کەژار: خاوەنداریەتی لە دەنگ و ئیرادەی ئازادیخوازی زەینەب جەلالیان بکەین

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لەبارەی دۆخی تەندروستی و ژیانی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە  داوایکرد "خاوەنداریەتی لە دەنگ و ئیرادەی ئازادیخوازی زەینەب جەلالیان بکەین".

کەژار رایگەیاندووە، زەینەب جەلالیان لە زیندان تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا کراوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و ژیانی لە مەترسیدایە و هەروەها لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕێگری کراوە لەوەی کە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و چارەسەری بۆ بکرێت، بێگۆمان ئەم ڤایرۆسەش بووەتە داردەستی سیاسەتی قڕکەری کۆماری ئیسلامی ئێران .

دەقی راگەیاندراوەکەى کەژار بۆ زەینەب جەلالیان

خاوەنداریەتی لە دەنگ و ئیرادەی ئازادیخوازی زەینەب جەلالیان بکەین

وەک دەزانین زیاتر لە مانگێکە زیندانی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان لە زیندانی خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین کە بۆ هەر کەسێک ڕوون و ئاشکرایە زیندانی قەرچەک یەکێکە لەو بەندیخانانە، کە نە لە بواری ئەمنی و نە لە بواری تەندروستی هیچ گەرەنتیەکی نییە بۆ پاراستنی ژیانی زیندانیان بە تایبەت زیندانیانی سیاسی، هەر بۆیەش سیستەمی سەرکوتکەر و چەوسێنەری ئێران بۆ بێدەنگکردن و بە چۆکداهێنانی ئیرادەی سیاسی و ئازادیخوازی، ئەو شوێنەی وەکو تەبعیدگایەک بۆ زیندانیانی سیاسی و بەتایبەتی ژنان بەکار دێنێت و بەتایبەت لەم کاتەدا کە پەتای کۆرۆنا لە تەواوی ئێران بڵاو بووەتەوە و بە هۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ئیران و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتایەکان بۆ هاوڵاتیان و لە هەمان کاتدا لە زیندانەکان هەر دەچێت کۆرۆنا تەشەنە دەکات و بووەتە مەترسییەکی جدی بۆ لە ناو بردنی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران کە بەداخەوە زەینەب جەلالیان تووشی ئەم پەتایە کراوە و لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و ژیانی لە مەترسی دایە و هەروەها لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕێگری کراوە لەوەی کە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و چارەسەری بۆ بکرێت، بێگۆمان ئەم ڤایرۆسەش بووەتە داردەستی سیاسەتی قڕکەری کۆماری ئیسلامی ئێران .

ئێمە دەزانین بە ساڵانە دەوڵەتی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ لە ناو بردنی کەسایەتییە ئازادیخوازەکان لەبەر ئەوەی کە دەزانێت بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی بە درێژای حوکمڕانی خۆی لە سەر گەلانی ئیران و بەتایبەت ژنان سەرکەوتوو نەبووە و لە بەرامبەر ئەو قەیرانانەی لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە هەڵانەدا کە بەرۆکی تەواوی کۆمەڵگای گرتووەتەوە بێ چارە ماوە و ئیدی کۆمەڵگاش بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێت و هەر دەچێت دەنگی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەم دۆخە نالەبارەدا زیاتر دەبێتەوە و بێگومان زەختی دەوڵەتیش لە بەرامبەر ئەم دەنگە ناڕازییەدا زیاتر دەبێت بەتایبەت زیندانیانی سیاسی کە جەستەی خۆیان کردوەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئیرادەی سیاسی گەلان، هەر بۆیەش پێویستە ئیمەش ئەوە باش بزانین ئەو کەسانەی لە بەندیخانەکانی ئێراندان ئیرادەی سیاسی و دەنگی ئازادیخوازی گەلان و بەتایبەتی ژنانن و لەو چوار چێوەیەدا پیویستە ئێمە هەم وەکو گەل و بەتایبەتیش وەکوو ژن  بە هەموو شێوازێک خاوەنداریەتی لە ئیرادەی خۆمان بکەین و بە گیانی تەبایی نەهێڵین ئەو دەنگە ئازادیخوازەکان کپ بکرێتەوە لەبەر ئەوەی هەبوونی ئێمە بەندە بە هەبوونی ئەوانەوە، لێرەدا ئێمە وەکو، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، بانگ لە هەموو هێزە ئازادیخوازەکان، کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی ژنان و کەسانی خاوەن ویژدان دەکەین، کە بیدەنگ نەبن لە بەرامبەر دۆخی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئیران بەتایبەتیش ڕەوشی زینەب جەلالیان، چونکە بێدەنگی دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی زیندانیانی دیکە .

ژ.ت