هۆزات: رۆحی ژنی ئازاد بە گەردوونی دەبێت

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیانىد، ئەم خاکە بە پێشەنگایەتیی ژنان شۆڕشی نیۆلۆتیکی تیادا پێکهات، بە دڵنیاییەوە ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و ژیانێکی دڵخۆش و شادومان سەرلەنوێ بونیات دەنرێت.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا شیکاریی بۆ پەیامی پیرۆزکردنی ٨ی ئادار و ئاستی تێکۆشانی ژنانی کورد کرد.

بەسێ هۆزات وتی، "لە راستیدا ژنان لە ٨ی ئاداردا لەسەرتاسەری جیهاندا راپەڕین. لە راپەڕینی ژنان لە ٨ی ئاداردا مرۆڤ دەتوانێت لەوە تێبگات، کە ئەم سەدەیە و سەدەی داهاتوو چۆن و بە چ شێوەیک دەبێت. زایەند، چین و کۆنترین نەتەوەی بندەست نیشانی دا، کە سەدەی ئێستا و سەدەی داهاتوو چۆن دەبێت. ئەوەى بە هەموو کەس نیشان دا، کە ژن هیوایە، هیوا بە ژنەوەیە ولەگەڵ ژندایە".

 بەسێ هۆزات رایگەیاند، ژن لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵگە و جیهانش ئازاد دەکات و وتی، "رۆحی سەردەم رۆحی ئازادیپارێزی ژنانە، چونکە مێژوو بە ژنانی ئازاد بەرەوە کۆمەڵگەى ئازاد رێدەکات. بە بڕوای من بەهێزترین پەیامی ٨ی ئادار ئەوە بوو.

بزووتنەوەى ئازادیی ژنان لە جیهاندا لە ئاستێکی بەرزدایە و بەرەوە پێش دەڕوات و بەهێز دەبێت. ناسنامەى ریکخستنبوونی ژنان نەک تەنها سیستم و مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستی باڵادەستی پیاو دەهەژێنێت، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەى مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستیش خێراتر دەکات. لێرەدا ئێمە کاریگەری و گرنگیی تێکۆشانی رێکخستنبوون دەبینین. ئەگەر ئێمە سەرنجی خۆمان بخەینە سەر؛ هەڵوێستی کەسی رەنگە واتایەکی هەبێت، بەڵام لە رووی ئەنجامگیری و پراتیکی ریشەداربوون و هەمیشەییەوە هیچ سوودێکی نابێت. تێکۆشان کاتێک بە رێکخستنکراو بوو ئەنجامێکی بەرچاو و بەهێزیشی لێدەکەوێتەوە.

 گرنگیی بزووتنەوەى ژنان لە جیهانیشدا ئەوەیە. ئەگەر کەموکوڕیشیان هەبێت، ژنان لە لە دژی سیستمی پیاوسالای و مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست لە سەرتاسەری جیهاندا لە تێکۆشانێکی رێکخستنکراودان. راستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ بزووتنەوەى ژنان پشتیوانیی یەکتر دەکەن. لایەنێکی تری زۆر گرنگ ئەوەیە؛ رووداوێک لەلایەکی تری جیهان رووبدات، دەستکەوتی ژنان کاریگەریی راستەوخۆ لە هەموو ژنان دەکات؛ دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام و سوودوەرگرتن و بوێری و تێکۆشانی ژنان بە هێز دەکات.  یانی لە نێوان ژناندا رۆح، مێشک و هۆش و خەونی هاوبەش دروست دەکرێت و رۆحی ژنانی ئازاد بە گەردوونی دەبێت. ئەو رۆحە ناسنامەى ئیتنکی و ئایینی تێدەپەڕێنێت و سنوورە جوگرافییەکانی سەردەستەکان و زاڵەکان پارچە دەکات و جیهان گەمارۆ دەدات. ٨ی ئاداری ئەمساڵ وێنەى ئەو جیهانەى بۆ ئێمە خێراتر کرد".

بەسێ هۆزات باسی ئەوەیکرد، تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کوردستانیش لە هەمان کاتدا تێکۆشانێکی گەردوونییە و ئەوە ٤٣ ساڵە  تێکۆشانێکی رێکخستنکراو بەردەوامە.

هۆزات وتی، "ئەو پەیامەی کە لە کوردستان و تورکیاوە بەرزبوویەوە بە هەمان شێوە بوو؛ دواکەوتویی پیاوی سەردەست رۆژێک لە خاکی دایکدا کۆتایی پێدێت. فاشیزم، کە کولتوری باڵادەستیی پیاوی لەم خاکەدا کردووەتە چارەنووس، بە دڵنیایەوە لەم خاکە فڕێ دەدرێت. لەم خاکەدا، کە بە پێشەنگایەتیی ژنان شۆڕشی نیۆلۆتیک (چاخی بەردینی نوێ) پێکهات، بە دڵنیاییەوە سەرلەنوێ دادپەروەری، ئازادی، یەکسانی و ژیانی دڵخۆشانە و شادومان بونیات دەنرێتەوە. بە یەکگرتوویی ژنان و پیاوانی ئازاد، لەم خاکەدا ژیانی ئازاد سەرلەنوێ بونیات دەنرێتەوە، ئەم ژیانەش خۆی سەرلەنوێ دەئافرێنێتەوە".    

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە سەرنجی خستە سەر رۆڵی یەکلاکەرەوەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پێشکەوتنی بزووتنەوەى ژنانی کورد و رایگەیاند، ئەو بزووتنەوەیە لە سەرتاسەری جیهاندا رۆڵی پێشەنگایەتیی ئایدۆلۆژی دەگێڕێت.

بەسێ هۆزات وتیشی، "ئافرێنەری ئایدۆلۆژیای رزگاریی ژنان، رێبەر ئاپۆیە. رێبەر ئاپۆ هەم تیۆریی رزگاریی ژنانی ئافراند و هەمیش رێنوێنیی بۆ بە رێکخستنکردن و رێکخستنی ئافراند. ژنانی کورد ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی راستەقینەترین ژنان دەکەن لە بوارەکانی تێگەیشتن، رێکخستنبوون، تێکۆشان، سیاسەت و گۆڕانکاریدا. بە هێزی ئایدۆلۆژیاکەیان و بە کاریگەرییان لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی تێکۆشەرانەیان، پێشەنگی سروشتیی بزووتنەوەى ژنانی جیهانن".

هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە بەسێ هۆزات سەرنجی خستەسەر هێرشە قورسەکانی فاشیزم لە دژی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا و رایگەیاند، "رێکخراوەکان دادەخەن، دەستگیردەکەن، ئەشکەنجە دەکەن، لە کوردستاندا وەک بەشێک لە شەڕی تایبەت – ئایدۆلۆژیک لە دژی ژنان و منداڵان دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن ئیرادەی ژنانی کورد تێکبشکێنن و رادەستیان بکەن، چونکە ژنانی کورد لە دژی هەموو جۆرە هێرشێکی فاشیستی و فاشیزم بە شێوەیەکی بێ هاوتا بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. سەر دانانەوێنن و چۆک دانادەن. هەر کە فاشیزم هێرش دەکات، ژنانی کورد باشتر راپەڕیوتر دەبن. لەگەڵ خۆیاندا کۆمەڵگەش دەخەنە ناو بەرخودان. خاوەنداری لە بەرخودانی کۆمەڵگە دەکەەن، چابوک و چالاک و زیندوویان دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا ئازایی و بوێری بە بزووتنەوەى ژنانی تورکیاش دەدەن. پارادیگمای کۆمەڵگەى کۆیلە – ژن، کۆیلەیەتیی فاشیز تێکدەشکێنن. ئەو راستییەی بزووتنەوەى ژنان فاشیزمی شێت و هار کردووە، بۆیە فاشیزم هێرشەکانی بۆ سەر ژنان زیاتر کردووە".   

ژنانی کورد ئەڵقە و زنجیری ترسی پیاوی سەردەست و زاڵیان تێکشکاندووە و بەرەو ئازادی دەڕۆن. هێرشەکانی فاشیزم ناتوانێت ژنانی کورد بترسێنێت. ژنانی کورد لە هەلومەرجی وەها قورس دا بەرەنگاری و بەرخودان دەکات و قوربانیی داوە، کە بووەتە خاوەن کارەکتەرێکی وەها، کە لە هەموو هەلومەرجێکی قورس و دژوار و سەخت دا دەتوانێت بەرەنگاری و بەرخودان بکات. ئەو هێرشانە بۆ سەر بزووتنەوەى ژنانی کورد تەنها دەبێتە هۆ و پاساو بۆ گەورەترکردنی تێکۆشان. هەڵوێستێک، کە تاوەکو ئێستا بزووتنەوەى ژنان لە خۆیان نیشانداوە، بەو جۆرە بووە. بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستە بە بەهێزی بەردەوامیی دەبێت. هەڵوێستێک، کە ژنانی شکۆمەند چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەو هەڵوێستەیە.

 تاوەکو پێشەنگ، کادیران و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەى ژنان دەستگیر بکرێن، هەر هی نوێ سەرهەڵدەدەن و پێشدەکەون و شوێنەکانیان دەگرنەوە. بزووتنەوەی ژنان کادیرانی پێشەنگی نوێ لە ناو خۆیدا دەردەخەنە پێش و درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات. یەکێک لە بەهێزترین وەڵامەکانی بزووتنەوەی ژنان لە دژی فاشیزم بەو شێوە دەبێت. لە هەموو شوێنێک خۆیان بە رێکخستن دەکەن و خۆیان بە هەموو ژنان دەگەیەنن، لە هەموو ماڵێک، کۆڵانێک، شەقامێک و گەڕەکێکدا تێکۆشان لە ناو شانەکان و تانوپۆی کۆمەڵگەدا بڵاودەکەنەوە. بە تێگەیشتن و هۆشمەندییەک، کە هەزار کەس شوێنی یەک کەس بگرێتەوە کار و خەبات و تێکۆشان دەکەن.

ژنانی کورد بە ئەزموون، ئاستی سیاسی و ئایدۆلۆژیی خۆیان، لە شەڕ لە دژی کولتوری زایەندپەرەست و باڵادەستیی پیاو و فاشیزم دا هەڵوێستێکی سەرکەوتوانەیان نیشانداوە. بەو بڕوایەوە، کە لە خۆیان نیشانیانداوە، بە دڵنیاییەوە تێکۆشان زۆر زیاتر بەهێزتر بەڕێوەدەبەن".

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە لە کۆتایی وتەکانیدا وتی، "وەک بزووتنەوەى ژنانی کورد، ئێمە زۆر بە شانسین، چونکە ئەزموونی ژیان، سەربازی، سیاسی، تیۆریک و ئایدۆلۆژیی زۆر بەهێزمان هەیە. ئێمە بزووتنەوەیەکی ژنانین، کە لەلایەنی ئایدۆلۆژی و تیۆرێکەوە خاوەنی بناغەیەکی بنەڕەتیی رێکخستنکراوین، خاوەن بڕوابەخۆبوونین و دەتوانین پێشەنگایەتی بکەین. بۆیە ئێمە زۆر قەرزداری رێبەر ئاپۆین. ئەرک و بەرپرسیارییمان ئەوەیە، کە رێبەر ئاپۆ بە بزووتنەوەکانی ژنانی جیهان بناسێنن و کارێک بکەین، کە خاوەنداریی لێ بکەن و بۆ ئازادییان تێبکۆشن. دەبێت ئێمە لەوەدا بە دڵنیاییەوە سەرکەوتو بین و سەری بخەین".

ژ.ت