون و ناسنامانەی کە ئامانجیان نان، کار، ئازادی و ئاشتیە. ئەمرۆ ئەو شەڕە لە هەموو جیهان دا بە قڕکردن، کۆچبەرکردن، برسیکردن، توندوتیژی و وێرانکارییە ژینگەییەکان بەڕێوەدەبرێن. لە رۆژهەڵاتی ناوەراستیش ڕژێمی فاشیستی ئەرۆدغان و هێزە هاوکارەکانیان شەڕ و داگیرکاری خاک، سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی، قڕکردنی ناسنامە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و ژنان دا دەسەپێنن.

هیچ سەردەمێک بە هێندەی ئەم رۆژانە مەرامە فراوانخوازی و داگیرکارییەکانی ئەردۆغان و رژێمەکەی لە زۆر دەڤەری وەک لیبیا، دەریای سپی لەبەرامبەر یۆنان، قەرەباخ، سوریا ڕووبەڕووی شکست نەبۆتەوە. هەموو رۆژێک شایەتحاڵی شکستی ئەو ڕژێمەین هەم لە ئاستی دەرەوە و هەم لە ناوخۆدا کە بەهۆی شەڕ و داگیرکارییەکانیەوە ئابوریەکەی لە داتەپین دایە و بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارە داڕووخاوەی، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی رژێمە فاشیستەکەی، بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ شەڕی دژ بە گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر لەناو سنوری تورکیا و بەشەکانی تری کوردستان بە تایبەتی لە باشور بە هاوکاری و چاوساغی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمەکانی گارە، مەتینا، حەفتانین چەکی قورس و هێزی سەربازی بەکێشی ئەو هەرێمانە دەکات. پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێی راگەیاندنەکانیانەوە وەک بەشێک لە شەڕی تایبەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا تەپڵی شەڕ دەکوتن و هەم هەواڵی چەواشەکاری بڵاو دەکەنەوە و دەستیان بە ڕەشبگیری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان کردووە لە هەرێمی بادینان.

هەنگاوی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک و پارتی بە ڕێکەوتنێک لەبەرامبەر پێکهاتەی ئێزدی لە شەنگال دەستی پێکرد و ئێستاش پەل دەهاوێژێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی زۆر مەترسیدار. لە قۆناغی بەرەو ساڵرۆژی جیهانیی کۆبانێدا ئەردۆغان و ڕژێمە فاشیستەکەی لە هەوڵی داگیرکاری نوێدان بە پێشڕەوێتی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەرکی ئێمەی ژنانە کە بە جیاوازی بیر و بۆچوون، جیاوازی ناسنامە و پاشخانی سیاسی و ئاینی و ئەتنیکیمانەوە لە دژی فاشیزم ، شەڕ، خیانەت و نۆکەرایەتی بوەستینەوە. ئێمەی ژنان بەتایبەتی بەناسنامەی جیاوازمانەوە دەلێین : حەفتانین، مەتینا و گارە تەنیا چیا نین بەڵکو چیای مەعنەویاتن بۆ ئێمە، بەها و نرخی مرۆڤایەتین بۆ ئێمەی ژن، ئەو چیایانە بۆ ئێمە هەم لانکەی مرۆڤایەتین و هەم بەهای ئازادی ئێمەن. ئێمەی ژن لە هەموو کاتێک زیاتر دەبێ لە دژی هەڵگیرسانی شەڕ و جێگیرکردنی هێزی داگیرکار دابین، کاتی ئەوەیە کە لە دژی ئەو داگیرکاریانەی فاشیزم و هاوکارەکانی و لە بەرامبەر خیانەت دەنگمان بەرزبکەینەوە.

لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە بەرەیەکی دیموکراسی هەیە بەپێشەنگی ژنان. ژنان ئەمرۆ نەیەنە مەیدان بۆ لەدژی داگیرکاری و خیانەت، ئەی کەی کاتیەتی. سەرکەوتنت وەک ژن لە بەرەی دژ بە فاشیزم و داگیرکاری و پاراستنی بەهاکانمان، پاڵنەرمانە بۆ ئەوەی کە ببین خاوەنی ئازادی، ناسنامە و هەبوونمان."

ز.ش