خۆپیشاندان بۆ مووچه‌ له‌ باشوری كوردستان

له‌ باشوری كوردستان دوای ئه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستان به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرد، فه‌رمانبه‌ران، مامۆستایان و خوێندكاران بڕیاری بایكۆتی ده‌وامیاندا، رژانه‌ شه‌قامه‌كان و داوای شایسته‌ داراییه‌كانی و مووچه‌كانیان ده‌كه‌ن.

خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی له‌ دژی به‌ڕێوه‌به‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆتاییان پێنایات. دوای ئه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت به‌ڵێنه‌كانیان له‌ خۆپیشاندانه‌كانی رابردوو نه‌برده‌سه‌ر، مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران و خوێندكاران بڕیاریان چالاكییان دا و رژانه‌ شه‌قامه‌كان.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌دا له‌ زۆر ناوچه‌ی باشوری كوردستان خۆپیشاندان ده‌ستیپێكرد.

هه‌ولێر

له‌ هه‌ولێر خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌به‌ر وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا چالاكییان سازكرد و رایانگه‌یاند، "داواكاری ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌مان پێبدرێت و به‌شه‌ناوخۆییه‌كانمان نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌".

خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌ولێر دوێنێ به‌ راگه‌یه‌نراوێك باسیان له‌وه‌كردبوو، كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا به‌وان وتراوه‌ كه‌ ده‌رماڵه‌ی خوێندنیان بۆ خه‌رج ده‌كرێت و بودجه‌یان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا له‌ هه‌ولێر ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌دا سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ خوێندكاران له‌به‌رده‌م بینای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌. خوێندكاران له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌ته‌كه‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیان ساز كرد.

ده‌ربه‌ندیخان

ناڕه‌زایه‌تی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی باشوری كوردستان له‌ دژی دواكه‌وتن و دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ به‌رده‌وامه‌.

جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر له‌ به‌رده‌م بینای قایمقامیه‌ت چالاكی ناڕه‌زایه‌تیان ئه‌نجامدا. فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان داوای مووچه‌كانیان كرد.

دانیشتوانی ده‌ربه‌ندیخانیش له‌ دژی پێوه‌ری ئاو، به‌شدارییان له‌ چالاكی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایاندا كرد.

كفری

گروپێك له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌ قه‌زای كفری سه‌ر به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌ دژی دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌، له‌به‌رده‌م بینای بانك له‌ قه‌زای كفری گردبوونه‌وه‌.

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌ دژی دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ رێگه‌ی سه‌ره‌كی كفری – كه‌لاریان به‌ رووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێله‌كان داخست.

چالاكیه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌دا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ زۆر ناوچه‌ی دیكه‌ش خۆپیشاندان بۆ داواكردنی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت.

هـ . ب