پێشەنگای (بەهاری کەرکوک) ونمایشی نەمامە ڕەنگینەکان

لە شاری کەرکوک چالاکییەکی ژینگەی لەژێر ناوی پێشەنگای(بەهاری کەرکوک) ڕێکخرا بە بەشداری نەمامگەکانی شارەکە جۆرەها نەمامی جیاواز نمایش کران.

ئەمرۆ لە شاری کەرکوک لە باخچەی قەڵای کەرکوک، بە بەشداری بەرپرسانی شارەوانی کەرکوک و چەند لایەنێکی ژینگەپارێز پێشەنگایەک ڕێکخرا لەژێر ناوی (بەهاری کەرکوک)، پێشەنگاکە بەهاوکاری بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکوک، کۆلێژی کشتوکاڵی کەرکوک و کۆلێژی کشتوکاڵی حەویجە و بە بەشداری چەندین ڕێکخراوی ژینگە پارێز و ژمارەیەک لە نەمامگەکانی شاری کەرکوک بەرێوەچوو،

لە پێشەنگاکەدا چەندین نەمامی جۆراوجۆر نمایش کران و هەروەها ئەو نەمامگانەی کە بەشداربوون لە پێشەنگاکە داشکانیان کردبوو لەسەر تەواوی نەمامەکان.

شکۆفە محەمەد عوبەید،ژینگەپارێز و ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " ئێمە ئەمرۆ وەکو چەند ڕێکخراوێکی پاراستنی کشتوکاڵ لە شاری کەرکوک بەهاوکاری هەریەک لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکوک، کۆلێژی کشتوکاڵی کەرکوک و کۆلێژی کشتوکاڵی حەویجە بە باشمان زانی بەم پێشەنگایە هەڵبستین، وە ناوی ئەم پێشەنگایەمان نا (بەهاری کەرکوک) چونکە لەئیستادا کەرکوک لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بایەخدان هەیە بە ژینگە و کشتوکاڵ لە شارەکە."

هەروەها شکۆفە محەمەد ووتیشی: "لەم کاتەدا کە پەتای کۆرۆنا بڵاوە ئێمە پێویستیمان بە ژینگەیەکی پاک و خاوێن هەیە، وە جێگای داخە ئەمرۆ زبڵ و خاشاك شاری کەرکوکی تەنیوە بەشیوەیەک کە مەترسییەکان زیاتربوونە لەسەر تەندروستی و باری دەرونی هاووڵاتیانی کەرکوک."

لەکۆتایدا شکۆفە محەمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " هەوڵمانداوە لە ڕێگەی ئەم چالاکییە پەیامی خۆمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەینین و ڕایبگەینین کە زەنگی مەترسی لێداوە لەسەر ژینگەی شاری کەرکوک بۆیە پێویستە هەوڵی جدی بدەین بۆ زیادکردنی پانتایی سەوزایی، لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە هەوڵدەدەین فشار بخەینە سەر لایەنە پەیوەندی دارەکانی شاری کەرکوک بۆ زیادکردنی پانتایی سەوزایی لە کەرکوک."

 

ک-ش