پەژاک جەژنی ١٧هەمین ساڵیادی دامەزارندنی خۆی شکۆمەندانە بەڕێوەبرد

پەژاک جەژنی ١٧هەمین ساڵیادی دامەزراندنی و ٧٣هەمین ساڵیادی لە دایکبوونی رێبەر ئاپۆی بە شێوەیەکی شکۆمەندانە لە چیا ئازادەکانی کوردستان پیرۆز کرد.

گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە ٤ی نیسانی ٢٠٢١دا لەگەڵ گەل لە چیا ئازادەکانی کوردستاندا مەراسیمی رێزلێنانی ٤ی نیسانیان بەڕێوەبرد.

سەرەتا لە شەوی ٤ی نیساندا گەریلاکانی کوردستان لەگەڵ گەل دا بە ئاگر ناوی ئاپۆیان لە چیا ئازادەکانی کوردستان نووسی و جەژنیان گێڕا و بە وتنەوەى دروشم سڵاویان لە رێبەر ئاپۆ و بەرخودانی ئیمرالی کرد و بەو شێوە بە پیری ٤ی نیسانەوە رۆیشتن.

مەراسیمی شکۆمەندانەی ٤ی نیسان لەلایەن گەل و گەریلاوە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی رێگای ئازادی بە تایبەتی شەهیدان زاگرۆس مانی و شەوگەر چیا دەستیپێکرد و دوای رێزگرتنەکە نوژین بێریتان ئەندامی مەجلیسی پەژاک لەبارەی گرنگیی ٤ی نیسانەوە وتی، "٤ی نیسان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. رۆژی هەستانەوە و ژیانەوەى گەلێکی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. لەم رۆژەدا تێکۆشانی گەلی کورد لە پێناو بەدەستهێنانی ناسنامە و کولتوری راستەقینەیدا ژیایەوە و رۆژ بە رۆژ پەرەی سەند.

وتیشی، پێوستە گەریلا و گەل و وڵاتپارێزان و کادێرانی خۆجێی بە تێگەیشتنی قوڵ لەم رۆژەدا درێژە بە تێکۆشان بدەن. دەبێت بزانین، کە دامەزراندنی حیزبێک بە بیر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بە مانای شەرافەت و کەرامەتی مرۆڤایەتییە. رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر هەموو هێرش و پەلامارەکاندا بۆ سڕینەوەى گەلی کورد بە تایبەتی لە ئیمرالی بەرخودانێکی مێژوویی لە خۆی نیشانداوە.

بێریتان لەبارەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ئەوەشی وت، پەژاک بە درێژایی ١٧ ساڵ لە تێکۆشانی خۆی شەهیدانی زۆر رێزداری پێشکەشکردووە، کە بە تێکۆشان و گیانفیداییەکانی خۆیان مێژووییەکی ماناداریان لە خۆیان بەجێھێشت. مێژوویەک، کە پێویستی بە سەرکەوتن و هێنانەدیی ئامانجەکانی شەهیدان هەیە. پەژاک بە ئیدعا و پێداگریی بەردەوامی بۆ هێنانەدیی ئامانجی دیموکراتیک هەنگاو دەنێت و بۆ هەموو سات و کاتێک خۆی ئامادە دەکات. ٤ی نیسان دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ بەرزکردنەوەى ئاستی تێکۆشان و بەرەوپشبردنی سیاسەتی دیموکراتیک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.

نوژین بێریتان ئەندامی مەجلیسی پەژاک لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند، دەبێت وڵاتپارێزان و لایەنگرانی پەژاک بە بیر و رامان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ هەموو گۆڕەپانەکان بکەنە گۆڕەپانی تێکۆشان و بەرفراوانترکردنی بیر و رامانی رێبەرایەتی.

لە دوای پێشکەشکردنی وتەکان چڕینی گۆرانی و سرود و شێعر لەلایەن گەل و گەریلاوە مەراسیمی ناشتنی درەخت بە مانای نوێکردنەوەى پەیمان و بەڵێن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ و سروشت درێژە بە مەراسیمەکە درا.

لە مەراسیمی ٤ی نیسان دا فاتمە سەقزی لە هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان وتی، ئەمڕۆ لە هەموو گەلی کورد بە تایبەتی ئازادیخوازان و بنەماڵەى شەهیدان پیرۆز دەکەم. پێویستە تاوەکو بە دەستهێنانی زانیارییەکی روون لە رێبەرایەتیمان رانەوەستین، چونکە تەندروستیی رێبەر ئاپۆ لە مەترسیدایە.

هەروەها رۆناهی سنە چالاکوانی ژن ئەو رۆژەی لەگەلی کورد و بنەماڵەى رێبەر ئاپۆ و هەموو ئەو کەسانە پیرۆز کرد، کە بۆ گەیشتن بۆ ئازادی تێدەکۆشن و وتی، پێویستە بە هۆشیاری لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان لە بەرامبەر داگیرکەریدا بوەستینەوە. دەبێت ئازادیی رێبەر ئاپۆ ئامانجی سەرەکیی هەموو تاکێکی کورد بێت. لەم پێناوەدا گەنجان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان دەبێت بە تێکۆشان لە دژی زوڵم و ستەم راپەڕن.

خەندە سەردار قادر لە هاووڵاتییانی کوردستان ئەم رۆژەی لە رێبەر ئاپۆ و هەموو ئازادیخوازان پیرۆز کرد و وتی، ئەم رۆژە شکۆمەندە لە هەموو ئازادیخوازان و بنەماڵەى شەهیدان پیرۆز دەکەم و هەموو ئومێد و ئارەزووم سەرکەوتنی گەریلایە لە هەموو گۆرەپانەکانی تێکۆشاندا. بۆ هەر چوار بەشی کوردستان و تێکۆشانیان هیوای سەرکەوتن دەخوازم.

رێبین سنە هەڵسوڕاوی سیاسی لەبارەی ئەو رۆژەوە وتی، پێویستە گەنجان و گەلی کورد بە تێگەیشتن و ناسینی پێویست لە دوژمن دەست بە تێکۆشان لە دژی زوڵم و ئیستبداد بکەن و راپەڕن. دەبێت بزانین، کە بە رێبەری ئازادەوە دەتوانین بە خواست و ئامانجەکانمان بگەین.

جوانە سنە ئەندامی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی کەژار ٤ی نیسان ساڵڕۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پەژاکی لە هەموو گەلی کورد و ئازادیخوازان پیرۆز کرد و وتی، ئەم رۆژە بە مانای رۆژی هەستانەوە و ژیانەوەى گەلی کورد و گەلانی چەوساوە و زوڵمێکراوە. هاوکات ئەم رۆژە بە مانای لە دایکبوونی ئازادیی ژنانە. ١٧ ساڵ بەرخودان و تێکۆشانی پەژاک پێناسەیەکی نوێی بۆ تێکۆشان و ژیانی ئازاد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئافراندووە. بوونی گەلی کوردی لە پێناسەى رێبەر ئاپۆدا بۆ گەل و ئازادیی خۆیان مانادار کردووە. پێویستە تاوەکو ئازادیی ریبەرمان رانەوەستین و درێژە بە تێکۆشانەکەمان بدەین.

لە کۆتایدا مەراسیمی ٤ی نیسان بە گۆڤەند و شایی و هەڵپەڕکێ لەلایەن گەلی کورد و گەریلاوە کۆتایی پێهات.

ژ.ت