لە یادی پێنج ساڵەی شەهید هەڵمەت دا؛ فێربوون لە ئەزمونی ئەو و درێژەدان بە رێگاکەی

بێگومان ئەمڕۆ باشووری کوردستان پێویستی بە زۆر هەڤاڵیتری وەک هەڤاڵ هەڵمەت هەیە، چونکە کەڵەکەبوونی قەیرانە چەقبەستووەکان، ئینجا بە رۆح و مۆڕاڵ و رێبازی هەڤاڵ هەڵمەت بگەن بەچارەسەری.

 پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسەر شەهیدبوونی هەڤاڵی پێشەنگ و ماندونەناس، هەڤاڵ دیار غەریب کە ناسراو بوو بە هەڤاڵ هەڵمەت. لە پێنج ساڵی رابردوو زۆر گوتار نووسراون، زۆریش قسە کراوە، سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی شەهید هەڵمەت. بەڵام هێشتا نەتوانراوە خەرمانی تێکۆشانەکەی بەباشی شەن و کەوی بکەین، چونکە هەڤاڵ هەڵمەت نەیهێشتبوو هیچ رۆژێکی بەفیڕۆ بچێ، پێچەوانە هەموو رۆژەکانی بە بەرهەمی شۆڕشگێڕانە پڕ دەکردەوە. چونکە هیوای لە لوتکەدابوو، جۆش و مۆڕالیشی نەک تەنها بەشی خۆی، بەڵکو بەشی هەموو ئەو کەسانەش دەکرد کە لەدەوروبەری ئەو بوون، بۆیە دەمەوێ لە پێنجەمین ساڵیادی شەهید بوونی هەڤاڵ هەڵمەتدا لایەکیتر لە تێکۆشانی بکەمەوە، ئەویش سەردەمی خەباتی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستانە.

بەشداربوونی ناوشۆڕشی کوردستان لە باشوور لە دوای ساڵی ١٩٩١ ەوە هەندێک جیاوازی هەبوو، چونکە بەشی زۆری خاکی باشوور رزگار کراو بوو، دەسەڵاتی بەعسیش لە پەلوپۆ کەوتبوو، بەڵام ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵاتی باشوور هەبوو، چونکە بەبێ پێوانە و پرەنسیب، دەستیان لە گەڵ داگیرکەرانی سەرکوردستان تێکەڵ کردبوو، بەتایبەتیش بە دەستی داگیرکەران هێرشیان دەکردە سەر پارچەکانیتری کوردستان، لەوبارەیەوە پەکەکە پشکی شێری بەرکەوتبوو، چونکە پەکەکە پێداگری دەکرد لەسەر بەردەوامی دان خەبات و تێکۆشان. ئەمەش هۆکار بووە تاکو دەسەڵاتی باشوور لەماوەی ٣٣ ساڵی تەمەنیدا، زۆرترین شەڕ پێفرۆشتن و هێرش و پەلاماری پەکەکەی بدات. ئێستاش تەنها کادیری پەکەکە بەدەستی دەسەڵاتی هەرێم، شەهید دەکرێ و دەخرێتە زیندانەکان و رادەستی داگیرکەران دەکرێنەوە، هەڵبەت لەوبارەوە پەدەکە زۆرترین تاوانی ئەنجامداوە. لەلایەکیتریش دزی و تاڵانی سەروماڵی خەڵک، هەروەها نەبوونی دادپەروەری، بەجێ نەهێنانی پایەکانی دیموکراتی بوون، بۆیە پێویست بوو تاکی باشوور لە رێگەیەکیتری تێکۆشان بگەڕابووایە، باشترین رێبازیش کە مرۆڤی گەنج و رۆشنبیر و خوێندکار وەڵامی تیا بەدەست دەکەوت، بێگومان فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و رێکخستنەکانی پەکەکە بوو.

پەکەکە وەک هێزێکی نەتەوەیی و سەربەخۆخواز دەرکەوتبووە گۆڕەپانی سیاسی و چەکداری، سەرەڕای ئەوەی هەڤاڵ هەڵمەت برا گەورەکەی لە راپەڕینی ١٩٩١ لە گوندی چیمەنی کەرکوک وەک پێشمەرگەی یەنەکە شەهیدببوو، بەڵام ئیتر شێوازی خەباتی یەنەکە بۆ هەڤاڵ هەڵمەت وەڵامدەرەوە نەبوو. بۆیە کاتێک لە ١٩٩٥ لە هەولێر خەریکی خوێندنی زانکۆ دەبێ، هەڤاڵ دکتۆر سیروان دەناسێ، لە ١٩٩٥ بەشداری ناو رێکخستنی خوێندکاران و پاشان وەک کادیرێک خەباتی لە رێکخستنی جەماوەری دا بەردەوامی پێدەدات.

لە هاوینی ١٩٩٧ بڕیار دەدرێت کە هەڤاڵ هەڵمەت بچێتە گۆڕەپانی رێبەر ئاپۆ لە سوریا، بەڵام بەهۆکاری ئۆپەراسیۆنی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراویەتی پەدەکە، بۆیە تا کۆتای ساڵ لە هەرێمی بادینان خەباتی گەریلای لەگەڵ یەکینەکانی گەریلا وەک فەرماندەی مەفرەزە بەڕێوە دەبات. لە کۆتای ساڵدا کاتێک پەدەکە لە هەرێمی سۆران گورزی کوشندە بەدەستی گەریلا دەخوات، هەڤاڵ هەڵمەت دەرفەتی بۆ دەرخسێ، لەگەڵ پۆلێک لە هەڤاڵان دەپەڕنەوە بۆ رۆژئاواو بەڕێگەی خەڵکی وڵاتپارێزی رۆژئاوا، خۆیان دەگەێنە گۆڕەپانی رێبەرایەتی لە شام. تاکو رێبەر ئاپۆ لە سوریا دەردەکەوێ هەڤاڵ هەڵمەت لەگەڵ بەشداربوونی لە خولەکانی پەروەردە، هەمانکات خەباتی ئەرشیف و راگەیاندنیش بەڕێوەدەبات. لەلایەک وانەکانی رێبەر ئاپۆ تۆمار دەکات، لەلایەکیش بە کامیراکەی فۆتۆی رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵان دەگرێت و ئەرشیف دەکات، ئێستاش زۆرێک لە فۆتۆکانی رێبەرایەتی لە ساڵی ١٩٩٨ بەدەستی هەڤاڵ هەڵمەت گیراون.

لەگەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی گەریلا، هەڤاڵ هەڵمەت ئەرکی پەروەردەی هەڤاڵانی شەرڤانی نوێی پێ سپێردرابوو لە قەندیل. لەگەڵ دیلکەوتنی رێبەرتی و تەواو بوونی کۆنگرەی شەشی پەکەکە، خەباتی هەڤاڵ هەڵمەت جارێکیتر گواسترایەوە بۆ خەباتی جەماوەری لە باشوور، تاکو ساڵی ٢٠٠١ بەردەوام بوو.

بارودۆخی باشوور لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی پەدەکە و یەنەکە و ململانێ و ناکۆکیەکانی سەر دەسەڵات و پارە، خەڵکی باشووری هیلاک کردبوو. بۆیە پێویستی بە هێز و ئیرادەیەکی زیاتر دەکرد، لەپێناو ئەوەی باوەڕی و مۆڕاڵ بۆ کۆمەڵگە بگەڕێندرێتەوە. هاوینی ساڵی ٢٠٠٠ لە کۆنفرانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆی زۆرکران بۆ ئەوەی بە رێبازێکی نوێ دەست بە خەباتی سیاسی و جەماوەری لە باشوور بکرێتەوە. ئەنجام گەیشتن بوو بە خۆڕێکخستن کردن لە بزاڤی چارەسەری دیموکراتی کوردستاندا، بۆ ئەمەش لە هاوینی ٢٠٠١ بە بەینامەیەک بزاڤی چارەسەری راگەیاندرا.

 لە زستانی ٢٠٠١ هەڤاڵ هەڵمەت گۆڕەپانی خەباتی جارێکیتر بووە بناری قەندیل، بەڵام ئەمجارە خەباتی جەماوەری بەڕێوە دەبرد، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵی خاوەن ئەزمون و گەنجی وەک شەهید ئاری، دانا، وڵات، سیپان رێبەر، پۆڵا...هتد، بەڵام بەداخەوە لە زستانی ٢٠٠١ رێک لە کۆتای مانگی شوبات، ١١ هەڤاڵ دەکەونە ژێر هەرەسی بەفر و شەهید دەبن. بەڵام دیسان خەبات بەردەوام دەکات، لەپێناو ئەوەی باشووری کوردستان بگاتە رێکخستنێکی تۆکمە.

گۆڕانکاریە جیهانی و هەرێمیەکان زۆر خێرابوون، بەتایبەت هێرشی رێکخراوی ئەلقاعیدە بۆسەر ئەمریکا و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان، هەروەها ئامادەکاری بۆ لێدانی رژێمی بەعس لە عێراق. لەولاشەوە سەرەڕای دیلکەوتنی بەڵام رێبەر ئاپۆ بە بەرگرینامەی لە دەوڵەتی راهیبی سومەروە بەرەوشارستانێتی دیموکراتی، هێز و توانا و رێنمایەکی نوێی پێشکەش بزووتنەوەی ئازادی گەلان کرد، بەتایبەت بۆ تەڤگەری پەکەکە دەرگایەکی نوێی لەبەردەم کردەوە. ئەزمونی خەباتی باشوور و رێنمای رێبەر ئاپۆ و گفتوگۆیەکانی بەڕێوەدەچوون، دۆخەکەی رەخساندبوو بۆ دامەزراندنی پارتیەکی سیاسی جەماوەری لەباشووری کوردستان.

لە سەرەتای ئاداری ٢٠٠٢ ئەندامانی کۆنگرەی یەکەمی بزاڤی چارەسەری کۆدەکرانەوە، هەڤاڵ هەڵمەت و هەڤاڵ ڤیان جاف لە پێشوازی هەڤاڵان دابوون. دیاربوو گفتوگۆی زۆریان کردبوو لەو هەلومەرجە نوێیەدا، بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بە ئەنجام بگات. لە ماوەی زیاتر لە ١٠ رۆژ گفتوگۆی ناو هۆڵی کۆنگرە، لە قەندیلی لانکەی شۆڕش و تێکۆشان، بە پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان <پەچەدەکە> خەباتی نوێ فۆڕمیلەی خۆی وەرگرت. لەماوەی کۆنگرەدا زۆرترین گفتوگۆکان لەلایەن هەڤاڵ هەڵمەت و هەڤاڵ ڤیانەوە بەڕێوە دەچوون، بەتایبەت ئاراستەی قسەو باسەکان کۆ دەکرانەوە بۆ ئەوەی لە باشووری کوردستان رۆڵێکی تازە ببینرێت، لەلایەک کەموکوڕیەکانی رابردوو دووبارە نەکرێنەوە، هەمانکات بەبێ جیاوازی کادیری هەموو پارچەکان لە تێکۆشان رۆڵی خۆیان ببینن، واتا سیاسەتی ناوچەگەری حیزبە کلاسیکەکان تێپەڕێنرێت و لە ئامادەباشیدابن بۆ ئەگەری کەوتنی رژێمی بەعس.

کەسە پاکتاوکار و لادەرەکانی وەک <فەرهاد و بۆتان> کە دەیانویست پەچەدەکە بۆ مەرامی خۆیان ئاراستەی بکەن، یەکێک لەو هەڤاڵانەی کە رووبەڕوویان دەوەستایەوە هەڤاڵ هەڵمەت بوو، بەتایبەت چەمکی پارە بەخشینەوەو بەپارە خەڵک بەشداری پێکردن. نمونە فەرهاد دەیویست خەڵک بە ٥٠ مارک وەک پێشمەرگە بەکرێ بەشداری پێبکات، بەڵام هەڤاڵ هەڵمەت لەگەڵ ئەوەی باوەڕی پێنەبوو، هەمانکات بە زمانێکی مەسخەریەوە دەیگووت، لە ساڵێکدا یەک کەس هاتووە بە پارە خەبات بکات، چونکە باوەڕی هەڤاڵ هەڵمەت وابوو ئەگەر مرۆڤ لەلایەنی هزری و سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئیقناع نەبوو، ئەوا بەشداربوونی لە تێکۆشان هیچ سوودی نابێ.

هەڤاڵ هەڵمەت لە کۆنگرەی یەکەم لەگەڵ ئەوەی شوێنی لە دیوانی بەڕێوەبردنی کۆنگرەدا گرت، هەمانکات هەڵبژێردرا وەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و دواتریش وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی. لە کۆنگرەی دووەم و سێیەمیش بەهەمان شێوە لەگەڵ ئامادەکردنی کۆنگرەکان، هەمانکات لە سەرخستنی کۆنگرەکان رۆڵی سەرەکی هەبوو، چونکە دەیگووت کۆنگرە بەر لەکۆنگرە دەبێ سەرکەوتنەکەی دیاربێ. بەڕێوەبردنی تێکۆشانی دیموکراتیانە لە عێراقی دوای رووخانی رژێمی بەعس و سەرپێخستنی پارتیەکی سیاسی کە زۆربەی کادیرەکانی خاوەن ئەزمونی سیاسی و رێکخستنی نەبوون، لەلایەکیتر لە ناو هەژموون و دوژمنایەتی دەسەڵاتی هەرێم و بەردەوام راونان و گرتن و نانبڕین و پیلان لێکردنی، کارێکی هەوەنتە نەبوو.

لە کۆنگرەی چوارەم بەدواوە هەڤاڵ هەڵمەت وەک سەرۆکی پەچەدەکە هەڵبژێردرا، لە کۆنگرەی پێنجەمیش وەک هاوسەرۆک بەردەوامی بە خەباتی خۆیدا. لەگەڵ ئەوەی ئەزمونی هاوسەرۆکایەتی هێشتا نوێ بوو، بەڵام هەڤاڵ هەڵمەت هاوسەنگی رەگەزی رادەگرت و زۆرترین فیداکاریشی دەکرد بۆ ئەوەی هەڤاڵانی ژن هەست بە هەژموون و فشاری پیاوسالاری نەکەن و شانبەشانی یەکتری بە رۆحێکی هەڤاڵایەتی بڵند، خەبات و تێکۆشان بەرەو پێشەوە ببەن.

لە ماوەی ١٢ ساڵی خەباتی پەچەدەکەدا هەڤاڵ هەڵمەت زۆرترین هەوڵ و ماندووبوونی نیشاندا، لە هەموو خەباتەکانی رێکخستنی، راگەیاندنی، دیبلۆماسی و پەروەردەی پێشەنگایەتی بۆ کرد. هەوڵیدا لە زاخۆوە تا خانەقین، پەچەدەکە بکاتە پارتی سەرجەم خەڵکی باشووری کوردستان. چەندینجار خۆی پێشنیار کرد لە هەرێمی بادینان خەبات بەڕێوەببات، چونکە خۆشەویستیەکی تایبەتی بۆ خەڵکی بادینانی هەبوو. تایبەت دەیویست لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزیدی و کاکەی و هەورامی و فەیلی و شەبەکدا پەیوەندی دروست بکات و شوێنیان لەناو رێکخستنەکاندا بۆ بکاتەوە. زۆرترین هەوڵیدا بۆ ئەوەی پەیامی رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنە جێبەجێ بکات، ئەمەش هۆکاربوو کە هەڤاڵانی ژنیش متمانەی زۆریان بە هەڤاڵ هەڵمەت هەبوو.

پەچەدەکە لە کۆنگرەی شەشی لە ١٦-١٠-٢٠١٤ کۆتای بەکارەکانی هێنا، بەشداری کرد لە رێکخستنی چەتر ئاسای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان. ئەگەرچی ئێستا پەچەدەکە وەک رێکخستن نەماوە، بەڵام میراتی پەچەدەکە لە تەڤگەری ئازادی دا کۆبۆتەوە. هەڤاڵ هەڵمەت لەپێناو ئاوابوون و سەرکەوتنی خەباتی تەڤگەری ئازادیش زۆرترین هەوڵی بۆ دەدا، چونکە وەک بەشێک لە خەباتی خۆی دەزانی. زۆرترین پرۆژە و پلان و سەرەنج و تێبینی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی دەکرد. وەک ئێمە چۆن دەزانین کە هەڤاڵ هەڵمەت ستوونێکی سەرەکی خەبات و تێکۆشانی باشوور بوو، ئەوا بەهەمانشێوە دوژمن و بەکرێگیراوانیشی وایان سەیر دەکرد، بۆیە کردیانە ئامانجی هێرشەکانیان و لە رۆژی ٢٦-٦-٢٠١٩ لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە بناری قەندیل شەهید بوو. بێگومان ئەمڕۆ باشووری کوردستان پێویستی بە زۆر هەڤاڵیتری وەک هەڤاڵ هەڵمەت هەیە، چونکە کەڵەکەبوونی قەیرانە چەقبەستووەکان، ئینجا بە رۆح و مۆڕاڵ و رێبازی هەڤاڵ هەڵمەت بگەن بەچارەسەری.  

هـ . ب