گەلی شەنگال لەدژی پلانی تەسفیەکردن رێپیوانیان ئەنجامدا

هەزاران هاوڵاتیی شەنگال لەدژی ڕێککەوتنی بەغدا-هەولێر و پلانی پاکتاوی خۆبەڕێوبەریی و هێزەکانی پاراستنی ئێزدخان دەستیان بە ڕێپێوان کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە و ناسینی پێگەی خۆبەڕێوبەریی بۆ ئێزدییەکان دەکەن.

حکومەتی فدراڵی عێراق بە سەرۆکایەتی کازمی لە چوارچێوەی پەیمانەکەی هەولێر-بەغدا و بۆ پاکتاوی خۆبەڕێوبەریی و هێزەکانی پاراستنی ئێزدخان، تا ١ی مانگی نیسان ماوەیان داوەتە خۆبەڕێوبەریی شەنگال، بەڵام هەم هێزەکانی پاراستن و هەم نوێنەری هێزە سیاسییەکان، ژنان و ڕۆحانیانی ئاینی ئێزدی، لەژێر چەتری ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شەنگال- مەخەدەشە، ئەو هەوڵانەی حکومەتی کازمی و پەدەکە ڕەتدەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن؛ ئەگەر بە زمانی دانوستان و چارەسەری نەبێت، بە شەڕ بێنە سەر ئێزدییەکان، ئەوانیش ڕێگەی بەرخۆدان دەگرنەبەر. 

بەو مەبەستەش ئەمڕۆ هاوڵاتیانی ئێزدی  لە هەموو گوند، شارۆچکە و ناوچەکانی شەنگال ڕوویان لە ناوەندی شەنگال کردووە و لە بەردەم هۆڵی لالەشەوە دەستیان بە ڕێپێوانی جەماوەری کردووە.

نوێنەری ڕێکخراوەکانی ئێزدییان، پارتە سیاسییەکان، ڕێکخستنەکانی ژنان، پیاوانی ئاینی و باوەڕمەندانی ئێزدی، ڕێشسپی و هێزەکانی پاراستن؛ یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخانیش بەشداری ڕێپێوانەکە بوون.

لە ڕێپێوانەکەدا پانکارد بە نووسراوی عەرەبی و کوردی کە لەسەریان نووسراوە؛ “خاکمان، چیامان و چەکمان هێڵی سوورە”، “ئیرادەمان لە هەڕەشەی کازمی گەورەترە” و … بەرزکراونەتەوە.

ڕێپێوانەکە تا مەیدانی یەرموکی شەنگال بەردەوام دەبێت و لەوێ ڕاگەیەندراوێک لەسەر ناوی جەماوەری ئامادەبوو دەخوێندرێتەوە و خەڵک هەڵویستی خۆیان لەسەر ڕێککەوتنی بەغدا-هەولێر دووبارە دەکەنەوە و داواکارییەکانیان جارێکی دیکە پێشکەشی ڕای گشتی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکەن.

جێگای ئاماژەی لە ڕۆژی ٩ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٠ـدا، حکومەتی فدراڵی عێراق لە ئەنجامی مامەڵەی شاراوەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و پەدەکە، ڕێککەوتنی هەولێر-بەغدای واژۆکرد، ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستا بەهۆی تێکۆشانی هاوبەشی پێکهاتەکانی شەنگال و کۆمەڵگای ئێزدی نەگەیشتووەتە ئەنجامی خۆی، شەنگالییەکان هەم لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە هەمیش لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵیاندا کە ئەم ڕێککەوتنە هەڵبوەشێندرێتەوە و حکومەت گوێی لە داخوازییەکانیان بگرێت، هەروەها ماوەی ١١٧ ڕۆژە خەڵکی شەنگال، بە ئامانجی پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدیخان چادریان هەڵداوە و بەردەوامیی پێدەدەن.

ف.ق