پرۆفیسۆر قەدری یڵدرم پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە کۆچی دوایی کرد

پرۆفیسۆر دکتۆر قەدری یڵدرم پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە لە دوای تێکچوونی باری تەندروستیی رەوانەى بەشی فریاگوزاریی خێرا و وردی نەخۆشخانەیەکى ئامەد کرا، بەڵام بەهۆی خۆێنبەربوونی مێشکەوە گیانی لە دەستدا.

پەرلەمانتاری پێشووی سێرتی هەدەپە پرۆفیسۆر قەدری یڵدرم ٥ رۆژ لەوە پێش بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە رەوانەى بەشی فریاگوزاریی خێرا و وردی نەخۆشخانەیەکی ئامەد کرا و دوای ٤ رۆژ مانەوەی لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکەکاندا دوێنێ ٢٦ی ئاداری ٢٠٢١ لە نەخۆشخانەى میمۆریالی تایبەت لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

پرۆفیسۆر قەدری یڵدرم ١٠ ساڵ لەوە پێشیش تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو بوو و لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠یشدا تووشی پەتای کۆرۆنا بوو بوو.

پرۆفسیۆر قەدری یڵدرم ٥ی شوبایت ١٩٥٩ لە ناوچەى لیجەى ئامەد لە دایکبووە. لە دوای بڕینی قۆناغەکانی خوێندن و زیاتر لە ١٣ ساڵ مامۆستایی لە ساڵی ٢٠١٠ پلەى پرۆفیسۆریی وەرگرت. مامۆستای زانکۆی و سەرۆکی بەشی تیۆلۆژی (ئیلاهیات)ی زانکۆی دیجلەى ئامەد و سەرۆک و دامەزرێنەری بەشی کوردۆلۆژیی زانکۆی ئارتوکلوی مێردینی کردووە.

 لە بوارەکانی رۆشنبیری و بە تایبەتی خەبات بۆ خوێندن و بە فەرمیکردن و زیندووراگرتنی زمانی کوردی تێکۆشانێکی بەردەوام و بێوچانی ئەنجامداوە و ١٤ کتێبی هەیە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا لەسەر لیستی هەدەپە لە شاری سێرتی باکووری کوردستان خۆی بۆ پەرلەمان پاڵاوت و بۆ دوو خول نوێنەری سێرت بوو لە پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی هەدەپە.

بڕیارە تەرمەکەی پرۆفیسۆر قەدری یڵدرم لە ئامەد بەخاکسپێردرێت.

ژ.ت