لە ٣٠هەمین ساڵیادی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کورد لە کەرکوک پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە

لەژێر ناونیشانی (کۆڕەو زامێکە لە جەستەی نیشتماندا) لە کەرکوک پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی تایبەت بەکۆڕەوە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ کرایەوە.

دوای ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی کوردستان دژی ڕژێمی بەعسی عێراق و رزگارکردنی زۆربەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان بە شاری کەرکوکیشەوە رووداوێکی دیکەی مێژووی روویدا، کە کۆڕەوە ملێۆنی هاووڵاتیانی کوردستان بوو چەند رۆژێک دوای ڕاپەڕین، وەکو وەڵامێک رژێمی بەعسی عێراق بە سوپایەکی گەورەو بێ شومارەوە هێرشی کردە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە، زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ئاوارەی سەرسنورەکانی هەرێمی کوردستان و ووڵاتانی تورکیا و ئێران بوون، لە ترسی دووبارە بوونەوەی هێرشی کیمیایی ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ بۆسەر هەڵەبجە و تاوانی ئەنفال، کە بووە هۆی بێسەروشوێن بوونی زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەس.

ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوچەی دژە فڕینی بۆ پشتیوانی و پاراستنی هاووڵاتیانی کوردستان پەسەند کرد.

وێنەگری فەرەنسی (برۆنۆ باربی) و (یانیس بەهراکیس)ی یۆنانی ئەو فۆتۆگرافانەبوون، کە لە ڕێگەی کامێرا و وێنەکانیانەوە نەهامەتەکانی (کۆڕەوە مەزنەکەی) گەلی کوردیان گەیاندە جیهان.

بۆ یادکردنەوەی ئەو کارەساتە مەزنە، ٣١ی ئاداری ٢٠٢١ لە هۆڵی چالاکیی قوتابخانەکان لە شاری کەرکوک لەژێر ناونیشانی (کۆڕەو زامێکە لە جەستەی نیشتماندا) پێشەنگای فۆتۆگرافی لە ٣٠هەمین ساڵیادی کۆڕەوە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ بۆ هونەرمەند (مەهدی شەفیق)کرایەوە، کە پێشەنگاکە ژمارەیەکی زۆری فۆتۆی تایبەت بە کۆڕەوە مەزنەکەی تێدا نمایش کرا.

هونەرمەند مەهدی شەفیق کە ڕێکخەری چالاکییەکە بوو، سەبارەت بە پێشەنگاکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ ٣٠هەمین ساڵیادی کۆڕەوە مەزنەکەی گەلی کوردە کە لەم رۆژەدا ئەو کارەساتەمان بەچاوی خۆمان بینی، ئەمڕۆش من ئەو پێشەنگایەم کردووەتەوە تا نەوەکانمان بزانن کە باوک و دایکیان چیان بەسەر هاتووە و لە چ بارودۆخێک ژیانیان کردووە، لە کاتی کۆڕوە مەزنەکەی ١٩٩١ هەموو نەتەوەکانی شاری کەرکوکیش ڕایانکرد بەوە ناوچە شاخاوی سنورەکانی هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە بارودۆخی خەڵکی لەکاتی کۆڕەوە مەزنە، هونەرمەند مەهدی شەفیق بە ئەزموونی خۆی ووتی: "بەداخەوە لە کۆڕەوەکە مەزنەکە خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا، چونکە ساڵی ١٩٩١ لە مانگی سێ و چوار بەفرێکی زۆر بەهێز بەبێ ڕاوەستان دەباری، لەکاتی ئەو کارەساتەدا دوو وێنەگری بەتوانای جیهانی کە بەناوەکانی (بڕۆنۆ باربی) کە فۆتۆگرافێکی فەرەنسی بە ڕەچەڵەک مەغربی بوو ئەوەی دیکەش وێنەگر(یانیس بەهراکیس)یونانی بوو، کە توانییان لە ڕێگەی فۆتۆکانیانەوە ئەو کارەساتە بگوازنەوە بۆ جیهان، هەزار سڵاو لە روحی پاکی ئەو فۆتۆگرافەرە بەداخەوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی."

لە کۆتایدا هونەرمەند مەهدی شەفیق ووتی: "لەم پێشەنگایەکدا ٨٥ تابلۆی تایبەت بە (کۆڕەوە مەزنەکە) نمایش کراوە، من چوار هەزار وێنەی کۆڕەوەکەم لە ئەرشیفدا هەیە، بەڵام من خاوەنی ئەوە وێنانە نیم بەڵکو ئەو وێنانە وەرگیراون لە هەردوو وێنەگر (بڕۆنۆ باربی)و (یانیس بەهراکیس)."

ژ.ت