وردەکاری نوێ لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دەووڵەتی تورک لە کەرکوک بڵاودەکرێتەوە

کاردانەوەکانی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دەوڵەتی تورک لە کەرکووک لە ٢٩ـی ئاب بەردەوامە و وردەکاریی نوێ لەو بارەوە ئاشکرا دەکرێت.

رۆژنیوز لە زاری سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی عێراق، باویکردەوە: بڕیاری خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تورکییەکە لە فەرماندەی بەرگریی ئاسمانییەوە دەرچووە و فڕۆکەکە خراوەتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم فڕۆکەیە درووستکراوی تورکیایە و لە فڕۆکە گەورە و پێشکەوتووەکانە، بەڵام تا ئێستا هیچ بانگهێشتنامەیەک یان فەرمانی لێکۆڵینەوەمان لە بەغداوە پێنەگەیشتووە تەنانەت لە تورکیاشەوە، بە تەواوەتی هەوڵێك بۆ پەردەپۆشکردنی بابەتەکە هەیە.

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە، بڕیاری خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە سەرسوڕهێنەرە، لەبەر ئەوەی ئەم فڕۆکانە بە شێوەیەکی ڕۆژانە لە هەمان شوێندا دەفڕن و دەگەنە شارەدێی تازەخورماتوو لە پارێزگای کەرکووک، وێنە دەگرن و چاودێریی دەکەن و هێرش و بۆردوومان دەکەن.

سوپای عێراق، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی لە کەرکووک خستووەتە خوارەوە، عەمید عەبدولسەلام ڕەمەزان، جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی لە کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەدا وتی: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی کە پێشێلی ئاسمانیی عێراقی کردبوو، خرایە خوارەوە.

ڕوونیشی کردەوە، کە فڕۆکەکە لە ئاراستەی سلێمانی دووەم گەورەترین شاری هەرێمی کوردستان هاتووە.

ئەمە یەکەم جارە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی لە ناوخۆی عێراقدا دەخرێتە خوارەوە، سەرەڕای ئەو هێرش و لەشکرکێشیی و سەربازییانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داون، چەند مانگ لەمەوبەر گەیشتە لوتکە کاتێک بە ئاشکرا گوند و شارۆچکەکانی پارێزگای دهۆکی داگیر کرد، وێرای ئەوەش ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا واژۆ کراوە کە ڕێگە بە ئەردۆغان دەدات سەروەریی خاکی عێراق پێشێل بکات.

دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە، فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان لە کەرکووک ڕایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی عێراقیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە کەرتی فەرماندەیی عەمەلیاتەکانی کەرکووک بینیوە، دوای بەدواداچوون و زانینی هێڵی گەشتەکەی و گەیشتنی بۆ ناوەندی شاری کەرکووک کە بارەگای حکومی و ناوەندی ئابووریی گرنگ و ئامانجی گرنگی تێدایە، خریە خوارەوە.

دوای کەوتنەخوارەوەی دەرکەوت کە فڕۆکەکە تورکییە، تیمێکی کاری تەکنیکی لە بەڵگەی تاوانکاریی و بەرگریی ئاسمانیی و ستافی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان پێکهێنرا بۆ زانینی هۆکارەکانی کەوتنەخوارەوەی و وردەکارییەکانی ڕووداوەکە.