چفتی یورەک: بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت

پەڕلەمانتاری بازنەی وانی دەم پارتی سینان چفتی یورەک ئاماژەی بەوەدا بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت.

دوای چاوپێکەوتنەکەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، کە بووەتە ڕووداوێکی گرنگ لەسەر ئاستی هەموو تورکیا و ڕۆژڤەکان. هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئاشتییەکی هەمیشەیی پێویستی بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. لەمەڕ ئەو مژارە پەڕلەمانتاری وانی دەم پارتی سینان چفتی یورەک بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و وتی: "سیاسەتی کورد، گەل و ژنانی کورد بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و پێکهێنانی چاوپێکەوتن هەموو کاتێک لە خەباتدا بوون. بەتایبەت لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی لەگەڵ دۆستانی گەلماندا ئەو کارەیان کرد. وە سوربوون لەو خەباتە لەمەڕ کۆتایهێنان لەو ناحەقی و نایاساییە. ئێمە باسی مافێکی یاسایی دەکەین کە دەستبەسەرکراوە. لە ئێستا بەدواوە بۆ ئەوەی بنەماڵە و پارێزەران بە تەندروستانە چاوپێکەوتن  و نێرینی بەڕیز ئۆجالان بە ڕای گشتی بگەیەنن، دەبێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی گۆشەگیری لا ببرێت. پێویستە ئیدی دەسەڵاتداری بە شێوەی مەرامی سیاسی و تاکتیکی لەم مژارە نەڕوانن."

'دەبێت بەڕێز ئۆجالان بتوانێت بە یاسایی و تەندروستانە چاوی بە پارێزەرانی بکەوێت'

لە بەردەوامیدا چفتی یورەک سەرنجی خستەسەر پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە وتبووی "گەر بارودۆخ بڕەخسێنردرێت خاوەنی ئەو هێزەم کە قۆناغەکە لە زەمینەی شەڕەوە وەرچەرخێنمە سەر زەمینەی سیاسی و یاسایی". ئاماژەی بە گرنگی پەیامەکە کرد و ئەمەی وت: "بێگومان ئەوەی بەڕێز ئۆجالان وتوویەتی گرنگە، بەڵام پێویستە بۆ ئەوەی پێشنیار و نێرینی وی بەتەواوی ڕابگەیەنرێت دەبێت پارێزەر بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەشداری چاوپێکەوتنەکان ببێت. مەبەست لە وتنی 'گەر بارودۆخ بڕەخسێنردرێت' چییە؟ مەبەست لە 'گەر بارودۆخ بۆ دەوڵەت و کوردان بڕەخسێندرێت' چییە؟ دەبێت چی بکرێت؟ لە مەسەلەی کورددا دەبێت دەوڵەت کام هەنگاو بگرێتەبەر کە لە نێو بازنە جیاوازە سیاسییەکاندا وەڵامی خۆی هەبێت و بەڕێز ئۆجالان لە نێو ئەو بارودۆخەدا بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە وەربگیرێت، دەبێت بەڕێز ئۆجالان بتوانێ نێرینی خۆی بڵاو و هاوبەش بکات."

'ئازادی جەستەیی بەڕیز ئۆجالان مەرجێکی سەرەکی پڕۆسەکەیە'

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا و بە گرنگییەوە باسی لە پێویستی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کرد و دەستنیشانیکرد بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی ئەرێنیانە بەردەوام بێت پێویستە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ فەراهەم بکرێت.