سۆزدار ئاڤێستا: بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان گەشتر دەکەین

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری گشتیی کەجەکە بە بۆنەى رۆژبوونی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وتی، "بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان گەشتر دەکەین".

 سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە هەلومەرجی گۆشەگیریی قورسدا لە رۆژبوونی خۆیدا دەژی و وتی، "من ئەو رۆژە مانادارە لە پێش هەموانەوە لە رێبەر ئاپۆ، لە دایکانی شەهیدان، هەموو ژنان، گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەم. هەروەها لە هەموو بەرخودێرانی زیندان و شەڕڤانانی ئازادیی پێرۆز دەکەم. ئێمە پێشوازی لە رۆژبوونێکی تری رێبەر ئاپۆ لە هەلورمەجی قورسی گۆشەگیریدا دەکەین.

لەم کاتەدا کە ئێمە پێشوازی لە ٤ی نیسان دەکەین لە دەوری رێبەرایەتی یەکگرتوویەک هەیە. بە تایبەتی ملیۆنەها کەس ٨ی ئادار و نەورۆزیان پیرۆز کرد و بۆ ئازادیی جەستەیی رێبە ئاپۆ ئیرادە و ورەی خۆیان خستەڕوو. لەبەر ئەم رۆژە واتادارە، ئێمە جارێکیتر بەڵێن دووپات دەکەینەوە، ئێمە بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان گەشتر دەکەین. لەسەر ئەو بنەمایە بانگەوازمان بۆ هەموو ژنان، گەنجان، گەلەکەمان و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان ئەوەیە، بە شێوەیەکی چالاکتر بەشداری قۆناغەکە و پرۆسەکە ببن. لەبەر ئەم رۆژە من واتادارترین سڵاوەکانی خۆم بەرێزەوە بۆ رێبەر ئاپۆ دەنێرم. لەبەر ئەم رۆژە واتادارە، داوا لە هەموو کەسێک دەکەم، کە باخچەى ئازادی گەورە بکەن و لە چوارچێوەی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک دا بە شێوەیەکی واتادار لەگەڵ سروشتدا ببن بە یەک و ئەو پارادیگمایە گەش بکەن. هەروەها لە کەسایەتیی هاوڕێیان موستەفا و مەعسوم، کە لە ٢٠٠٩دا رۆیشتبوون بۆ ئامارا و لەلایەن هێزە فاشیستەکانی دەوڵەتى تورکەوە شەهید کرابوون، بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدان دەکەمەوە. رایدەگەیەنین، ئێمە ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، کە ئامانجی شەهیدانمانە بەدیدەهێنین".  

ئاڤێستا لە بەردەوامیی وتەکاندا سەرنجی خستە سەر شەنگال، کە لەم قۆناغەدا رۆژەڤی سەرەکی و کێشەى گەلی ئێزدییە، کە لە شەنگال دەژین و باسی لە رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە نێوان بەغدا و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا کرد و وتی، لەو رێگەیەوە 'پلانی کۆمەڵکوژکردنی' گەلی ئێزدییان داناوە.

ئاڤێستا وتی، "حکومەتی عێراق دەبێت ئەوە بە باشی بزانێت، کە خۆسەپاندن و داسەپاندنی دەوڵەتی تورک و پەدەکە و داواکانیان لە بەرژەوەندیی عێراق دا نییە. تاوەکو ئێستا ئێزدییەکان هیچ زیانێکیان بۆ دەوڵەتی عێراق و گەل نەبووە. بە پێچەوانەوە عێراق قەرزارباری کۆمەڵگەى ئێزدییە. ٣ی ئابی ٢٠١٤ و کاتێک داعش هێرشی کردە سەر ئێزدییەکان، دەوڵەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئێزدییەکانیان نەپاراست و بوونە هۆی گیان لە دەستدانی ١٠ هەزار ئێزدی.

 ئێمە هەموو کات ئەو بانگەوازە دەکەین و دووبارە دەیکەینەوە. دەبێت دەست لە هەڵوێستە دوژمنکارانەیە هەڵگرن. ئیدی دەبێت ئیرادەی گەلی ئێزدی قبوڵ بکەن و پێگەى شەنگال قبوڵ بکەن. تاوەکو ئێستا گەلی ئێزدی زیانی بۆ هیچ کەسێک نەبووە و لەمەبە دواش وا دەبێت. گەلی ئێزدی هێرشی نەکردووەتە سەر کەس، بەڵام دەبێت ئەوەش باش بزانرێت، ئەگەر هێرش بکرێتە سەریان تاوەکو دوا هەناسە بەرەنگاری دەکەن.

دیموکراتیکترین رێبازی چارەسەری ئەوەیە، کە لەگەڵ ئەنجوومەن دانیشن، دانوستان بکەن و بە شێوەکی گونجاو پێگەى شەنگال قبوڵ بکەن. ئەو دۆخە پێچەوانەى دەستووری عێراق نییە، هەر چۆن ئەو یاسایە بۆ دهۆک، هەولێر و سلێمانی هەیە، بۆ شەنگالیش دەبێت".

ئاڤێستا سەرنجی خستە سەر بەرخودانی گەلی ئێزدی لە شەنگال و وتی، "لەو رێگایەدا تێکۆشانەکەیان تاوەکو دوا هەناسە درێژە پێدەدەن. بۆ ئەوەى دۆخی شەنگال چارەسەر ببێت تەنها بەرخودانی گەلی شەنگال بەش ناکات. گەلی شەنگال بە نوێنەرایەتیی هەموو ئیزدییەکان بەرخودانی ئەنجامدا. هەموو ئێزدییەکانی جیهان دەبێت خاوەنداری لە بەرخودانی پیرۆزی گەلی ئێزدی بکەن. لە هەموو شوێنێک بە چالاکیی جۆراوجۆر و دەوڵەمەند دەبێت لە قۆناغەکەدا بن. بە تایبەتی ئێستا خۆئامادەکردنی هەمەلایەنە بۆ خۆپاراستن لە شەنگال دەستیپێکردووە و دەبێت گەش بکرێت و گەلەکەمان بەشداری تیادا بکەن. گەلەکەمان لە کامپەکان و وڵاتانی تر دەبێت لە ناو تێکۆشاندا بن و پشتیوانی بکەن. لەسەر خاکی خۆمان بۆ ئەوەى ئێمە شکۆمەندانە بژین دەبێت ئێمە تێبکۆشین. لە رووەوە بە تایبەتی دایکانمان، پێشەنگایەتیی ئەو تێکۆشانە پیرۆزە دەکەن و ئەنجام بە دەست دەهێنن، بۆیە بەرخودان و تێکۆشانی دایکانمان پیرۆز دەکەم".

ئاڤێستا لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئەوەشی وت، "ئێستا ئەوانەى بە خۆیان دەڵێن، ئێزدی ئەگەر خاوەنداری و پشتیوانی لە خۆسەریی شەنگال نەکەن ناتوانن بە خۆیان بڵێن، ئێزدی. ئەوانە هەرگیز ئەو مافەیان نییە. بەو بۆنەیەوە داوا لە ماڵی میران، ئەنجوومەنی رۆحانی و بابەشێخ دەکەم. ئەوان خاوەن شکۆ و پرەنسیبن. کۆمەڵگەى ئێزدی رێزیان لێدەگرێت. دەبێت ئەو رۆڵەى کە دەکەوێتە ئەستۆیان بە جێبهێنن. ئێزدخانێک، کە نەتوانێت خۆی بەڕێوەببات چۆن لە رووی ئایینییەوە ئازاد دەبێت. ناتوانێت باسی زمان، کولتور و رێز و رێگا و رێچکە بکات. لەبەر ئەوە هەموو کەسێک، کە بەرپرسیارییان دەکەوێتە ئەوستۆ دەبێت بەرپرسیارییەکەى خۆیان بە جێبهێنن".

ئاڤێستا بانگەوازی بۆ گەلی شەنگال و هەموو کوردستانیانی دەرەوەی وڵات بوو و لە بانگەوازەکەیدا سەرنجی خستە سەر ئەو چالاکییانەى ئەنجامی دەدەن و وتی، "دەتوانن زیاتریان بکەن و دەبێت زیاتریشی بکەن. دەبێت زیاتر رێکخستنکراو و ئۆرگانیزە ببن، دەبێت چالاکیی باشتر و جەماوەرییانەتر ئەنجام بدەن. بە رۆژ و شەو دەبێت لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشن، لە بەردەم ئەنجوومەنی ئەوروپا و هەموو رێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەنگی خۆتان زیاتر بەرز بکەنەوە و بیگەیەنن. دەبێت چالاکیی وەها بکەن، کە هەموو رێکخراوەکان بجوڵێنن".

ئاڤێستا وتیشی، "ئەوانەى ٩ی تشرینی یەکەمیان سەپاندبوو تاوەکوم ١ی نیسان مۆڵەتیان دانابوو، ١ی نیسان مێژووی ئەو رۆژەیە، کە پێشتر هێزەکانی ئێمە لە شەنگال کشابوونەوە، ئەو مێژووە، کە دایانابوو پەیامی لێوەدەنێرن. پەیام بە گەلی ئەوێ دەدەن، کە بزووتنەوەکەمان ئەوێی بە جێهێشت. هەڵبەت نە گەل و نە بزووتنەوەکەمان هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەن. دوای ئەو هەموو قوربانییە، هەرگیز دەستی لێهەڵناگرن".

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیی بەڕێوەبەری کەجەکە داوای لەگەلی باشووری کوردستان کرد و وتی، "دەبێت گەنجانی باشووری کوردستان، ژنان، حیزبە سیاسیەکان و هەموو گەلەکەمان ئەو رێککەوتنە چەپەڵە رەتبکەنەوە. گەلەکەمان، کە لە وڵات و دەرەوەی وڵات دەژی، دەبێت لەم قۆناغە هەستیارەدا لە پشت شەنگال بن و خاوەنداریی لێ بکەن. ئەم قۆناغە، قۆناغی مان و نەمانە. چییان لە دەست دێت دەبێت بۆ ئەم قۆناغەى ئەنجام بدەن".

ئاڤێستا لە کۆتایدا وتی، "ئێستا نیسانە، نیسان بۆ ئێزدییەکان مانگێکی پیرۆزە. چوارشەممە سوور پیرۆز دەکرێت. دەبێت ئەو چوارشەممە پیرۆزە بە بەرخودان پێشوازیی لێ بکرێت. ئەوانەى مانای چوارشەممەى نیسان دەزانن، دەبێت لە داهاتوو، چاند، ئەبەدێتی خۆیان خاوەنداری بکەن. بەو بۆنەیەوە دەبێت خاوەنداری لە شەنگال بکەن. ئێمەش چیمان لە دەستدا بێت تاوەکو دوا هەناسە لەگەڵ ئەم تێکۆشانەدا دەبین. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم، کە لەم تێکۆشانەدان و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".

ژ.ت