لە کەرکوک داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی رژیمی بەعس دژبە کورد دەکرێت
ڕێکخراو و چالاکوانانی کەرکوک گوتیان: "ڕژێمی دیکتاتۆریەتی بەعس ڕوخاوە بەڵام بڕیارە نادادپەروەر و داگیرکارییەکانی هێشتا زیندوون".
ڕێکخراو و چالاکوانانی کەرکوک گوتیان: "ڕژێمی دیکتاتۆریەتی بەعس ڕوخاوە بەڵام بڕیارە نادادپەروەر و داگیرکارییەکانی هێشتا زیندوون".
ئەمرۆ شەممە، لە باخچەی قەڵای شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ژمارەیەک لە ڕێکخراو و چالاکوانانی مەدەنی سەبارەت بە کێشەی زەوی و زاری کوردەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان) و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش "مجلس قیادة الثورة"ی سەردەمی رژێمی بەعس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست و لە کۆنگرەکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعسیان کرد پەیوەست بە داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، بەیاننامەیەک خوێندراویەوە کە تێیدا داوایانکرد، هەرچی زووە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی بەعس هەڵبوەشێنرێتەوە.
نیگەرانین لە هەوڵەکانی دژبە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس
ڕێکان فەرەیدون چالاکوانی مەدەنی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەناوی ڕێکخراو چالاکوانانی ئامادەبووەوە، بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاند خوێندەوە، تێیدا هاتبوو: "وەکو ڕێکخراو و چالاکوانە مەدەنیەکانی شاری کەرکوک، لەسۆنگەی پەرۆشیمان بۆ سیستەمی دیموکراسی و گەڕانەوەی زەویە زەوتکراوەکان بە پێویستمان زانی پاڵپشتی خۆمان دەبڕین بۆ هەوڵەکانی تێپەڕاندنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش "مجلس قیادة الثورة"، وە نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە هەوڵەکانی بەربەست خستنە بەردەم بڕیارەکە، کە بەداخەوە سەرەڕای بوونی ڕێکەوتن و ڕۆزینەی ڕەها لێرە و لەوێ بەشێوازی ناشارستانی کێشەی درووست دەکرێت بۆ ئەم پڕۆسە گرنگ و جێی بایەخە".
مافی خاوەن زەویەکانی کورد و تورکمان نەکرێتە قوربانی ئەقڵیەتی شۆڤێنی
هەروەها ڕێکان فەرەیدون لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "هاوکات داواکارین کە پەڕلەمان و دیموکراسی عورفی سیاسی و کۆمەڵایەتی، گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و مافی جووتیار و خاوەن زەوییەکانی کورد و تورکمان نەکرێتە قوربانی عەقڵیەتی شۆڤێنی و بڕیارێک، کە حکومەتە دیکتاتۆرەکەی ڕووخاوە و کۆتایی پێهاتووە، بەڵام بڕیارە ناداد و داگیرکارییەکانی زیندوون.
داواکارین بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، کە زۆرینەی ڕەها لە پەڕلەمانی عێراق لە کورد و عەرەب و تورکمان کۆکن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی و لەسوودی هاونیشتیمانیانی عێراق و بەتایبەت ناوچە جێناکۆکەکانە بەزووترین کات تێپەڕێندرێت".
هەوڵی پەکخستنی پرۆسەکە دەدرێت
هەروەها ئەو چالاکوانە مەدەنییە لەدرێژەی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند: "ئەوانەی بەخەباتی پەڕلەمانی هێزیان بەرامبەر ئەو زۆرینە ڕەهایە پێ درووست ناکرێ لەڕێی دەنگە دەنگ و ژاوە ژاو هەوڵ دەدەن پەکی بخەن.
لەکۆتاییدا داواکارین پەڕلەمان وسیستمی دیموکراسی زاڵ بێت بەسەر دەنگە نەشازەکان و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە، بەفەرامۆشکردنی شوناسی خاوەن ماف لەهەر نەتەوەیەک و ئاینێکدا بێت بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی سیستمی دیموکراسی و لێک تێگەشتن و ڕێی چارەسەرین.
لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی بەزووترین کات ئەم بڕیارە هەڵوەشێتەوە
لە کۆتایدا ناوبراو گوتی: "لێرەدا بەپێیوستی دەزانین بێ جیاوازی ڕەنگەکان سوپاسی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و جێگری سەرۆکی پەڕلەمان و نوێنەرانی کەرکوک و کورد و هەر نوێنەرێک بکەین، کە لەسەر ئەم بابەتە ئازایانە و ماندوو نەناسانە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە دەدات، هاوکات داوا لەسەرۆکایەتی پەڕلەمان و جێگری سەرۆکی پەڕلەمان و گشت فراکسیۆنەکان دەکەین، کە پاڵپشتی مافی هاوڵاتیان بەردەوام بن و لەپێناو سەرکەوتنی حەق و بەرقەرارکردنی ئاشتی بەزووترین کات ئەم بڕیارە هەڵوەشێتەوە".