خیانەت لە نێو کوردان؛ لە ئەنکیدۆوە بۆ مەسعوود بارزانی

" ئەنکیدۆی زاگرۆسنشین خیانەت لە ماڵ و جڤات و خەڵكی خۆی دەکات و لەپێناو ئارەزوو و خواستەکانی خۆیدا، دەرگای بەهەشتی زاگرۆس بەڕووی گلگامێشی داگیرکەردا دەکاتەوە".

خیانەت لە مێژووی کورد-دا یاخود بە شێوەیەکی گشتی لەنێو مێژووی میزپۆتامیا و خاکی زاگرۆسی دێریندا خاوەن ڕەگوڕیشەیەکی دێرین و کەڤنارە کە پێویستە بۆ خوێندنەوەی دۆخی هەنووکەیی باشووری کوردستان و درووستبوونی هێڵی خیانەت بە پێشقەڕەواڵی ماڵباتی بارزانی و خودی مەسعوود بارزانی و کوڕەکانی، بە هەند وەربگیرێت.

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، میتۆدی میتۆلۆژیا میتۆدی ڕوونکردنەوەی حەقیقەتە. سا لێرەوە دەتوانرێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی خیانەت لە سەدەی بیست و سەدەی بیستویەکدا لەلایەن ماڵباتی بارزانییەوە پێویستمان بە تێگەیشتن لە مێژووی ئەم ناوچەیە هەیە تاوەکوو بتوانین لە ڕەگوڕیشەی خیانەتەکانی پەدەکە و بەتایبەت خیانەتی ٣١ی ئاب تێبگەین کە مژاری سەرەکی بابەتەکەمانە.

لە مێژووی میزۆپۆتامیادا، گلگامێش بە هاوکاریی و چاوساغی ئەنکیدۆ چیاکانی زاگۆرس داگیر دەکات، بێگومان ئەم داستانە ڕەگوڕیشەی لەنێو تەواوی میتۆلۆژیاکانی دیکەی میزۆپۆتامیادا هەیە و هەمووان بۆ تێگەیشتن لە دۆخی مێژوویی ئەو کاتە دەگەڕێنەوە بۆ ئەم داستانە. ئەنکیدۆی زاگرۆسنشین خیانەت لە ماڵ و جڤات و خەڵكی خۆی دەکات و لەپێناو ئارەزوو و خواستەکانی خۆیدا، دەرگای بەهەشتی زاگرۆس بەڕووی گلگامێشی داگیرکەردا دەکاتەوە، ئەم ڕووداوەش لەمێژوودا وەک یەکەم خیانەت لەنێو کوردان و بەتایبەت لە مێژووی زاگۆرسدا تۆمار کراوە.

لێرەوەڕا، ئاڕاستەی بابەتەکەمان بەرەو سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەک دەگوازینەوە، لە دوای پێنج هەزار ساڵ ماڵباتی بارزانی بە چەندین خیانەتی یەکلەدوای یەک لە چەشنی خیانەتی ٣١ی ئاب، سەرقاڵی پارچەکردن و پێشقەڕەواڵین بۆ داگیرکەر و گلگامێشەکانی سەردەم.

لەو چوارچێوەیەدا بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ـی ئابی ١٩٩٦ پەدەکە بێشەرمانە دەستی دیکتاتۆرترین و بکوژترین دەسەڵاتى سەردەمی گرت و هێنایە ناو هەولێرەوە، سەربازانی بەعس و چەکدارەکانى پەدەکە دەست لەناو دەست شەقام و کۆڵانەکانى شارەکەیان خەڵتانى خوێن کرد.

لە ڕۆژی ئەو خیانەتەدا ١٥٠ تانک و ٣٠ هەزار سەربازی ڕژێمی بەعسی عێراقی لە موسڵ و کەرکووکەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن. پێش ئەم هاتنەش مەسعوود بارزانی بەبێ ئەوەی هیچ شەرمێک لەبەرانبەر خوێنی شەهیداندا بیگرێت لە نامەیەکدا وەفاداریی خۆی بۆ سەددام حسێنی فاشیست دەردەبڕێت و دەڵێت؛ سەرۆکی بەڕێزم، پێویستە بە عەقڵ و سەرکەوتنتانەوە ڕێگاچارەیەک بدۆزییەوە بۆ ئەوەی ڕێگریی بکرێت لە دەستێوەردانی ئێران لە دۆخی ناوخۆی عێراقدا، داوا لە تۆی ئازیز و خۆشەویست دەکەم، تکا دەکەم کە فەرمان بکەی سوپای عێراق دژی ئەو هێزە بیانیانە کە هاوکاریی جەلال تاڵەبانی دەکەن بجوڵێت.”

هەرچەندە، پەدەکە بانگەشەی نەتەوەییبوون و ناسیۆنالیست بوون دەکەن بەڵام سەرۆکەکەیان لەو کاتەدا زۆر بە ڕوونی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت؛ ڕەنگە لە نێوان ئێمە و عێراقدا هەندێک ناکۆکی زۆر بچووک هەبێت، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەرە گەورەمان پاراستنی خاکی عێراقە.”

ئەم خیانەتە کە کۆمەڵکوژییەکى گەورەی لێکەوتەوە و بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی جیاواز زیاتر لە سی هەزار کەس بەهۆی ئەو خیانەتەوە کوژران یان بێسەرشوێن بوون.

ئەوەى برینی ئەو خیانەتە ساڕێژ ناکات و لەبیر کوردی ناباتەوە، یەکەمیان شانازیکردنى ماڵی بارزانى و پەدەکەیە بەوەى لە ٣١ـی ئابدا کردیان، دووەمیان بەردەوامبوونە لەسەر هەمان هێڵی خیانەت.

ئێستاش مەسعوود بارزانی لەڕێگەی مەسروری کوڕییەوە کە سەرۆکێکی ماوەبەسەرچووی حکومەتێکی کاربەڕێکەرە بێشەرمانەترین چاوساغی و پێشقەڕەواڵی بۆ دەوڵەتێکی داگیرکەری تورکیا دەکەن و خاکی باشووری کوردستانیان لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەش بە خەلیفە نوێیەکی عوسمانی کردووە. ئەمە جگە لەوەی لە دوای کۆمەڵکوژیی شەنگالەوە تا ئێستا و لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا خیانەت و خۆفرۆشی نەماوەتەوە بنەماڵەی بارزانی بۆ دەوڵەتی تورک تاقی نەکەنەوە، ئەمە بەدەر لەوەی غوڵامێکی دڵسۆزی ئەنقەرەن و بەشێکن لەو پیلانانەی کە هەنووکە بۆ تێکدانی و داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی دەگیرێتە بەر.