بایک: ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری دۆخی رێبەرەکەمان نین

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، لەبارەی دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان نییە و وتی، "بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری لەسەر رێبەرایەتی و مسۆگەرکردنی ئازادییان، دەبێت تێکۆشان بەهێزتر بکرێت".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداری "بەرنامەی تایبەت" لە کەناڵی ئاسمانیی  ستێرک تیڤی بوو و لەبارەی بارودۆخی رۆژەوە شیکاریی گرنگی کرد. لە بەشی سەرەتای بەرنامەکەدا بایک لەبارەی دۆخی تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، جەژنی نەورۆز، کە لەلایەن ملیۆنەها کەسەوە پیرۆز کرا و بەرخودانی گارە قسەی کرد.

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە:

- دوای بەرخودانی مێژووی گارە لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە زانیارییەک بڵاوکرایەوە. عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٣ ساڵە لە گۆشەگیریدایە، ئێوە چی لەبارەی بانگەشەکان لەسەر دۆخی تەندروستیی ئۆجالان دەڵێن؟

 - پێش ئەوەى وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە دەمەوێت بڵێم، گەلەکەمان و دۆستەکانمان لە چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی جەماوەری نەورۆزیان پیرۆز کرد و رژانە گۆڕەپانەکانی نەورۆز، بە جۆش و خرۆش و ئازایانە بڕیاری بەشداریکردن لە نەورۆزیان دا. ئامانج و داواکانی خۆیان لە هەموو گۆڕەپانەکان هێنایە زمان. پێداگرییان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەکرد. بەو بۆنەیەوە من جارێکیتر هەموو گەلی کوردستان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەم و سڵاو و خۆشەویستیی خۆمیان بۆ دەنێرم.

وەک دەزانرێت لە دژی رێبەر ئاپۆ سیاسەتێک بەڕێوەدەچێت. ئەو سیاسەتە تەنها هی دەوڵەتی تورکی فاشیست نییە، ئەو سیاسەتە لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکانیشەوە بەڕێوەدەچێت. دەوڵەتی تورک پاسەوانی ئەو سیاسەتەیە. ئەو سیاسەتە، سیاسەتی پاکتاوکردنی گەلی کوردستانە. لە جیهاندا لە دژی رێبەری هیچ گەلێک سیاسەتێکی لەو شێوەیە بەڕێوەنەچووە. لە دژی رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد سیاسەتێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت.

رەنگە لە مێژوودا لە دژی هەندێک لە لیدەرەکان سیاسەتی دەروونی و سایکۆلۆژی بەڕێوەبرابێت، بەڵام هەرگیز بە ئەندازەی ئەو سیاسەتە نییە، کە لە دژی رێبەر ئاپۆ و گەلی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە ئیمراڵی هەموو رۆژێک و هەموو سعاتێک شەڕێکی دەروونی و سایکۆلۆژی بەڕێوەدەچێت. رێبەر ئاپۆ گەلی کوردی لە مردن و توانەوە گەڕاندەوە و سەرلەنوێ ژیاندییەوە، لەبەر ئەوەیە سیاسەتێکی لەو شێوەیە لە دژی بەڕێوەدەبەن. رێبەر ئاپۆ لە هەمان کاتدا کوری ئازادی ئافراند، ژیانێکی ئازادی بۆ گەلی کوردستان ئافراند، لەبەر ئەوانەیە تۆڵە لە رێبەر ئاپۆ دەکەنەوە.

هێزە نێونەتەوەییەکان لەو دۆخەى ئێستا بەرپرسیارن

لەبارەی رێبەر ئاپۆوە، بابەت چی دەبێت با ببێت بۆ ئێمە جدییە، بۆ گەل جدییە، چونکە دەوڵەتێکی وەها لە بەرامبەرماندایە، کە لە دژدی کوردستان و گەلی کوردستان سیاسەتی پاکتاوکردن بەڕێوەدەبات. لەلایەکی ترەوەش رێبەر ئاپۆ هەیە. بۆ کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی بەڕێوەدەبات. بۆیە هەر زانیاریەک لەبارەی دۆخی رێبەر ئاپۆ بڵاوبکرێتەوە بە جدی سەیر دەکرێت.

دەوڵەتێک، کە لە دژی گەلی کورد سیاسەتی پاکتاوکردن بەڕێوەدەبات، دەتوانێت هەموو شتێک بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ ئەنجام بدات. کاتێک مرۆڤ لێکۆلینەوە لە مێژووی دەوڵەتی تورک دەکات ئەوەی بۆ دەردەکەوێت. زۆرێک لە گەلانیان سڕیوەتەوە و لە ناویان بردوون. هەروەها بۆ دەسەڵاتی خۆیان برای خۆیان کوشتوە. بۆ ئەوەش هەموو شتێک لە دەوڵەتی تورک دەوەشێتەوە. ئەگەر گەلی کوردستان، دۆستانمان و بزووتنەوەکەمان هەر زانیارییەک بە جدی وەردەگرن، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. نەک تەنها دەوڵەتی تورک، نەک تەنها دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە، بەڵکو هێزە نێونەتەوەییەکان، کە سیستمی ئیمراڵییان دروستکردووە، لەو دۆخە بەرپرسیارن. ئەنجوومەنی ئەوروپا، سی پی تی، ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل، کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان ئەنجامدا و هەموو ئەو هێزانەى پشتیوانییان لێکردن و لێیان دەکەن، لەو سیاسەتە بەرپرسیارن.

گەلەکەمان سیاسەت لە دژی رێبەر ئاپۆ و خۆی قبوڵ ناکات. لە نەورۆزیشدا ئەوەی بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا خستەڕوو. ئەوە زۆر گرنگە. بۆ ئەوەى گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ کۆتایی پێ بێت و ئازادیی جەستەییان مسۆگەر ببێت، دەبێت گەلەکەمان و دۆستانمان تێکۆشان گەورەتر بکەن.

- دوای بانگەشەکان لەسەر دۆخی تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان و گۆڕەپانەکان. ئێوە ئەو خاوەنداریکردن و پشتیوانیکردنە چۆن دەبینین؟ بەپێی زانیارییەکان، لە رێگەى تەلەفونەوە قسە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دا کراوە، بەڵام تەلەفونەکە پچڕاوە، ئێوە بۆ ئەوە چی دەڵێن؟

دوای ئەوەى چالاکییەکان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ زیادیان کرد، دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوەى تەنگاو بوو بوو، تاکتیکێکی جیای گرتەبەر. بۆ نمونە کاتێک رێگا بە چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دەدات، ئەوە هەمووی تاکتیکە. بۆ شەڕی دەروونی و تایبەت ئەو تاکتیکانە بەڕێوەدەبەن. تێکۆشان دەکرێت، ئەوان ناچار دەبن، کە رێگا بە چاوپێکەتن بدەن. ئەگەر تێکۆشان نەبێت نە برای رێبەرایەتی و نە پارێزەرەکانیش ناتوانن بڕۆن چاویان پێی بکەوێت. هەر کاتێک تەنگاو دەبن بە چاوپێکەوتن یان پەیوەندیی تەلەفونی دەیانەوێت گەل فریو بدەن و شەڕی تایبەت لەدژی رێبەر ئاپۆ و گەلی کوردستان درێژ پێبدەن.

ئێشتاش دەڵێن، بە تەلەفون قسەیان کردووە. لەبەر ئەوەی کە رێبەر ئاپۆ باسی لە سیاسەتی ناحقوقی و بێ مافیی ئیمراڵی کرد پەیوەندییە تەلەفونەکەیان پچڕاند. گەلەکەشمان دەڵێت، جگە لە ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ هیچی تر قبوڵ ناکەن و ئەوەش داوا و کارە راستەکەیە، چونکە دەزانن رێبەر ئاپۆ بۆ گەلەکەمان چ مانایەکی هەیە. تاوەکو ئێستا چیی دەستکەوتووە، لە سایەی رێبەرایەیتدا بەدەستهێناوە. مرۆڤایەتی ئەمڕۆ خاوەنداری و پشتیوانی لە رێبەر ئاپۆ دەکات و بە لیدەری خۆیانی دەزانن. گەلی کوردیش بە پێشەنگی خۆیان دەزانن و کردوویانەتە نمونە. ئەوەی ئەمەى پێکهێناوە رێبەرایەتییە. سیاسەتی پاکتاوکردن لە دژی رێبەرایەتی بەڕێوەدەچێت، هەم گەلی کورد و هەم دۆستانمان بە باشی لەو سیاسەتە تێدەگەن.

لەبەر ئەوەشە لە دژی ئەو سیاسەتە رژانە گۆڕەپانەکان و پێداگری لە ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی دەکەن. تەنها نایانەوێت گۆشەگیریی کۆتایی پێ بێت، چونکە دەزانن تاوەکو رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت سیاسەتی پاکتاوکردن لە دژی کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بەردەوامیی دەبێت. لەبەر ئەوەى لەوە تێدەگەن، داوای ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی دەکەن.

گەلی کوردستان و دۆستەکانمان لە نەورۆدا خاوەندارییان لە رێبەرایەتی کرد

رێبەرایەتی وتبووی، 'ئێوە چی دەکەن بۆ خۆتانی بکەن، بۆ منی نەکەن. ئەگەر ئێوە بۆ خۆتان شتێک بکەن ئەو کاتە من لەم زیندانەدا نامێنم. ئەگەر لە ئیمراڵی سیاسەتی پاکتاوکردن بەڕێوەدەچێت، هۆکارەکەى ئێوەن، چونکە من ئەو کار و رەفتارانەی دژ بە ئێوە دەکران قبوڵم نەکردن و خاوەنداریم لە ئێوە کرد، ئێوەم هەستانە سەر پێ، کردمن بە گەلێکی نمونەیی لە جیهاندا و لەبەر ئەوەیە تۆڵە لە من دەکەنەوە. ئەگەر لە ئیمراڵی لە دژی من سیاسەتی پاکتاوکردن بەڕێوەدەچێت، هۆکارەکەى ئەوەیە. ئەگەر ئێوە دەتانەوێت کۆتایی پێ بێت دەبێت ئێوە خاوەنداری لە خۆتان بکەن. بۆ دیموکراسی و ئازادیی خۆتان تێکۆشان گەورەتر بکەن. ئێوە تێکۆشان گەورە بکەن ئەو کاتە ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییە کۆتایی پێدێت'.

دەبێت گەلی کورد و دۆستەکانی گەلی کورد ئەوە بۆخۆیان بکەنە بنەما. لە نەورۆزدا بە بەهێزی خاوەندارییان لە رێبەر ئاپۆ کرد. ئازایانە و بە بڕیارەوە خاوەندارییان کرد و رایانگەیاند، کە جگە لە ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی هیچی دیکە قبوڵ ناکەن. پێداگری لەسەر ئەوە زۆر باشە، بەڵام دەبێت چالاکییەکان بەردەوامییان هەبێت. یانی دەبێت نەوترێت، ئێمە ئەوەمان هێنایە زمان، دونیا ئەوەى بینی، ئەوە بەسە. راستە لە نەورۆزدا هەڵمەتێکی مێژوویی پێکهات، بەڵام دەبێت ئێمە بەهێزی بکەین و سەریبخەین.

بزووتنەوەکەمان دەستی بە هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" کرد. ٨ی ئادار، گارە و نەورۆز هەنگاوی گرنگی ئەو هەڵمەتە بوون. لە ئێستا بە دواوەش گرینگە ئەو هەڵمەتە بەهێز بکرێت و دەبێت سەربخرێت. ئەوەى لە گەلەکەمان و دۆستەکانمان چاوەڕێ دەکرێت، ئەوەیە.

- ئێوە وتتان، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەتێکۆشانی خۆی گەلێکی ئافراندووە، کە لە جیهاندا بووەتە خاوەنی رێز و حورمەت. ئەو پەیامە گەلی کورد و دۆستەکانیان لە نەورۆزدا دایان، دەبێت چۆن خوێندنەوەى بۆ بکرێت؟

لە نەورۆزدا پەیامێکی زۆر بڵاوکرایەوە. گرنگترینیشیان ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی بوو. هەروەها پەیامێکی تر، کە گەلی کوردستان بە تایبەتی گەلی کورد بڵاویکردەوە، ئەوە بوو، کە هەموویان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خۆڕاگری و بەرەنگاری دەکەن، ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییە قبوڵ ناکەن و دەبێت بە شێوەیەکی ئازاد بژین. دووبارەیان کردەوە، کە جگە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک ژیانێکی تر قبوڵ ناکەن، دەوڵەتی تورک چی دەکات با بیکات بە دڵنیاییەوە سیاسەتی پاکتاوکردن رەتدەکەنەوە و دەوڵەت هەرگیز ناتوانێت ئیرادەیان تێکبشکێنێت. وتیان، 'یان ئێمە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ بە شێوەی ئازاد دەژین، یان ئێمە ئەم ژیانە کۆیلەدارییە، کە ئێوە دەیسەپێنن قبوڵی ناکەین. لە هەموو هەلومەرجەکاندا ئێمە تێدەکۆشین'.

ئەو پەیامەى گەل لە نەورۆزدا دای، تەنها بۆ دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا پەیامیان بەو کوردە خائینانە دا، کە لەگەڵ ئەوان دەجوڵێنەوە، ئەوانەى دەیانەوێت لە دەرەوەی رێبەرایەتی و پەکەکە هەنگاو بنرێت، هەروەها  پەیامیان دایە هێزە نێونەتەوەییەکان، کە دەلێن 'پەکەکە، ئۆجالان، گەریلا کۆتاییان پێهاتووە، هێزی نەماوە'. ئەو پەیامەش زۆر بەهێز بوو. گەلەکەمان لە پەیامەکەی خۆیدا وتی، 'لە دەرەوەی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە هیچ هەنگاوێک نانرێت. ئێوە چی دەکەن بیکەن، ئێوە ناتوانن ئەنجام بە دەست بهێنن. چارەسەری رێبەر ئاپۆ و پەکەکەیە. جگە لەوە رێگایەکی تر نییە. لەبەر ئەوەش سیاسەتی ئێوە داڕزاوە، دەبێت ئێوە دەست لەو سیاسەتە هەڵگرن. ئیرادە، رێبەرایەتی و داواکانی ئەم گەلە قبوڵ بکەن'.

- لە هەموو نەورۆزەکاندا پەیامی زۆر گرنگ دەدرێن، ئێوە لەسەر مێژوو و گرنگیی نەورۆز  چی دەڵێن؟

لە مێژوودا نەورۆز هەڵگری واتایەکی زۆر گرنگە. هەستانەوەیە لە دژی زوڵم و ناهەقی، ژیان بە شێوەیەکی ئازاد و پیکەوە واتای نەورۆزە. بۆ گەلی کورد واتای نەورۆز هەندێکیتر جیاوازە. راستە نەورۆز تەنها هی کورد نییە، جەژنی زۆرێک لە گەلانە، بەڵام لە بنەڕەتدا و بە شێوەی سەرەکی جەژنی کوردانە. چونکە ئەوەى پێشەنگایەتیی بۆ بەرخودان لە دژی زوڵم کردووە کورد بووە. بە هاوپەیمانی لەگەڵ گەلان کۆتاییان بە زوڵم هێنا و کارێکیان کرد، کە هەموان ئازاد بن. لەبەر ئەوەش ئەوانەی دەیانەوێت کورد بسڕنەوە و لە ناوی ببەن، دەیانەوێت نەورۆزیش لە ناوببەن.

بۆ ئەوەی گەلی کورد رۆحی نەورۆز لە دەست بدات زۆر شتیان کردووە. کەمێکی مابوو لە سیاسەتەکەیاندا سەربکەون، هەروەها لەناو کورداندا هەندێک مابوو، کە نەورۆز لە بیر بچێتەوە. رێبەر ئاپۆ ئەوەى بینی. لەبەر ئەوەش ئەگەر تۆ دەتەوێت گەلێک بسڕیتەوە و لەناوی ببەیت دەبێت سەرەتا کولتوری ئەو گەلە لە ناو ببەیت. کولتوری گەلی کوردیش نەورۆز بوو. گەل خاوەنداریی لە داستانەکەى خۆی کرد.

گەلی کوردیش داستانی خۆی هەیە. کاوەی ئاسنگەر لە دژی زوڵمی زوحاک لەگەڵ گەلانی تر هاوپەیمانیی دروستکرد و گەلی ئازاد کرد. ئەگەر تۆ دەتەوێت گەلێک هەستێنیتەوە سەر پێ دەبێت تۆ مێژوو و داستانی ئەو گەلە بکەیتە بنەما. رێبەر ئاپۆ زۆر بە باشی لەوە تێگەیشتبوو، چوکە ئەنجامی لە مێژوو بە دەستهێنابوو، لەسەر ئەو بنەمایانە بناغەى پەکەکەى لە نەورۆزدا دانا و گەلێک کە لە لێواری مردندا بوو لە مردن رزگاری کرد. بۆیە رێبەرایەتی دەڵێت، 'مێژوو لە رۆژگاری ئێمەدایە، ئێمەش لە سەرەتای مێژوودا شاردراوینەتەوە'. رێبەر ئاپۆ مێژووی گەلی کوردی بۆ خۆی کردە بنەما. ئەگەر ئێوە ئەوە نەکەن ناتوانن گەلێک هەستێنەوە سەر پێ. ئەگەر گەلی کورد ئەمڕۆ لە ٤ پارچەى کوردستان لە دژی زوڵم و گوشارەکان لە هەموو هەلومەرجێکدا تێکۆشانی ئازادی بەڕێوە دەبات، هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دڵسۆزی ئەو راستییەیە.

مەزلۆمەکان بەهایان بۆ رۆحی نەورۆز زیادکرد

رێبەر ئاپۆ پەکەکەی دامەزراند و بەم شێوەیە، مێژووی گەیاندە ئەم سەردەمە. پەکەکە بە رۆحی نەورۆز دامەزرا. بەم رۆحە تێکۆشانی بەهێز کرد و گەیاندیە ئەم سەردەمە. دواتر مەزلۆم دۆغان، زەکیە ئالکان، رەخشان، بێریڤان، رۆناهی، سەما، ناڤدار، سەرهەد، سینان، شیار و ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵانمان بەها و نرخیان بۆ نەورۆز زیاد کرد. هەمووان وتیان، 'پێویستە ئێمە نەورۆز گەش بکەین'. چالاکیەکانیان لەسەر ئەم بناغەیە ئەنجامدا. نەورۆزیان کردە رۆژی بەرخۆدان. ئەم دۆخە بۆ تێکۆشانی گەلی کورد و تێکۆشەرانی دیموکراسی و ئازادی، گرنگی نەورۆز زیاتر کرد. نەورۆز لە سەر بناغەی ئەم رۆحە ئەمڕۆ پیرۆز دەکرێت.

لەبەرئەمەش لە چوار پارچەی کوردستان گەلەکەمان بە بەهێزی و بە خۆشەوە بەشداری لە نەورۆزدا کرد و داواکاریەکانی خستەڕوو. نەورۆز بۆ گەلی کورد بە واتای پیشاندانی ئیرادەی خۆی دێت. لە هەموو نەورۆزەکان ئەمە پیشاندرا. پەیامی 'بەپێی داواکاریەکانمان لەگەڵماندا بجووڵێنەوە'یان بە جیهاندا. دەڵێن ئەمە هەڵوێستمانە و جگە لە ئەوە قبوڵ ناکرێت. بۆ گەلی کورد ئیدی واتای سنورەکان و پارچەکان نەماوە. لەبەرئەوەی گەلی کورد بە تێکۆشانی خۆی، هەروەها لەم نەورۆزەدا رایگەیاند کە ئەو نەتەوەیەکە. پارچە پارچە و جیاواز نییە. هەروەها لەگەڵ ئەوەی داگیرکەران هەوڵ دەدەن کورد بەرانبەر یەکتری بە شەرکردن بدەن، بەڵام دەریخست کە ئەم گەلە ئیدی پارچە نابێت و ئەم گەلە بووەتەوە بە یەک.

لەدژی فاشیزمی دەوڵەتی تورک گەلی کورد تێکۆشانێکی گرنگ بەرێوەدەبات. دەوڵەتی تورک لەبەرانبەر گەنجان و ژنانی کورد سیاسەتی قێزەون بەڕێوە دەبات. هەوڵ دەدات لەناو کۆمەڵگادا سیخوڕی، نائەخلاقی و مادەی هۆشبەر بڵاو بکاتەوە. بۆ ئەوەی گەل بتوانێت خۆی بپارێزێت پێویستە چی بکات، لەم بارەیەوە ڕای ئێوە چییە و چی دەڵێن؟

دەوڵەتی تورک لەدژی تەڤگەری ئێمە، تەسفیە و لەدژی گەلەکەمان قڕکردن بەڕێوەدەبات. بۆ ئەمەش زۆر هەنگاوینا. هەموو هێزی خۆی بەکارهێنا و ویستی ئەنجام بەدەست بهێنێت. لەبەرئەوەی دەزانن، تاوەکو پەکەکە تەسفیە نەکەن، ناتوانن گەلی کورد و هێزە دیموکراتەکان کە لەدژی فاشیزم دەوەستنەوە، لەناو ببەن. بۆیەش هەموو هێز و دەرفەتی خۆیان بەکارهێنا و دەیانەوێت کورد و کوردستان لەناو ببەن. بە ئەنجامدانی ئەمەش دەیانەوێت لەسەر دەسەڵات بمێننەوە. لەبەرئەوەی دەزانن، ئەگەر گەلی کورد لەناونەبەن ناتوانن لەسەر دەسەڵات بمێننەوە.

لە تورکیا یاسای مانەوە لەسەر دەسەڵات لەسەر بناغەی دوژمنایەتی کورد و دوژمنایەتی گەلان بنیاتنراوە. ئەوانەی ئەم سیاسەتە قبوڵ ناکەن، یان قبوڵ دەکەن، بەڵام ناتوانن جێبەجێی بکەن، یان جێبەجێ دەکەن و ناتوانن سەربکەون، ناتوانن لەسەر دەسەڵات بمێننەوە. ئاکەپە و مەهەپە ئەمە باش دەزانن. بۆیەش بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگاییبوون دووربخەنەوە، هەرچیەکیان لەدەست دێت دەیکەن. لەدژی پەکەکە و کۆمەڵگای کوردی سیاسەتی دڕندانە بەڕێوەدەبەن و هۆکارەکە ئەمەیە.

ئێستا ژمارەیەک دایک، چەند خانەوادەیەک بە زۆر بۆ بەردەم باڵەخانەی هەدەپە لە ئامەد براون. هەڕەشەیان لیدەکەن و دەڵێن، ' ئەگەر ئێوە نەچنە بەردەم دەرگای هەدەپە و بانگ لە منداڵەکانتان نەکەن، دەستگیرتان دەکەین، دەتانخەینە زیندان، لە کارەکانتان دەردەکرێن، هەروەها دەتانکوژین. بۆ ئەوەش پێویستە داواکاریەکانمان قبوڵ بکەن. ئەو کاتە کارتان پێدەدەین، پارتەکان پێدەدەین، خاوەنداریتان لێدەکەین. بەم شێوەیە سیاسەتێکی قێزەون بەڕێوەدەبەن.

کوردستانیان بۆ زیندانێکی سەرکراوە گۆڕیوە

هەروەها قوڕساییان خستووەتە سەر کاری سیخوڕی. سەرەتا فشاری لەسەر خانەوادەی گەریلا، زیندانیان و خانەوادەی شەهیدان دروست دەکەن. هێرش دەکەنە سەر خانەوادەی وڵاتپارێز و رەنجدەران. هێرش دەکەنە سەریان و دەڵێن، 'یان پیویستە سیخوڕیمان بۆ بکەن، یان رێگە نادەین ئێوە بژین. دەستگیرتان دەکەین، برسیتان دەهێڵینەوە، ژیانتان لێ حەرام دەکەن'. کاری نائەخلاقی دەکەن. سەرباز و پۆلیس، کارمەندانی خۆیان لەدژی ژنان و کچانی کورد بەکاردەهێنن.

بێئەخلاقی دەسەپێنن. هەروەها هێروئین و دزی و برسیبوون دەسەپێنن. لەدژی کورد بە هەموو شێوەیەک فشار دروست دەکەن. دەست بەسەر دەستکەوتەکانی کورددا دەگرن کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستیان هێناوە. هەڵبژێردراوەکان دەستگیردەکەن و سزای سەدان ساڵیان بەسەردا دەسەپێنن. دەزگا کوردیەکان دادەخەن. چیاکانی کوردستان بۆمبەباران دەکەن، بەنداو دروست دەکەن، جۆگرافیا دەشێوێنن و دەسووتێنن. کوردستانیان کردووەتە زیندانێکی سەرکراوە. ژیان لە کوردستان بە تایبەتی بۆ کورد حەرامکراوە. دەڵێن، 'یان تەسلیم دەبن و خزمەتمان دەکەن، یان رێگە نادەن ئێوە بژین'. بەم شێوەیە سیاسەتێکی قێزەون بەڕێوەدەبەن. لە جیهان زۆر دەسەڵاتدارهەیە کە خەڵك دەستگیر دەکەن، بەڵام لە هیچ وڵاتێک بە ئەندازەی کوردستان گرتن نییە. بە هەزاران مرۆب لە زیندانەکاندان. لەدژی گەلی کورد فشار و سیاسەتی تاڵان بەڕێوەدەبن. دەست بە سەر ماڵ و موڵی گەلی کورددا دەگرن. داگیرکەر بە پشتگیری مۆدێرنیتەی کاپیتالیست و کوردانی خایینو نۆکەر، دەیانەوێت ئەو کوردانەی کە سەریان لەبەرانبەریان دانانەوێنن، لەناوببەن و ئەمەش ناشارنەوە.

لە هەموو جیهان گەل بە ناسنامە، زمان و کەلتوری خۆی دەژی. بەڵام ناسنامەی کوردیش قبوڵ ناکرێت. کێ بڵێ من کوردم دەیگرن یان دەیکوژن. دەیانەوێت کورد بە تەواوی لەناوببەن. گەلی کورد ئەم سیاسەتە قبوڵ ناکات، هیچ کاتێکیش قبوڵی نەکردووە. لەبەرانبەر ئەم سیاسەتە دەوەستێتەوە. لە نەورۆزدا ئەمەی لە هەموو جیگایەک پیشاندا. ئەم پەیامەی بە هەموو کەسێکدا، 'ئێوە ناتوانن تەسلیمان بکەن، ئێمە ژیانێکی کۆیلایەتی هیچ کاتێک قبوڵ ناکەین. ئێمە بە ڕێبەری خۆمان بە شێوەیەکی ئازاد دەژین'.

ئەوانەی لە هەموو کەسێک زیاتر بەرگری لە جەژنی نەورۆز دەکەن گەریلاکانی کوردستانن. لە چیاکان نەورۆز بە جۆش و خڕۆشەوە پیرزۆکرا. واتە و پەیامی ئەم ئاهەنگانە چییە؟

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵیدا لە گارە پلانێکی گەورە جێبەجێ بکات. ویستی گورزێکی گەورە لە پەکەکە بدار و سیاسەتی قڕککردن لە کوردستان سەربکەوێت. بەڵام لە گارە گورزێکی گەورەی خوار و تێکشکا. ئەو گورزەی کە لە گارە بەریکەوت، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەی هەژاند. ئەردۆغان ناچار بوو بڵێ، 'ئەنجاممان بەدەست نەهێنا، بەڵام بەرپرسیار من نیم، دەوڵەتە'. واتە ویستی بەرپرسیاری شکستەکە بخاتە ئەستوی هەندێک کەسی دیکە. بەڵام ئەوەی بریاری هێرشەکەیدا ئەردۆغان و باخچەلی بوون. بەرپرسیاری شکستەکە ئەو دووانەن. ناتوانن هەڵبێن. ویستیان ئۆپۆزسیۆنیش بکەنە هاوبەشی شکستەکە.

سەرەتا ئۆپۆزسیۆن نەبووە هاوبەشیان. لەبەرئەوەی زانییان شکستێکی گەورەیە. لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆن نەبووە هابەش، ئەمەش کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر ئەردۆغان و باخچەلی دروست کرد. داستانی گارە نە تەنها کاریگەری لەسەر ئەوان کرد، هەروەها کاریگەری لەسەر ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش کرد. بۆیەش یەکەمجار بوو کە بە بوێری لەبەرانبەر ئەردۆغان وەستانەوە. بەرخۆدانی گارە کاریگەری لەسەر گەلەکەمان، گەللانی تورکیا، پارچەکانی دیکەی کوردستان دروست کرد، ئەو ترسەی کە دەوڵەتی تورک لەناو دڵی گەلدا دروستی کردبووە، لەناوچوو.

هەروەها بەرخۆدانی گارە گورزێکی گەورەی لە هیزەکاندا. دەوڵەتی فاشیستی تورک ئێوارە بانگەشەی دەکرد و دەیگوت: 'نازانم چەند گەریلایان کوشتوە، کۆتاییان پێهات، هەروەها کاتێشیان دیاری دەکرد و دەیانگوت، کاریگەری ئۆجالان لەسەر پارتەکە نەماوە، پەکەکە هێزی نەماوە. ئەم بانگەشەیە کاریگەری لەسەر هەندێک کەس دروست کرد. دوودڵ بوون: دەیانگوت ئایا راستە یان نە. بەرخۆدانی گارە گورزی لە سیاسەتی ئەواندا. هەموو کەسێک هێزی رێبەر ئاپۆ و پەکەکەی بینی. لە نەورۆزدا ئەوە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا دەرکەوت.  واتە بە تەواوی سیاسەتێکی درۆ بەڕێوەدەبەن. ئەمە ئاشکرایە.

بەرخۆدانی گارە کاریگەریەکی زۆری لەسەر گەلی باشوور کرد

بە تایبەتی لەناو سیاسەتی باشوور ترسێک لەبەرانبەر تورک هەبوو. دەیانگوت: کەس ناتوانێت لەبەرانبەر تورک بوەستێتەوە. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک لە ناوخۆ و دەرەوەدا زۆر شتی کردبوو. بەڵام بەرخۆدانی گارە ئەو ترسەی شکاند. لەناو گەلی باشووردا ترسێکی بەم شێوەیە نەبوو، ویستی سیاستەتئ باشوور لە بەرانبەر دەوڵەتی تورک بوەستێتەوە. هەم بەرخۆدانی گارە، هەم ٨ی ئازار و نەورۆز کاریگەریەکی گەورەی لەسەر گەلەکەمان لە باشوور دروست کرد.

لە باکوور هەندێک هێز و لایەن کەوتنە ژێر کاریگەری بانگەشەکانی ئاکەپە. وایاندەزانی پەکەکە لاواز بووە و لە دەرەوەی پەکەکە و رێبەر ئاپۆ دەتوانن چارەسەریەک بدۆزنەوە. هەندێک حسابی بەم شێوەیە کرا. بەڵام ئەوانیش گورزی گەورەیان بەرکەوت. بینییان کە ئەوەی خەیاڵیان دەکرد، نابێتە راستی. لەبەرئەوەی رێبەر ئاپۆ، پەکەکە، گەریلا و گەل بووەتە یەک مشتەکۆڵە. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی گەل پێکەوە گرێدراوە. جارێکیتر بینییان کە گەلی کوردستان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلایە. بۆیەش ئەوانەی کە دەیانەوێت سیاسەتێک لەگەڵ دەوڵەتی تورک بەڕێوەببەن، گورزێکی گەورەیان بەرکەوت.

هەندێک هێزی نێونەتەوەیی وتیان، 'بۆ کورد بۆچی نێوانی خۆمان لەگەڵ ئاکەپە تێک بدەین'. پشتگیریان لە ئاکەپە کرد. ئاکەپە چی کرد، ئەوانی پشتگوێخست. لەبەرئەوەی وایاندەزانی جێگرەوەی ئاکەپە نییە. بەڵام لە ٨ی ئازاردا، لە گارە، لە نەورۆزدا، بینییان کە جێگرەوە هەیە. بۆیەش لەمبڕوایەدام کە نەورۆز کاریگەری لەو هێزانە کرد. ناتوانن وەک پێشوو لەگەڵ رێبەرتی، پەکەکە و گەلی کورد بجوولێنەوە. لەبەرئەوەی گەلی کورد پەیامێکی ئاشکرایدا.

لەگەڵ بەرخۆدانی گارە سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد

بەرخۆدانی گارە سەردەمێکی نوێی لەگەڵ خۆی هێنا. بەم پێیەش ٨ی ئازار تەڤگەری ژنان هەنگاوێکینا، لە نەورۆزدا هەنگاوەکە گەیشتە ئاستێکی جیاواز و قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد. جارێکیتر ئاشکرا بوو کە گەریکا نەبێت، دیموکراسی و ئازادیش نابێت. لەبەرئەوەش کە گەریکا لە هەموو دۆخێکدا هیزی دیموکراسی و ئازادیە. هەم بۆ کۆمەڵگا ژیردەستەکان و هەم بۆ هێزە دیموکراتەکان، گارە وایکرد کە ئەمە جارێکیتر ببینرێت.

بە تایبەتی ئەو هێزە دیموکرات و ئازادیخوازانەی تورکیا کە لەدژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە تێدەکۆشن، بینییان کە ئەم تێکۆشانە بێ رێبەر ئاپۆ، پەکەکە، گەریلا و گەلی کورد نابێت. تێکۆشان لەلایەک، بەڵام ئەگەر رێبەر ئاپۆ، گەریلا و پەکەکە کورد نەبن، گورزی گەورەیان بەردەکەوێت، ناتوانن زیندوو بمێننەوە. ئەمەش بە بەرخۆدانی گارە و نەورۆز ئاشکرا بوو. بۆیەش لە نەورۆزدا هەم بۆ گەلی کورد، هەم بۆ تەڤگەرەکەمان سەردەمێکی نوێ دەستیپێکرد. لەبەرئەوەش پیویستە ئێمە هەنگاوی 'کاتی ئازادیە' بەهێز بکەین.

پێویستە ئێمە ئەم بەرخۆدانە مێژووییەی گەریلا لە گارە و شەهیدبوون باش تێبگەین. پێویستە باش لە هەر هەڤاڵێک کە شەهید دەبێت بگەین. لەبەرئەوەی کە ئەوە هەم بۆ گەلەکەمان و هەم بۆ مرۆڤایەتی بەهایەکی زۆر گەورەیە. ئێمە هەرچەندێک بتوانین لە ئەوان تێبگەین، زوتر دەتوانین ئامانجەکانیان بەرەو سەرکەوتن ببەین.

ژ.ت / ف.ق