جەندرمەکانی تورک لە سەرێکانی دەستیان بەسەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییاندا گرت

جەندرمەکانی دەوڵەتی تورک لە سەرێکانی لە پارێزگای رحا دەستیان بەسەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەک دا گرت و خاوەن مەڕەکانیش لەلایەن جەندەرمەکانەوە دەستگیرکرا.

هاووڵاتییەک لە ناوچەى سەرێکانی لە پارێزگای رحای باکووری کوردستان مەڕەکانی لە لەوەڕگەیەکدا دەلەوەڕاند، بەڵام جەندرمەکانی دەوڵەتى تورک بە پاساوی ئەوەى مەڕەکان لە نزیک سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کشتوکاڵ (TÎGEM) دا لەوەڕێنراون، دەستیان بەسەر مەڕەکاندا گرت. هەر بەو پاساوەش هاووڵاتیی خاوەنی مەڕەکانیشیان دەستگیرکرد.

ئەو رووداوە لەلایەن شوانەکان و خاوەن مەڕەکانەوە بە مۆبایلەکانیان تۆمار کرا و بڵاوکرایەوە. بەپێی دیمەنە بڵاوکراوەکان لە میدیا دیجیتاڵییەکاندا جەندرمەکانی تورک دەیانەوێت مەڕەکان ببەن و یەکێک لە خاوەن مەڕەکان دەیەوێت رێگرییان لێ بکات، بەڵام پەلاماری ئەو هاووڵاتییە دەدەن و مەڕەکان دەگرن.

یەکێک لە جەندرمەکان هەڕەشە لەو هاووڵاتییە دەکات، کە تاوان و  دزی و تاڵانیی جەندرمەکان بە مۆبایلەکەى تۆمار دەکات و جەندرمەکە پێی دەڵێت، "تۆ خەریکی ئەنجامدانی تاوانی".

پاسەوانان، کارمەندان، بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کشتوکاڵ (TÎGEM) دا زۆر جار بەو پاساوە بێ بنەمایە دەستیان بەسەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیاندا گرتوە و رێگرییان لە هاووڵاتییان کردووە، کە مەڕ و ماڵاتەکانیان بلەوەڕێنن. دوای ئەوەى مەڕەکانیان دەستگیر دەکەن بە پاساوی "چاودێریکردنی مەڕ و ماڵاتەکان" پارە لە خاوەن مەڕەکان دەسێنن.

ژ.ت