نەتەوە یەکگرتووەکان کە گۆشەگیری ئیمراڵی کردە ڕۆژەڤی خۆی، داوای بەرگری لە تورکیا کرد

ڕاپۆرتدەری تایبەت مائیدە نائۆکۆ لە دانیشتنی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد. تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و لەم بارەیەوە داوای بەرگری لە تورکیا کرد.

 ٨ ی تەمموز لە کۆشکی ویڵسنی سەر بە ئۆفیسی ژنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٨٠ هەمین دانیشتنی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێ کرد و دانیشتنەکە بەردەوامە.

لە چوارچێوەی دانیشتنەکەدا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ دەکرێن. ڕاپۆرتدەرانی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە پەیوەست بە تورکیا ڕاپۆرت پێشکەش دەکەن، هەروەها شاندی تورک بەشداری دانیشتنەکە بوون.

گوێ لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گیرا

١٦ ی تەمموز ڕۆژی سێشەممە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەست بە تورکیا ڕاپۆرتیان پێشکەش بە کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. کۆمیتەکە و نوێنەری ڕێکخراوەکان دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەوە و گوێبیستی سیمینارەکان بوون لەبارەی ڕاپۆرتە ناوبراوەکان.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە پشت پەردەوە دەستمان کەوتووە، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی مافی قسەکردنیان وەرگرتووە، سەرنجیان بۆ ئاستی پێشێلکردنی مافەکان لە تورکیا ڕاکێشاوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە تورکیا پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجە، جێبەجێ ناکات.

لە بەشی ئەمڕۆی دانیشتنەکەدا، سەرەتا دەوڵەتی تورک ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش کرد. دوای شاندەکەی تورک، ڕاپۆرتدەری تایبەتی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەختیار توزموخامەدۆڤ و مائیدە نائۆکۆ، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە تورکیا، سیمیناریان پێشکەش کرد.

توزموخامەدۆڤ: پێویستە پێشنیارەکان جێبەجێ بکرێن

توزموخامەدۆڤ تیشکی خستەسەر پێشێلکارییەکان لە زیندانەکانی تورکیا، ڕایگەیاند لە تورکیا مافی زیندانییەکان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان ئاستەنگ دەکرێت و ڕووداوی دیکەی هاوشێوە هەن. توزموخامەدۆڤ دووپاتی کردەوە لە دانیشتنەکانی دژی ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین پێشنیار بۆ تورکیا کراون، بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەکراون.

ڕاپۆرتدەری تایبەت مائیدە نائۆکۆ لەبارەی ئیمراڵییەوە پرسیاری کرد و داوای بەرگری کرد

ڕاپۆرتدەری تایبەت مائیدە نائۆکۆ چەندین پرسیاری لە شاندەکەی تورک کرد. نائۆکۆ ڕایگەیاند بەهۆی یاساکانی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"ـەوە لە تورکیا چەندین پێشێلکاری ئەنجام دەدرێن، جەختی کردەوە، ئەم یاساییە دژی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوان و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەکاردێت.

پرسیاری ئیمراڵی لە تورکیا کرد

نائۆکۆ تیشکی خستەسەر ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی ل هەلومەرجێکی سەختدا گۆشەگیرکراوە. جەختی کردەوە بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەردەستیان، زیاتر لە ٣ ساڵە زیندانیانی ئیمراڵی پەیوەندیان لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕاوە، گوتی: "لە ٢٥ ی ئاداری ٢٠٢١ ـەوە تا ئێستە، ٤ زیندانی لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە. ڕێگە بە چاوپێکەوتنی پارێزەران نادرێت. سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماتیکەکان دەربارەی ڕەوشی زیندانییەکان، بەڵام هیچ زانیارییەک نییە. پێشتر دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دۆزی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بڕیاری دا بوو کە خاڵی سێیەمی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێلکراوە. وەک کۆمیتەکە، دەمانەوێت هۆکاری ئەم ڕەوشەی ئیمراڵی باس بکەن".

ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی خۆیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پەیوەست بە پێشێلکارییەکان پرسیار لە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەکەن. تورکیاش هەوڵیدا وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.

نزیکەی ٣٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد

کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و ڕێکخراوی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و یاسا (TOHAV) و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) و دامەزراوەی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە (OMCT) و چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و چەندین ڕێکخراوی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی، نزیکەی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دانیشتنەکانی تایبەت بە تورکیا ڕاپۆرتیان پێشکەش کرد.