ژنانی هەدەپەیی: ئاکەپە ڕێگەی بۆ دەستدرێژی و کوشتنی منداڵان خۆشکردووە

ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە ڕایگەیاند "سیاسەتی دوژمنکارانەى ئاکەپە لە دژی ژنان و منداڵان بووە هۆی کوشتنى لەیلا و ئەیلول".

ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بۆئەوەی ڕژێمی ئاکەپە و کۆشک هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتە بەر بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان، نەک ناتوانرێت ڕێگە لە ونبوونی منداڵان بگیرێت، بەڵکو ڕێگەش لە ڕفاندن و کوشتنی منداڵان ناگیرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو بەیاننامەیەکی دەزگاى ئاماری تورکیا (TUÎK)، لەماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا ڕووداوەکانی ونبوونی منداڵان ١٠٠ هەزاری تێپەڕاندووە. تەنها لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٨ هەتا ٢٠١٦ دا لە تورکیا بە ئەندازەى ١٦ وڵات منداڵ ون بوون".

'سیاسەتەکانی دەسەڵات ڕێگەی لەبەردەم ئەو کێشانەی منداڵاندا دەکاتەوە'

لە راگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپەدا، بەرپرسیارێتیی ئەو ڕووداوانە خراوەتە ئەستۆی سیاسەتەکانی حکومەت و تێیدا هاتووە "ئێمە ئەوە باش لەوە ئاگادارین، کە یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی ئەوەی، کە منداڵان لەو بارودۆخە خراپەدا دەژین، ئەوەیە پەروەردەی دواکەوتوانە بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن و سزای ئەو کەسانەش کەم دەکەنەوە کە دەستدرێژیی دەکەنە سەر منداڵان. ئەم بارودۆخەی ئێستا تێیداین باری نائاسایی نییە، بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەنجامی هەوڵەکانی ئاکەپەیە، کە دەیەوێت نەوەیەکی دژە ژن و زایەندپەرست دروست بکات".

لە بەشێکی تری راگەیانراوەکەی ژنانی هەدەپەدا هاتووە "تووندوتیژی زایەندی، کێشەی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەبێت وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی تەماشای بکرێت. سزای 'خەساندن'، چارەسەریەکی بنەڕەتیی نییە. ئەم ڕێبازە نەخۆشیی کۆمەڵایەتی دەهێنێتە ئاستی تاکەکەسییەوە و قسەکان و گفتوگۆکان تەنها لەسەر کەسەکان دەبن، لەبەر ئەوە کێشەکان چارەسەر ناکرێن. بەپیچەوانەوە ئەمە دەبێتەهۆی ئەوە زایەندپەرستی کۆمەڵایەتیی ببێتە نەخۆشییەکی هەمیشەیی. هەر بۆیە ئاکەپە ناتوانێت تاوانەکانی خۆی بشارێتەوە، کە ماوەی ١٦ ساڵە بە سەپاندنی ئەم سیاسەتە دوژمنایەتیەی دژی ژنان و منداڵان ئەنجامیان دەدات. ناتوانێت بیشارێتەوە کە ڕێگەی لەبەردەم چارەنووسی لەیلا و ئەیلولدا کردووەتەوە. تەنها لە ماوەی باری نائاسایدا و بەو بیانووەوە، ٥٤ ڕێکخراوی ژنان و ڕێکخراوێکی بەرگریکردن لە مافەکانی منداڵان داخراون. ئەمەش ئەنجامی سیاسەتەکانی ئاکەپەیە".

دەبێت چی بکرێت؟

ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە ئاماژەیان بەوەشکردووە "بە تایبەتی ڕێککەوتننامەی پاراستنی مافەکانی منداڵان و ڕێککەوتننامەی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە دژی دەستدرێژیی زایەندی و دادۆشین و چەوسانەوەى منداڵان و ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ کە تورکیا تێیدا بەشدارە و واژۆی خۆی لەسەر داوە، دەبێت بەگوێرەی ئەوانە وەزارەتی بەرگری و پاراستنی مافەکانی منداڵان دروست بکرێت. دەبێت نوێنەر و وتەبێژی ئەو ڕێکخراوانەی ژنان و منداڵان کە لەکاتی باری نائاساییدا داخراون لە دەوروی یەکتر کۆبکرێنەوە و پێشنیار و تێڕوانینیان وەربگیرێت و پاشانیش بە زوویى کۆمسیۆنێکی هەمیشەیی مافەکانی منداڵان دروست بکرێت. دەبێت لەو کۆمسیۆنەدا نوێنەری هەموو پارتە سیاسییەکان بە هاوبەشیی بەشداربن".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى ژنانى هەدەپەدا هاتووە "ئێمە وەک ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە دەڵێین، کە دەبێت تووندوتیژیی و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان وەک پرسێک وەربگیرێت کە لەسەرەوەی تاکە حزبێکەوەیە، بەڵکو بۆ چارەسەری دەبێت بە بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، خەباتی هاوبەش ئەنجام بدرێت".

ر.م