'زەینەب جەلالیان تووشی چەندین نەخۆشی بووە و پێویستە ئازاد بکرێت'

نووسینگەی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دۆخی زەینەب جەلالیان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوای ئازادکردنیی کرد.

نووسینگەی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە دۆخی زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی رژێمی ئێراندا کرد و رایگەیاند، زەینەب جەلالیان تووشی چەند نەخۆشی جۆراوجۆر بووە و زیاتر لە ساڵ و نیوێکە، دایکە بە تەمەن و بنەماڵەکەی ئاگاداری دۆخیی نین.

راگەیەنراوی نووسینگەی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لەبارەی زەینەب جەلالیان بەم شێوەیەیە:

"ژنە بەندکراو، زەینەب جەلالیان کە بە بیانوی پەیوەندی لەگەڵ گروپە دژبەرەکان، بە بەندکرانی هەتاهەتایی سزا دراوە، نزیکەی ١٥ ساڵە لە ماوەی سزاکەی لە گرتووخانەکانی خۆی، ورمێ، کرماشان، تاران، قەرچەک، یەزد و کرمان بە سەر بردووە و تێی پەراندووە.

دەگوترێ، ناو براو، تووشی چەند نەخۆشی جۆراوجۆر بووە و زیاتر لە ساڵ و نیوێکە، دایکە بە تەمەن و بنەماڵەکەی ئاگاداری دۆخیی نین.

نووسینگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە سەرنج ڕاکێشان بۆ سەر دۆخی نەخۆشی زەینەب جەلالیان، پاش تێپەڕاندنی ١٥ ساڵ لە سزاکەی، داوای ئازادی بۆ ناو براو دەکات.

بەو هیوایەی کاربەدەستانی دەزگای داد و دەزگای ئاسایشی پێوەندیدار، بە کەمکردنی ماوەی سزاکە و پێداچوونە لە دۆسیەی ئەم بەندکراوە، هەلێک بۆ ئازادی ناوبراو بڕەخسێنن."

ف.ق