کەرکوک، بەچەند چالاکییەک ٤ی نیسان پیرۆزکرا

لە کەرکوک بە چەند چالاکییەک ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان پیرۆزکرا.

پێش نیوەرۆی ئەمرۆ کاتژمێر ١١:٠٠ لە شاری کەرکوک بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(ڕەژاک) و بە هاوکاری ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لە ٧٢هەمین ساڵرۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلاندا لەسەر ڕێگای کەرکوک - سلێمانی ٧٢ نەمام نێژران.

سەبارەت بە چالاکی نەمام چاندنەکە حوسێن جەباری ئەندامی دەستەی دبلۆماسی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت: "ئەمرۆ ئێمە لە ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری مرۆڤایەتی ڕێبەر ئاپۆ، بەشداریمان کرد لە چالاکییەکی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، کە چالاکییەکە پێکهاتووبوو لە چاندنی ٧٢ نەمام."

هەروەها حوسێن جەباری رایگەیاند، ئەم چالاکییە ژینگەییە گرنگی خۆی هەیە بۆ شاری کەرکوک چونکە ڕیژەی سەوزایی لەشارەکە زیاد دەبێت لە کاتێکدا ڕێژەی سەوزایی لە شارەکە کەمترە لە ٢٪ ."

پاش ئەو چالاکییە، ئێوارەی ئەمرۆ چالاکی بەردەوام بوو و لە بارەگەی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک)، ئاهەنگێک ئەنجامدرا بۆ پیرۆزکردن و بەرز ڕاگرتنی ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئاپۆ.

سەرەتای چالاکییەکەی (ڕەژاک) بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد پاشان بەیاننامەی ڕێکخراوەکە بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان خوێندرایەوە.

مامۆستا دڵڤان ئەکرەم بەرپرسی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک)، بەناوی ڕێکخراوەکە بەبۆنەی لەدایكبوونی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان بەیاننامەی (ڕەژاک)ی خوێندەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: " سەرەتای مانگی نیسان جەژن و سه‌ری ساڵی هه‌موو گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راسته‌، سەری ساڵی ئاشورییەكانە و جەژنی چوارشەمەی سووری ئێزیدییەكانە و رۆژی روخانی رژێمی بەعس و رۆژی لە دایكبوونی رێبەری ژنی ئازاد و رێبه‌ری مرۆڤایەتی ئازادیخواز رێبەر “عەبدوڵا ئۆجەلان”ە. وەك رێكخراوەکەمان تەواوی جەژنەكانی سەرەتای ئەم مانگە لە هەموو مرۆڤایەتی ئازادیخواز و گەلی كورد و گەلی ئاشوور و ئێزیدی و بەتایبەتی لە ژنان پیرۆز دەكەین. یەكەم مانگی بەهار سەرەتای ژیانەوەی گەردوون و ژینگە و سروشتە. لەگەڵ ئەم ژیانەوەیەدا ژیانەوەی هەموو بوونەوەرەكانی ناو گەردوونە. هەر بۆیە لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ لەم كاتەدا واتایەكی گەردوونی و فه‌لسه‌فی و ژیانی هەیە."

 هەروەها مامۆستا دڵڤان ئەکرەم وتیشێ: '' لای هەموومان ئاشكرایە كە مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی بهاوێژێت و بتوانێت بەسەر كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەمیدا سەربكەوێت پێویستی بە پێشەنگایەتی و رێبەرایەتی راستەقینە هەبووە، بەتایبەت گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و گەلی كورد و ژنان، زۆرجار بەهۆكاری نەبوونی پێشەنگایەتی سەرەرای هەوڵدانی زۆر و قوربانی زۆر نەتوانراوە ئەنجامی جددی وەربگیرێت."

لە درێژەی دەقی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک)دا هاتبوو: " ئاشكرایە دەركەوتنی رێبەر ئاپۆ لە یەكەم هەنگاوی لەدایك بوونیەوە هەتا دەگاتە رۆژی ئەمرۆ توانیویەتی چەندین وەرچەرخان و شۆڕشی گەورە ئەنجام بدات، رێبەر ئاپۆ هەریەك لە هەنگاوەكانی خۆی وەك لەدایك بوونێك ناو لێدەنێـت، ده‌ڵێت: یه‌كه‌م له‌دایك بوونم وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك له‌دایك بووم، دووه‌م له‌دایك بوونم بونیادنان و دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی كورد بوو.، سێهه‌م له‌دایك بوونیش به‌رپاكردنی شۆڕشی زهنیه‌ته‌ به‌ پێشخستنی پارادایمی نوێ له‌زیندانی ئیمرالیدا. راستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كە له‌دایك بوون و هه‌مووهه‌نگاوه‌كانی رێبەر ئاپۆ بۆ هەموو مرۆڤایەتی وەك لەدایك بوونێكی خۆری ئازادی و چارەسەری بنگەییە بۆ هەموو كیشه‌كانی مرۆڤایه‌تی، وەك تەواوی پێشەنگەكانی جیهان یەكێك لەهەنگاوە سەر سوڕهێنەرەكانی بەرپاكردنی شۆرشی ژنانە و كە وەك ناوەندی تەواوی تێكۆشانە نەتەوەیی و دیموكراتی و مرۆڤایەتییەكانە. بۆ سه‌رخستنی ئه‌م شۆرشه‌ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی ژنی كرد و ئایدۆلۆژییای رزگاری ژنان وه‌ك جوانترین دیاری و كوشتنی پیاوێتی كلاسیك وه‌ك پرۆژه‌ی گۆرینی پیاو قوڵترین تێزی ئازادی و هاوپه‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌تا ده‌گاته‌ ژنۆلۆژیا وه‌ك دایكی هه‌موو زانسته‌كان پێشكه‌شی ‌هه‌موو ژنانی كرد. بێ گوومان ئەم شۆرشە نەك تەنها بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كوردستان بەڵكو بۆ تەواوی جیهان بۆتە كرۆكی تەواوی گۆرانكارییەكان، كه‌واته‌ “رێبەر ئاپۆ” وەك ئەولادێكی بەوەفای دایكە خوداوەند بووە مایەی ژیانەوەی مرۆڤی ئازاد، هەر بۆیە تەواوی سیستەمە زەبەلاحە دەسەڵاتدارەكانی جیهان هەموو تواناكانیان كردەیەك و لەناو زیندانی نێودەوڵەتیدا لێپرسینەوەی مێژوویی لە رێبەر ئاپۆ دەكەن، تۆڵه‌ی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتداریه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، بەڵام نەیاران نەیاتوانی سەركەوتووبن چونكە رێبەر ئاپۆ لەزیندانیشدا جارێكی تر بە شۆرشە فكریەكەی لەدایكبووە و ژیانەوەیەكی نوێتری بەبەر هەموو مرڤایه‌تیدا هێنایەوە."

 هەروەها دڵڤان ئەکرەم بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "پیرۆزكردنی رۆژی ٤ی نیسان وەك رۆژی ژیانەوە و تێگەیشتن و واتاداین، وەك ژنان كە ئەم لەدایكبوونە لەدایك بوونی ژنی ئازادە و ژیانەوەی كلتووری دایكە خوداوەندە لەسەر ئەم خاكە، دیسان پیرۆزكردنی گەردوونە بۆ لەدایك بوونی نەوەیەك كە تەواوی لاسەنگیەكان هاوسەنگ دەكاتەوە، پیرۆزكردنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییە كە ئەم لەدایك بوونەوە بۆتە مایەی داگیرساندنی چرای ئازادی مرۆڤایەتی، پیرۆزكردنی كۆمەڵگای كوردەواریە كە بۆ هەتاهەتایە رێرەوی تێكۆشانەكەی راستكرایەوە، پاشان وەك مژدەیەكە بەسروشت كە ئەم شۆرشە گەورەیە سروشت لە دەستی زوڵم رزگار دەكات، ئێمە وه‌ك رێكخراوه‌كه‌مان لەچوارچێوەی هەڵمەتی (كات كاتی ئازادیی رێبەر ئاپۆیه)‌ گوڕ بە چالاكیەكانمان ده‌دەین و یەكێك لە چالاكیە سەرەكیەكانیشمان گەیاندنی فكر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە بە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا بە تایبەتی بەژنان، چونكە پێمانوایە تاكە چارەسەری بۆ هەموو كێشەكانی باشووری كوردستان تێگه‌یشتن و پراكتیزەكردنی فكر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە لە باشووری كوردستاندا."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتبوو: " پیرۆزكردنی ئەم رۆژە بەواتای خاوەندارێتی کردنە لەو رەنج و تێكۆشانەی رێبەر ئاپۆ بەتایبەتی رەنجی بێپایانی لە پێناوی ئازادی ژناندا، لەهەمانكاتدا هەڵوێستە لەدژی پیلانگێری نێودەوڵەتی و سیستەمی دەسەڵاتداری شەرمەزار داوا لە تەواوی ژنان دەكەین وەك ئەركێكی نیشتیمانپەروەری و وەك هەڵوێست لەدژی زوڵمی سیستەم لەسەر ژنان و سروشت و ژینگە. وەك ئەركێكی دیموكراتی و ژینگەپارێزی، بە چاندنی نەمام و به‌هه‌ڵمه‌تی قووڵبونه‌وه و تێگه‌یشتن له‌فكر و رامانی رێبه‌ر ئاپۆ ئەم جه‌ژنە پیرۆز بكەین."

پاش خوێندنەوە بەیاننامەکەی ڕیکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(ڕەژاک) دروشمەکانی (بێ سەرۆک ژیان نابێ) و (ژن ژیان ئازادی) لەلایەن ئامادەبووان وترایەوە،

پاشان بە ئاهەنگ و هەڵپەركی چالاکی پیرۆزکردنی رۆژی ڕێبەری گەلی کورد و مرۆڤایەتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان پیرۆزکرا و چالاکییەکە کۆتایی هات.

ف.ق