کتێبی (ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن) بڵاوکرایەوە

بەرگی یەکەمی کتێبی (ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن) لە نووسینی سیاسەتمەداری کورد، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، بڵاوکرایەوە، کە پێکدێت لە کۆمەڵێک یاداشتی نووسەر.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكدا لە ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی، بەرگی یەکەمی کتێبی (ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن) بڵاوکرایەوە.

محەمەدئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد، وتارێکی لە ڕێوڕەسمەكەدا پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: “ئەمە بیرەوەرییەکانم نییە، بیرەوەرییەکانم لە دووتوێی کتێبێکی دیکەدا بڵاودەکەمەوە، بەڵکو ئەمە کۆمەڵێک چیرۆکن کە شکڵێکی ئەدەبییم پێداون ‌و بریتین لەو ڕووداوانەی لە ژیانمدا ڕوویان داوە”.

دکتۆر هیوا عەزیز، كە کاری کۆکردنەوە و پێداچوونەوەی بۆ کتێبەکە کردوە، لە وتەیەكدا لە ڕێوڕەسمەکەدا، وتی: “ئەمانە مێژوو نین، بەڵکو کەرەستەن بۆ مێژوو، بەشێکن لە گرنگتریین وێستگەکانی ژیانی نووسەر، بە میتۆدی کرۆنۆلۆژیی چیرۆکەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو بەپێی بابەت چیرۆکەکان دەگێڕێتەوە.”

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەیشدا لەلایەن نووسەرەوە واژۆ لەسەر کتێبەکە کرا بۆ خوێنەران.

ف.ق