لە بەریتانیا بانگەوازی 'دەستوەردانی بەپەلە لە دژی داگیرکەری' راگەیەندرا

لە بەریتانیا رێکخراوە کوردستانییەکان، ئەکادیمیسیان، چالاکوانانی سەندیکایی و نوسەران نامەیەکیان ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەیڤد لاممی کرد و داوایانکرد لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن.

لە هەڵبژاردنی ٤ی تەمووزدا لە بەریتانیا پارتی کرێکاران بە جیاوازیەکی زۆرەوە دەسەڵاتی گرتەدەست. دەیڤد لاممی کە یەک لە دیارترین کەسایەتیەکانی پارتی کرێکارانە و هەروەها پەرلەمانتاری ناوچەی تۆتنهامە کە ژمارەیەکی زۆر کوردی تێدایە، بووە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا. دەیڤد لاممی کەسێکە کە لە نزیکەوە ئاشنایە بە پرسی کورد. بەهۆی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان چەندین سەردانی ئەنجامداوە و هەروەها بەشداری لە چەندین کۆبوونەوەی ناوەندی کۆمەڵەی کوردیدا کردووە.

لاممی لە دیدارێکدا باسی لەوەکردبوو کە نیگەرانی گەلی کورد و دڵەڕاوکێکانی لە جێدان و وتبووی کە حکومەتی پرتی پارێزگارانی بەریتانیاش لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان بەرپرسیارە.

کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی گەلی کوردی بەریتانیا، رێکخراوە کوردییەکان و دۆسانی کورد کە لە پەرلەمانتار، چالاکوانی سەندیکایی، رۆژنامەوان، رۆشنبیر و نوسەران پێکدێت، لەسەر ناوی دۆستانی کورد نامەیەکیان ئاراستەی وەزیری دەرەوەی بەریتنیا دەیڤد لاممی کرد و لە نامەکەدا لە دژی هێرشە داگیرکەری و قڕکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بانگەواز راگەیەندراوە. ئەو کەسانەی نامەکەیان واژۆکردووە: "پەرلەمانتاری پارتی سەوز بۆ سکۆتلەندا ڕۆس گریر، مامۆستای زانکۆی ئەدینبۆرگ دکتۆر نیکۆڵاس ئێس ماتیۆ، مامۆستای زانکۆی گۆڵدسمیتس لە لەندەن پڕۆفیسۆر لێنکا ڤرابلیکۆڤا، مامۆستای باڵا لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان پڕۆفیسۆر ستیفانۆ با، بەڕێوەبەری توێژینەوەی سینەما لە زانکۆی مانچستەر دکتۆر ڤیکتۆریا لۆی، نووسەر جاسینتا کرکێتا، پارێزەر مارگریت ئۆین، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری یونیسۆن ستێڤن سمیل، مارگریت گالاچەر سەرۆکی لقی یونیسۆن باشوری لانارکشایر.''

هەروەها نامەکە لەلایەن چەندین رێکخراو و رێکخستنی وەک تەڤگەری ئازادی، کەژار، پەژاک، کۆنگرەی ستار، تۆڕی پشتیوانی کوردستان و نوێنەرایەتی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک لە بەریتانیا، واژۆکراوە.

 

تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دەستنیشانکران

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەم شتانە دەکات:

"وەک ئەندامانی تۆڕێک لە چالاکوان، سەندیکاوان، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، خوێندکار، مامۆستا، ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵەی جیاوازی کۆمەڵگە دەربارەی مژارێکی بەپەلەی گرێدراوی سەربازی هێرشی سوپای تورک لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە لە ١٥ی حوزەیرانەوە زیاتر بووە و نیشاندەری مەترسی شەڕێکی مەزنە لە دژی گەلی کورد دەنوسین. دەسەڵاتداری ئاکەپە بە پێشەنگایەتی ئەردۆغان چەندین مانگە ڕاگەیاندراو دەدات کە لەم هاوینەدا شەڕ هەڵدەگیرسێنن و شەڕڤانانی پەکەکە لە هەرێمدا دەکەن بە ئامانج. بەڵام ئێمە نیگەرانین لەوەی کە زیادبوونی کۆکردنەوەی کارمەندان و کەرەستەی سەربازیی تورک مەترسی شەڕێک بە تیاچوونی مرۆیی و ژینگەیی زیاترەوە هەڵدەگرێت. تەڤگەری کورد لە چوارچێوەی ئەم نیگەرانیانەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی کرد لە پێناو ئاشتی و ئارامی هەرێمەکە کە لەداوی شەڕی چەندین ساڵەوە بەدەستهێنراوە، لە دژی سیاسەتی شەڕخوازی ئەردۆغان هەڵوێست وەرگرن."

هەر لەنامەکەدا ڕاگەیاندراوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا ١٠٧٦ هێرشی لە باشووری کوردستان ئەنجام داوە و دەڵێت: "لە دهۆک ٥٢٦، لە هەولێر٤٠٥، لە سلێمانی ١٣٥ و لە موسڵ ١٠ هێرشی ئەنجام دراوە. سوپای تورک تەنها لەناو چەند مانگی کۆتاییدا نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر سنوری خۆی تێپەڕاندووە و بەلایەنی کەمەوە ٤٥ بارەگای سەربازی دروستکردووە. زیاتر لە ٣٠٠ تانکی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا جێگیرکردووە. ئەمەش بە مانای ئامادەکاری دێت بۆ شەڕێکی بەرفراوان لە هەرێمەکەدا."

هەر لە نامەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەو زانیاریانەی دەوڵەتی تورک پشتگیری لێدەکات هاتنی چەتەکانی داعش بۆ هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوەدەکات کە کوردان ماوەی دە ساڵ لە دژی داعش تێکۆشانی  بێوێنەی مرۆڤایەتییان کرد و ئەوەش دەڵێت بۆ ئەوەی خاکی سوریا و عێراق لە ئاژاوە بپارێزن، ئەرکی مرۆڤانەی خۆیان لە ئەستۆ گرت.

لە نامەکەدا ئەوەش دیاریکراوە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی لەبەرامبەر هەڕەشە سەربازییەی و مرۆییەکانی هێزە هەرێمییەکان کە تورکیا و عێراقیشی تێدایە لە بێدەنگیەکی مەزندایە و ئەمە وترا: "پێویستە ئەوە دیاریبکەین کە جوڵەی سەربازی لەم شێوەیە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراقە؛ بە هۆکاری بوونی ئامێری سەربازی و سەربازانی تورکەوە لە هەرێمەکەدا، ژیانی گوندنشینان دەکەوێتە مەترسیەوە و کاریگەری لەسەریان دروستکردووە. لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە ئەنجامی شەڕی تورکیا لە دژی پەکەکە کە لەهەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەبرێت. ٧٠٢ هاوڵاتی کە وەک مەدەنی دانراون کوژراون، ٣٤٤ مەدەنیش گیانیان لەدەستداوە، ١٦٢ گوندیش سوتێنراون و ٦٠٢ گوندیش ڕووبەڕووی مەترسی وێرانکاری بووەتەوە. ئەم ئامارە ڕەنگە تەنها بەشێک لەو زیانانە نیشان بدات کە بەهۆی ئەم ململانێ درێژخایەنەیەوە تووشی بووە و ئەگەر شەڕەکە دووبارە لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێتەوە، مەترسی زیاتری لەسەرە."

'بێدەنگی ڕێگە بۆ کارەساتێکی مەزن دەکاتەوە'

لە بەردەوامی نامەکەدا بانگەوازی لە وەزیری دەرەوە کراوە لە پێناو ئەوەی ئاشتی و دادپەروەری دروستبێت، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و ئەوەی لەدەستی دێت بیکات و دەڵێت: "لە رێگەی ئەم نامەیەوە بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دامەزراوەی نێونەتەوەیی پەیوەندیدار دەکەین بۆئەوەی شەڕ بوەستێنرێت، ئاشتی و دادپەروەری سەروەربێت قۆناغی ڕێکەوتننامەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێبکەن."

نوێنەری پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی کوردی بەریتانیا عەگید کاراتاش کە دەربارەی نامەکە بۆ ئاژانسمان قسەیکردووە و ئاماژەی بەوەدا حکومەتی نوێی بەریتانیا بەڵێنی داوە  بۆ ئاگربەست لە فەلەستیندا لە ڕۆژانی سەرەتایی کارەکانیاندا خەباتی دیپلۆماسی بە‌‌هێزبکات و ڕایشیگەیاند پێویستە حکومەتی نوێ دەستبەجێ هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر بەو سیاسەتە قڕکاری و داگیرکارییە بێ وێنەیەی لە کوردستاندا بەڕێوەدەچێت. هەروەها کاراتاش ئاماژەی بەوەدا دەیڤد لاممی باش ئاشنایی پرسەکانی کوردە، هەروەها وتیشی لە ڕۆژانی داهاتوودا دوای وادەیەک دەکەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا.

ناوی ئەو کەس و لایەنانەی واژویان کردووە بەم شێوەیە:

  • ڕۆس گریر، ئەندامی پەرلەمانی سکۆتلەندا
  • مارگرێت ئۆین، پارێزەر، پاترۆنی ئاشتی لە کوردستان بەریتانیا بەریتانیا
  • د. نیکۆڵاس ئێس ئێم ماتیۆ، وانەبێژ لە زانکۆی ئەدینبۆرگ
  • ستیڤن سمێلی، ئەنجومەنی جێبەجێکاری نیشتمانی یونیسۆن
  • مارگریت گالاچەر، سەرۆکی لقی یونیسۆن ساوس لانارکشایر
  • کاترینا ڤرابلیکۆڤا، مامۆستای باڵا لە زانکۆی باز
  • لێنکا ڤرابلیکۆڤا، وانەبێژ، ئاڵتونسمیس، زانکۆی لەندەن
  • د. ستیفانۆ باع، مامۆستای باڵا لە زانستە کۆمەڵایەتییە کارپێکراوەکان
  • د. ڤیکتۆریا لۆی، مامۆستای باڵا لە بواری سینەما
  • جاسینتا کێرکێتا، نووسەر، شاعیر، ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ
  • فێلیکس پادێل، پرۆفیسۆر
  • هیلاری ژۆو، ڕێکخەری نیشتمانی بزووتنەوەی مافی زەوی گەلی زیمبابۆی
  • فیلیپ نیل، دۆستی ڕۆژئاوا تانێت
  • بیاتریس ئەندریۆ، مامۆستای زمان
  • ئەنتۆنی کالو، مامۆستا
  • دەیڤ فینچ
  • تەڤگەری ئازادی بەریتانیا
  • پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە بەریتانیا (PJAK)
  • کۆمەڵگەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەریتانیا (KJAR)
  • ئەنجومەنی ژیانی ژنانی کوردی بەریتانیا
  • کۆنگرەی ستاری ئەوروپا
  • ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە بەریتانیا
  • کۆمەڵگەی کوردی باکووری ڕۆژئاوا
  • مەجلیسی گەلی کورد لە سکۆتلەندا
  • بزووتنەوەی گەنجانی کورد لە بەریتانیا
  • تۆڕی هاوپشتی کوردستانی بەریتانیا
  • هاوپشتی سکۆتلەندی لەگەڵ کوردستان
  • پلاتفۆرمی نێوان کۆمەڵگەی کوردی لە بەریتانیا
  • کۆمەڵەی ئابووری هاوپشتی