پەدەکە هاتوچۆی هاووڵاتییانی لە ٥٣ گوندی ناوچەى برادۆست قەدەغە کرد

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی بۆ دەوڵەتی تورک هاتوچۆی هاووڵاتییانی لە ٥٣ گوندی ناوچەى برادۆست قەدەغە کرد. بۆ ئەو قەدغەکارییە هەڕەشەی لە هاووڵاتییان کردووە و رایگەیاندووە، دەکرێنە ئامانجی دەوڵەتی تورک.

 ئاژانسی هەواڵی رۆژ نیوز بڵاویکردەوە، پەدەکە بە فەرمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ڕێگای هاتووچۆی ٥٣ گوندی برادۆست لە هاووڵاتییان قەدەغە دەکات و گوندنشینانیش ئاگادار دەکاتەوە، هەر کەسێک بچێتە دەرەوەی ئەو سنورانەی بۆیان دیاری کراوە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە دەکرێتە ئامانج.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، بە فەرمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، دەستیان کردووە بە داخستنی چەندین گوند لە سنووری دەڤەری برادۆستی سنووری پارێزگای هەولێر.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، پەدەکە، لە ڕێگەی دانانی خۆڵ لەسەر ڕێگاکان و دانانی هێزی پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەی هەڵگورد، لە دەوروبەری گوندەکان، تائێستا ڕێگای هاتووچۆی ٥٣ گوندی سنووری برادۆستی داخستووە و قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاندووە، کە بەشێک لەو گوندانە بریتین لە گوندەکانی: (بێرکم، گوندی دەراو، سنین، بەربزن و مێرگەڕەش، بێرکم و ناوداروک) لە سنوری شارەدێی سیدەکان لە دەڤەری برادۆستی سنوری پارێزگای هەولێر.

هەر بەپێی زانیارییەکان دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە پەدەکەی ڕاگەیاندووە، هاوڵاتیانی ئەو سنورە ئاگادار بکاتەوە، هەر کەسێک بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختەی هێزەکانی پەدەکە بچێتە دەرەوەی سنووری گوندەکانیان ئەوا ڕاستەوخۆ لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە دەکرێنە ئامانج.

داخستنی رێگای هاوتۆچوو لە هاووڵاتیان لە کاتێکدایە، دەڵەتی تورکی داگیرکەر بە بەردەامی هاووڵاتییان و گوندەکانی باشووری کوردستان و باخ و رەزی هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج و سیاسەتی بە سوتماکردنی خاک لە دژی باشووری کوردستان بەڕێوەدەبات. ئێستاش پەدەکە بۆ تەواوکردنی ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گرفتی بۆ دانیشتووانی گوندەکان و ئاژەڵداران دروستکردووە و بەو هۆیەوە ناتوانن بە ئازادی سەردانی ڕەز و باخەکانیان بکەن و ئاژەڵەکانیان بلەوەڕێنن.

ژ.ت