قەرەیلان: هیچ پلانێکیان سەرناکەوێت -١-

قەرەیلان رایگەیاند، نەورۆز و بەرخۆدانی گارە پیشانیدا کە 'پلانی چۆکدادان' شکستی هێناوە و وتی، "هیچ پلانێکی قڕکردنیان لە بەرانبەر گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی سەرناکەوێت. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت."

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بانگی لە هەموو پارتە سیاسیەکان، رێکخرا و دەزگا کوردستانیان کرد و وتی، "پێویستە هەموومان لەم قۆناغە هەستیارەدا هەستیار بین و بۆ گەشکردنی یەکێتی نەتەوەیی خاوەنی بەرپرسیاری خۆمان بین. لەم قۆناغەدا پێویستە هەموو کەسێک لەلای خۆیەوە هەوڵ بدات. ئێمە وەک پەکەکە هەوڵ بۆ ئەمە دەدەین و بۆ بەرەوپێشەوەبردنی سیاسەتی هاوکاری و نەتەوەیی و ئەنجامدانی یەکێتی نەتەوەیی بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ دەکەین."

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بووە میوانی رادیۆی دەنگی وڵات. ئێمە وەک بەشی سۆرانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بە دوو بەش تەواوی هەڤپەیڤینەکە بڵاودەکەینەوە.

لەدوای بەرخۆدانی گارە هەڵوێستی پەدەکە لە بەرانبەر تەڤگەری ئازادی کورد گۆڕانکاری بەسەرداهات؟ ئایا لەنێوان ئێوە و پەدەکەدا هیچ چاوپێکەوتنێک و کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا؟

سەرکەوتنی گارە بۆ هەموو گەلی کورد سەرکەوتنێکی گەورە بوو، لەبەرئەوەی دوژمن دەیویست لە گارە ئەنجام بەدەستبهێنێت و بەم شێوەیە دەیویست لە هەرێمەکە خۆی جێگیر بکات. ئەوە سەرنەکەوت و شکستی هێنا. ئەوەی دیکە دەوڵەتی تورک ئەوەندە خۆی بە گەورە دەزانی، خۆی وا نیشاندەدا کە دەست بۆ هەر جێگایەک ببات، دەتوانێت دەستی بەسەردابگرێت و کەس ناتوانێت هیچ شتێک بکات. شکستی دەوڵەتی تورک لە گارە دەریخست کە راستی شتێکی دیکەیە. کاتێک لەبەرانبەری ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت، هێزی لەشکەری و تەکنیکی ئەو ئەوەندە بەهێز نابێت. ئەم راستیە لە سەرکەوتنی گارەدا ئاشکرا بوو. ئەمە دەستی سیاسەتی کوردیشی بەهێز کرد. هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠٠٨دا دەوڵەتی تورک لە زاپ شکستی هێنا و ئەوەش دەستی سیاسەتی کوردی بەهێز کرد، بەرخۆدان و سەرکەوتنی گارەش هەمان رۆڵی بینی. ئەمڕۆ دەستی سیاسەتی کورد زیاتر بەهێز بووە. بێگۆمان هەموو کەسێک بەرخۆدان گارە شیکردەوە، نە تەنها گەلی کورد هەموو هێزەکانی هەرێمەکە ئەمەیان کرد. لەسەر ئەم راستیە کە سیاسەتی خۆیان ئاشکرا دەکەن و بە سیاسەتەکیاندا دەچنەوە. من لەم بڕوایەدام کە هەستیاری ئەم قۆناغە و سەرکەوتنی گارە کەشوهەوایەکی ئەرێنی خوڵقاند، وەک ئێوە وتتان، دۆخێکی بەم شێوەیە نییە کە مرۆڤ لەگەڵ پەدەکە لەبارەی پرسێک گفتوگۆ بکات، بەڵام گرنگ چاوپێکەوتن، پەیوەندی نییە، گرنگ ئەوەیە کە چۆن نزیکی پرسەکان ببن و پێویستە هەموو کەسێک لەم قۆناغە تێبگات. بڕوامان وایە لەمبارەیەوە ئاستێک دەبێت.

دوای ئەوەی تەڤگەرەکەتان بانگەوازی بۆ یەکێتی نەتەوەیی کرد، پەدەکە هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی گەریلا. ئەم پرسە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەرلە هەموو شتێک پێویستە باش لەم سەردەمەی کە تێیداین تێبگەین. ئەمڕۆ لە هەرێمەکەمان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگی سێیەمی جیهانی هەیە. بەم شەڕە دەیانەوێت سیستمی سیاسی سەدەی ٢٠ بگۆڕدرێت و سیستمی سەدەی ٢١ دروست بکرێت. دەزانرێت کە لە سیستمی سیاسی سەدەی ٢٠دا جێگەی کورد نەبووەوە. بەداخەوە لە پەیمانی لۆزاندا نەبووین و مافی کورد فەرامۆشکرا. بێگۆمان گەلەکەمان لە بەرانبەردا بێدەنگ نەماوەتەوە. لەبەرئەوەی ١٠٠ ساڵە لە کوردستان شەڕ هەیە، خوێن دەڕژێنرێت، رووداوی تراژیدی گەورە روودەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا گەلەکەمان تا ئەمڕۆ بەرخۆدانی کردووە.

پرسە گرنگەکە ئەمەیە، لە سیستمی نوێی سیاسی سەدەی ٢١دا کورد جێگەی خۆیان دەگرن یان نە. بۆ ئەوەی کورد لەناو ئەم سیستمەدا جێگای خۆی نەگرێت، ئەو هێزانەی کوردستانیان داگیرکردووە، هەوڵێکی گەورە دەدەن. بە پێشەنگایەتی دەوڵەتی تورک ئەمە بەڕێوەدەبەن. دەیانەوێت لەناو سیستمی سیاسی نوێدا کورد جێگەی خۆی نەگرێت.

بێگۆمان ئێمەش لەبەرانبەر ئەوە بێدەنگ نین. راست نییە کە بزووتنەوەکانی کوردی دەست لە تێکۆشان هەڵبگرن و بێ ستراتیژی بجووڵێنەوە. ئێمە وەک گەلی کورد پێویستە ستراتیژیەکی هاوبەشمان هەبێت و لە بەرانبەریان بووەستینەوە و هەوڵ بدەین. ئەگەر لۆزانێکی دیکە ببەسترێت، نە دەستکەوتی رۆژئاوا و نە دەستکەوتی باشوور دەمێنێن.

تەمەنی پەیمانی لۆزان ١٠٠ ساڵە و دوو ساڵی دیکە واتە ٢٠٢٣ کاری پێناکرێت. ئەردۆغان پێشتر دەیگوت، "ئێمە ئەو پەیمانە قبوڵ ناکەین و تێیدا مافمان خوراوە."ئێستاش کۆنگرەی پارتەکەی ئەنجام دەدات و بۆ قۆناغی نوێ خۆی ئامادە دەکات. لە راستیدا دەوڵەتی تورک ئەردۆغان بۆ ئەم قۆناغە ئامادە دەکات. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین لە ساڵی ٢٠٢٣دا پەیمانی لۆزان کۆتایی دێت و ئەوانیش خۆیان ئامادە دەکەن. ئێستا هەموو ئامادەکاریەکان لەسەر ئەم شتەیە. بێگۆمان ئەمانە پرسی ستراتیژی و گرنگن. بۆیەش پێویستە سیاسەتی کورد بە شێوەیەکی ستراتیژی بجووڵێتەوە. دەیانەوێت سنوری میساقی میللی داگیر بکەن. لەم قۆناغەدا نابێت کڵاوی خۆمان لەبەردەم خۆمان داینێین و بە هزرێکی تەسک نزیک ببینەوە. لە ئەنجامی هێرشەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک نە تەنها گەلی کورد بەڵکو، گەلانی عەرەب، ئاشور، سریان و گەلانی دیکەش زیانیان بەردەکەوێت. هەم گەلی کورد و هەمیش گەلانی دیکەی هەرێمەکە پێویستە لە بەرانبەر ئەم دۆخە هەستیار بن و بە شێوەیەکی راست و دروست بجووڵێنەوە. پێویستە هیچ کەسێک بە  هەڵویستێکی ' با بچوک بێت با موڵکی من بێت' نەجولێتەوە. ئەوە هەڵوێستێکی راست و دروست نییە. کاتی ئەوە نییە کە مرۆڤ بە تەسکی و بچووکی لە پرسەکان رزگاری ببێت. دۆخەکە لەبەرچاوە، وابەستەی هەموو کەسێکە. ئەگەر تۆ بە تەنها هەندێک شتت بۆ خۆت دەوێت، ئەو شتانەش لە دەستت دەچن. ئەم سەردەمە بەم شێوەیەیە. بۆیەش ئێمە دەڵێین 'پێویستە هەموو کەسێک بە باشی لەم قۆناغە تێبگات.'

لە لایەکی دیکەوە باسی هەندێک هێرش دەکەن. راستە ، هەندێک هێرش ئەنجام دەدرێن. رۆژی نەورۆز لە بەردەسوور هێرش کرایە سەر تیمێکی بچووک، بەڵام باش بوو رووداوەکە زۆر گەورە نەکرا. جگە لەوە لە هەندێک جێگە رێگەیان گرت، بەڵام ئێمە لە پەنجەرەیەکی گەورەوە سەیری پرسەکان دەکەین و دەمانەوێت لایەنەکەی دیکەش بەم شێوەیە سەیری پرسەکان بکات. هەندێک حساب لەسەر خاکی کوردستان هەیە. بۆیەش لەم سەردەمەدا پێویستە ئێمە یەکێتی خۆمان بەهێز بکەین. ئەگەر یەکێتی دروست نەبێت، نابێت هیچ کوردێک هاوکاری دوژمن بکات، لەدژی یەکتری کار نەکەن. لە بچووکترین ئاستدا پێویستی گەلی کورد بەمە هەیە. ئەگەر یەكێتی دروست ببێت زۆر باشە. بەڵام ئەگەر یەکێتی دروست نەبێت، پێویستە لەبەرانبەر یەکتری نەبن. پێویستە دۆخێک کە لاوازیان دەکات، نەخوڵقێنن. ئەمە گرنگە. من بانگ لە هەموو پارتە سیاسیەکان، رێکخراو و دەزگا کوردیەکان دەکەن کە پێویستە بە هەستیاری لەگەڵ قۆناغەدا بجووڵێینەوە و قۆناغەکە لەبەرچاو بگرین و بۆ یەکێتی نەتەوەیی بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ بکەین. لەمبارەیەوە پێویستە هەموو کەسێک لەلایەن خۆیەوە هەوڵ بدات. ئێمە وەک پەکەکە هەوڵ بۆ ئەمە دەدەین و بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی هاوکاری و نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ دەکەین.

دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا ، روسیا و تورکیا کاریگەریەکی چۆن لەسەر رۆژئاوا دروست دەکات؟

بێگۆمان ئەمە گرنگە. ئامانجی دەوڵەتی تورک تەسفیەکردنی شۆرشی رۆژئاوایە. نەک بە تەنها شۆرشی رۆژئاوا تەسفیە بکات، بۆ ئەوەی لە دەستووری بنەڕەتی نوێی سوریادا ناو و مافی کورد نەبێت، هەموو شتێک دەکات. هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەمەیە. لەم چوارچێوەیەدا هەندێک جار پشت بە ئەمریکا و هەندێکجار پشی بە روسیا دەبەستێت. تورکیا هەموو شەرەف و پێگەی جیوپۆلۆتیکی خۆی دەخاتە مەزادەوە. دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و وەرگرتنی پشتگیری لە هێزە نێودەوڵەتیەکان هەموو شتێک دەکات.

پێویستە ئێمە لەبەرانبەر ئەمە سیاسەتێکی بەهێز بەڕێوەببەین، لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا بەهێز بین و دەردی خۆمان بە هەموو جیهان بڵێین. بۆ ئەوەی بتوانین رێگە لە سیاسەتی داگیرکەر و قڕکەری دەوڵەتی تورک بگرین، پێویستە ئێمە لە جیهاندا هەوڵی سیاسی بدەین. گرنگترین شت ئەمەیە، پێویستە بڕوامان بە خۆمان هەبێت و پشت بە خۆمان ببەستین. ئەمڕۆ لە رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گەل و شەڕڤان یەکبگرن، ئیرادەی خۆیان بەهێز بکەین، نەکشێنەوە و بەرخۆدان بکەن، گەل و شەڕڤان لەهەمان جێگە بەرخۆدان بکەن، سەرکەوتن بەدەست دەهێنن. ئەم سەردەمە بەم شێوەیەیە. پێویستە ئیرادەی خۆمان هەبێت، پشت بە هێزی جەوهەری خۆمان ببەستین، بڕوامان بە خۆمان هەبێت و لەسەر ئەم بناغەیە سیاسەت بکەین. ئەگەر خۆت نەکەیتە ئیرادە  و بلێیت، 'بە تەنها سیاسەت دەکەن و ئەنجام بەدەست دەهێنم ' ناتوانیت ئەنجام بەدەست بهێنیت. لەم بارەیەوە پێویستە کەس هەڵە نەکات. پێویستە لە گۆڕەپانی شەڕ خاوەن هێز و ئیرادە بین. رێگەی ئەمەش ئەوەیە کە گەل و شەڕڤان دەست لەیەکتری بەرنەدەن و نەکشێنەوە. سەیری کەن لە رۆژی دووەمینی شەڕی گارەدا هەڤاڵان کە لەوێ بوون دەڵێن ' یان ئێمە یان دوژمن'. واتە دەڵێن، یان ئێمە لێرە دەبین یان دوژمن لەوێ دەبێت، بۆیەش پێویستە ئێمە دوژمن لەوێ وەدەربنێین. بەم شێوەیە جووڵانەوە. بەپێی دوایین زانیاریەکان ، لە رۆژی کۆتایی شەڕدا ئەفسەری پلە بەرز (ئاڵبای) نەجمی ئارمان کە هێزی دوژمنی بەڕێوە دەبرد، کوژرا. بەم شێوەیە پەرێشان بوون و لە گۆڕەپانەکە هەڵهاتن. سیاسەتی شۆرشی رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەم رووەوە گرنگە. پێویستە گەلانی عەرەب، کورد، ئاشور و سوریان پشتگیری لە یەکتری بکەن، خۆیان بکەنە ئیرادە و بڕوایان بە هێزی خۆیان هەبێت و بەم شێوەیە سیاسەت بکەن. ئەگەر بەم شێوەیە نەجووڵێنەوە، ناتوانن هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک پووچەڵ بکەنەوە، گەلەکەمان لە رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بەرانبەر ئەو دڕندانە سەردەکەون. ئێمە پشتڕاستین کە لەسەر ئەم بناغەیەی سیاسەت خۆیان بنیات دەنێن، خۆیان رێک دەخەن و خۆیان بەهێز دەکەن.

ف.ق