مەسرور بارزانی دەڵێت ناتوانن موچەی کارمەندان دابین بکەن و کارمەندان دەستیان بە مانگرتن کرد

کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رانیە بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کرد. سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش قسەی کرد و هیچ هیوایەکی بە هاوڵاتیان نەدا بۆ موچەکانیان و شاسوار عەبدولواحیدیش وڵامی مەسرور بارزانی دایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان، کارمەندانی پەروەردەی رانیە بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد و دەوامی فەرمیان بەجێهێشت.

لە پارێزگای هەڵەبجەش کە ، نزیکەی ٤٥ رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، دوو رۆژە کارمەندانی پەروەردەی پارێزگاکە دەستیان بە بایکۆتی دەوام کردووە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی نەوت و نەدانی موچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد. مەسرور بارزانی وتی، 'بەغدا پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە نانێرێت'.

ئەوە لەکاتێکدا کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو گەیشتوەتە نزیکەی ١٢٠ دۆلار، حکومەتی هەرێمیش نەوت دەفرۆشێت، بەڵام داهاتەکەی دیار نیە.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ وڵامی قسەکانی مەسرور بارزانی دایەوە و وتی، "سەرۆکی حکومەت دەڵێت سواڵکەر نین، بەڵام دەچێت لە وڵاتی تر دەپارێتەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان."

شاسوار عەبدولواحید بە مەسرور بارزانی دەڵێت، "باس لە چاکسازی دەکەن کام چاکسازی کردووە ئەوەی لە هەر بەرمیلێک نەوت ٦٠ دۆلار دیارنامێنێت؟"، دەشڵێت، ئەگەر ناتوانن مەلەفی نەوت چاک بکەن و چاکسازی بکەن دەست لەکاربکێشنەوە."

ف.ق