سیامەند موعینی: پژاک خولیای ئازادی و سەربەخۆیی گەلی لەدڵدا زیندوو ڕاگرت

هاوسەرۆکی پژاک بە ئاماژەدان بەوەی کە دوژمن لە بەرامبەر تێکۆشانی هەڤاڵانیان لە شاخ و شار و زیندانەکاندا بێچارە ماوە، ڕایگەیاند: پژاک هیوا و ئیرادە و خولیای ئازادی و سەربەخۆیی گەلی لەدڵدا زیندوو ڕاگرت.

بەبۆنەی ١٧ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پژاک، کە هاوکاتە لەگەڵ ٤ی نیسان ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوزی داوەتەوە کە چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

–  دوای ١٧ ساڵ لە دامەزراندنی، پژاک چیی کردووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بووەتە هۆی چ گۆڕانکارییەک لەو بەشەی کوردستاندا؟

سیامەند موعینی: دەستپێک دامەزراندنی پژاک لە هەموو تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی و هەموو بنەماڵەی گیانبەختکردوانی تەڤگەری ئازادی و زیندانیانی سیاسی و هەمو هەڤاڵان و عاشقانی ئازادی پیرۆز دەکەم و هاوکات رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ کە لەم سەردەمە هەستیارەدا بووەتە چرای ڕووناککەری خەبات و تێکۆشانمان پیرۆز دەکەم، هەروەها لە کەسایەتی زاگڕۆس مانی و شەوگەر چیادا هەمو ئەو ئازادیخوازانەی خۆلیای ئازادی بوون وەبیردێنمەوە.

١٧ ساڵ بە سەر دامەزراندنی پژاکدا تێپەڕ دەبێت، ئەم ١٧ ساڵە پڕ بووە لە قارەمانی و فیداکاری و تێکۆشانی گریلا و هەڤاڵانمان لە شاخ و شار و تەنانەت لە ناو زیندانەکانی تۆقێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و قارەمانێتییان خوڵقاندوە و دوژمن لە بەرامبەریاندا بێچارە ماوە، بە سەدان قارەمانی وەک فەرهاد وەکیلی، فەرزاد کەمانگەر، شیرین ئەلەمهولی حەماسەیان خوڵقاند.

ئەو ١٧ ساڵە بۆ پژاک پڕە لە ئەزمون و تێکۆشان، بە ڕوحی شۆڕشگێڕی لەگەڵ هەموو بەربەست و دژبەرایەتی داگیرکەران و کۆنەپەرەستی ناوخۆیی بەربەرەکانی کردووە، دامەزراندنی پژاک وەڵامێک بووە بە داگیرکاری و هاوکات وڵامێک بووە بۆ ئەو ڕەنج و تێکۆشانەی گەلەکەمان فیداکاری بۆ کردووە، پژاک هیوا و ئیرادە و خولیای ئازادی و سەربەخۆیی گەلی لەدڵدا زیندوو ڕاگرت.

دوای دامەزراندنی کاریگەریی پژاک لەسەر کۆمەڵگا، سیاسەت و کلتور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی بووە؟

سیامەند موعینی: پژاک لە سەردەمێکی تایبەت کە داگیرکەری کوردستان هەموو هیواکانی لەناو دڵی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازدا کوشتبوو، سەریهەڵدا و بە دۆست و دوژمنی گووت ئیتر بەسە و گەلی کورد داگیرکەری پەسەند ناکات و گەلی ئێمە زیندوویە و تێکۆشان دەکات، لە سەردەمانێکدا کە جیهان کەڕ و ڵاڵ و کوێر، لە بەرامبەر ئەو هەموو نەهامەتی و زوڵمەی بە سەر گەلەکەماندا دەهات بێدەنگ و تەنانەت ڕێخۆشکەری سیستمە داگیرکەرەکانی سەر کوردستان بوون، گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوەشی بۆ پژاک کردەوە و هەزاران تێکۆشەری ئازادی، هاتنە ناو ڕیزەکانی پژاک و هیوایان بەخشیوە بە گەل بۆ بەربەرەکانی داگیرکاری و دیکتاتۆری، لە قۆناخی بێدەنگیدا زایەڵەی سەرهەڵدان لە ناو گەلدا پەیامی هیوای بۆ رۆژی ئازادی بانگدا و هیواکانی زیندوو کردەوە، لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو هێز و توانایەوە بۆ سەرکوت و تەسلیم کردنی کوردستان لە هیچ تاوانێک دەستی نەدەپاراست، هەرچەند پژاک لەگەڵ شەڕی تایبەتی نەیارانی رووبەڕوویە بەڵام بە ئیرادەوە تێکۆشانی کردووە، باوەر بە خۆبون و هیوا بە دوواڕۆژ و گەیشتن بە ئازادی، هێز دەدات بە کۆمەڵگە و بەرخۆدان دژی دیکتاتۆری، ئەوەش یەکێک لە ئەرکەکانی پژاک لەم ماوەدا بووە.

 

کێشە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چین و چارەسەرییان چییە؟

سیامەند موعینی: کێشەکانی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی زۆرن، چونکە کێشە و پرسی کورد دەگمەنە، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە خەسارناسییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری هەیە و شیکردنەوە لە سەر ئەم مژارە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان هەیە، بەڵام ئەگەر بە گشتی چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەین دەتوانین سەد ساڵی ڕابردوو وەک سەد ساڵی پلانی هاوبەشی داگیرکەران و کلۆنیالیزم بۆ ئاسیمیلە کردن و فەوتاندنی کلتوری دەوڵەمەندی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست نیشان بکەین، لەم سەد ساڵەدا بە هەمو توانایانەوە هێرشی بەردەوامیان کردووەتە سەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە و بەردەوام هەولی تواندنەوەی گەلی ئێمەیان داوە، لەم ٤٠ ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە شێوازی جیاواز هێرش کراوەتە سەر بەهاکانی گەلەکەمان و هاوکات ویستویانە ئیرادە و کەسایەتی ئەم گەلە تێکبشکێنن، بە شێوازی ژینوسایدی سپی و خۆفرۆشی، بێ باوەڕی و بێ ئیرادەیی و تێکشکاندنی هیواکان، گەلەکەمان تەسلیم بکەن و لە پڕۆسەی زەمانیدا ئاسیمیلەی بکەن.

 

 چارەسەری لەم قۆناخەدا کە ئاڵوگۆڕییەکانی سیستمی جیهانی لە گۆڕین دایە دەتوانێت بۆ گەلەکەمان ئاسانتر بێت، خۆبەڕێکخستن کردن و باوەڕی بە سەرکەوتن کلیلی گەیشتن بە ئازادییە، بۆ ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە فیداکاری و خوێندنەوەیەکی زانستییانە و سەردەمیانە لە ئاڵوگۆڕییەکانە و دەبێت هەر تاکێکی کورد بزانێت بە پاڕادایم و سیاسەتی سەردەمی سایکس پیکۆ سیاسەت کردن خۆکوژی و دواکەوتنە، لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕییەکانی سەردەم، بۆیە گەلەکەمان پێویستە واتا و بەهای یەکگرتوویی لەم سەردەمەدا باش لێکبداتەوە و تێکۆشانی بۆ بکات، بەشێک لە بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکاری و نزیکبوونەوە لە ئازادی خۆبەڕێکخستن و تێگەیشتنە لە مێتۆد و ڕێکارەکانی دوژمن بۆ پەرتەوازەیی گەل و ئەوەش لە چوارچێوەی شەڕی تایبەت لە دژی گەلەکەمان بە کاریدێنن، بەواتایەکی دیکە یەکگرتویی گەل دەبێتە گەرەنتی سەرکەوتن لەم قۆناخەدا.

–  یەکڕیزی کورد لە ڕۆژەڤ دایە، خەباتی ئێوە لەو بارەوە چییە؟ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پارت و لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟

سیامەند موعینی: هەر وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد یەکگرتوویی گەل کلیلی چارەسەرییە بۆ ئەم قۆناخە، ئێمە وەک پژاک هەموو هەوڵەکانمان بەکارهێناوە بۆ یەکگرتویی ناو ڕیزی گەلەکەمان بە هەموو بیر و بۆچوون و جیهانبینیکەوە، دەبینین کوردستان لەچاو بەشەکانی دیکەی ئێران زۆر سیاستر و یەکگرتووترە و ئامادەیە باوەشی بۆ ئازادی بکاتەوە، سەبارەت بە حزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێوەندیمان لە گەڵ هەموویان هەبووە و بەشێکیان بە دیدێکی کراوە نزیک دەبنەوە و بەشێکیشیان بەهۆی بەربەستی جیاواز لەگەڵ بەشێک لە سیاسەتی باشووری کوردستان بە تێبینییەوە نزیکی ئێمە دەبنەوە، من لێیان تێدەگەم کە بەهۆی ئەوەی ناتوانن ئازاد بیر بکەنەوە و بە پاڕادایمی سەردەمی سایکس پیکۆ دەڕواننە سیاسەتەوە و هاوکات ناچار دەکرێن لە یەکگرتن و هاوهەنگاوی ڕیزەکانی تێکۆشان دوورکەونەوە، بە شێوازی جیاواز بیانو دێننەوە بۆ یەکگرتویی، ئەگینا یەکگرتوویی لەم سەردەمەدا کە هەرکەس دەزانێت کلیلی سەرکەوتنە بۆ دەبێت بەربەست و شەرت و مەرج بۆ یەکگرتویی ڕیزەکانی پارتە کوردییەکان دابنێن؟

دەسەڵاتی ئێران لە ئێستادا هەم لە ناوخۆ و هەمیش لە دەرەوە ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە و خۆشی کێشەیەکی گەورەیە لە بەردەم دیموکراتیزەبوون، بۆ ئێران پرۆژەتان چییە؟ پەیوەندیتان لەگەڵ ڕێکخراو و ڕێکخستنە سۆسیالیست و دیموکراتەکانی ئێران چۆنە؟

سیامەند موعینی: سیستمی ولایی کۆماری ئیسلامی ئێران، سیستمێکی ئلیگارشیک و دیکتاتۆرە و قسەکردن لە دیموکراسی لەناو ئەم سیستمەدا خەیاڵێکی خاوە، بەڕێوبەرانی ئەم سیستمە لەگەڵ خۆشیان ناکۆکن و ناتوانن لەگەڵ یەکتر بسازێن، لەگەڵ سیستمی جیهانیش بە هۆی ناوەندگەراییەکی ئۆرتۆدۆکسییەوە ناتوانن بسازێن، بۆیە تووشی کێشە و قەیرانی بنەڕەتی بوونەتەوە، بەهۆی سیاسەتی پەلهاویشتن و هەناردەکردنی ئیسلامی شیعە بۆ ناوخۆ و دەرەوەی سنورەکانی، ناوچەکەی تووشی قەیران کردووە و پەرەی بە دژبەری و ترۆریزم داوە.

پێویستە لە هەنگاوی یەکەم ئەم سیستمە بەو زیهنییەتە و کردارەوە نەمێنێت و لە پڕۆسەی ‘تێپەڕیندا’ لەگەڵ هێز و گەلانی ئازادیخواز بۆ بونیاد نانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد تێبکۆشین و ڕێگەخۆشکەر بین بۆ بەدیهێنانی زیهنیەتێکی دیموکراتی، بۆ پێکهێنانی دیموکارسی و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات، پڕۆژەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتییە، ئەویش بە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دەیموکراتی لە سیستمێکی کۆنفدراڵدا مسۆگەر دەبێت.

لەم سەردەمەدا بە هۆی پرش و بڵاوی هێزەکانی ئێرانی و نەبونی دیموکراسی لە ناوخۆی ئێران هیچ دەرفەتێک نییە بۆ هاوکاری پڕاکتیکی، بەڵام لە ئەوروپا لەگەڵ زۆربەی ڕێکخستن و پارتەکانی ئێرانی کە لەگەڵ زیهنیەتی فاشیستی ناوەندگەرایی کێشەیان هەیە پێوەندیمان هەیە و لەگەڵیان کۆدەبینەوە، لە داهاتووشدا بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکار و هاوڕی دەبین. 

پلانتان بۆ داهاتوو چییە؟

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پژاک: هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، یەکگرتوویی و بە ڕێکخستن کردنی گەل کلیلی سەرکەوتنمانە، بۆیە تێدەکۆشین بۆ یەکگرتویی گەلەکەمان بە پڕۆژە و بەرنامەوە کار بکەین، بۆ کەسایەتی بە ئیرادە و سەربەخۆ تێکۆشان دەکەین، دیپڵۆماسی و بەڕێکخستن کردنی گەل دوو خاڵی سەرەکیی دەبن بۆ پاشەکشە بە داگیرکەران و بەربەرەکانێی لەگەڵیاندا لە کوردستان، ئەگەر گەلەکەمان بە ئیرادەوە خۆی بە ڕێکخستن بکات هیچ هێزێک ناتوانێت کاریگەری نگاتیڤی لەسەر بێت، خۆ ئامادە کردن بۆ خزمەت بە گەل یەکێکە لە ئەرکە سەرەکی و ستراتژیەکانمان بۆ داهاتو.

ف.ق