هه‌واڵی به‌په‌له‌: لە پێکدادانەکانی شێراوا چەتەیەک کوژرا و چەتەیەک بەدیل گیرا

"تێکۆشانی پەکەکە بووە بە جیهانی و بۆ مرۆڤایەتییە"

ئەندامی کۆمیەتەی دەرهێنانی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر"، نەورۆز فازڵ لەبارەی تێکۆشانی پەکەکەوە دەڵێت: ئەو تێکۆشانەی پەکەکە دەیکات ئاستی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستی تێپەڕاندووە و بووە بە جیهانی و بۆ مرۆڤایەتییە.

کەمپەین و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" بەردەوامە و لە ئێستادا لە ٣٠ وڵاتی جیهان واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ ئەو مەبەستە، لەو چوارچێوەیەدا لە باشوری کوردستانیش بەشێوەیەکی فراوان کەمپەینەکە بەڕێوەدەچێت و لەلایەن هاولاتییانەوە بە شێوازێکی فراوان پێشوازیی لێدەکرێت، لەم بارەیەوە نەورۆز فازڵ ئەندامی کۆمیەتەی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەدوێت.

فازڵ سەرەتا ئاماژەی بە ڕۆڵ و تێکۆشانی پەکەکە کرد و وتی: پەکەکە لە ناوچەکەدا خاوەنی مێژوویەکی دووروودرێژە لە خزمەتکردن و تێکۆشان و لەپێناو گەل و کۆمەڵگادا، ئەو تێکۆشانە ئاستی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستی تێپەڕاندووە و بووە بە جیهانی و بۆ مرۆڤایەتییە.

هەروەها لە بارەی فراوانبوونی کەمپەینی دەرهێنانی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" و پێشوازی خەڵكەوە وتی: تادێت پێشوازیی خەڵک لەم کەمپەینە فراوانتر دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا، کوردیش خاوەن حەق و مافی خۆیەتی بۆیە دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، لەم سۆنگەیەوە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.

باسی لەوەشکرد:هەتا پەکەکە لە "لیستی تیرۆر"دا بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیوە نابینێت، هەتا دەتوانین بڵێین جیهانیش، بۆیە ئەم کەمپەینە زۆر گرنگە، پێویستە رای گشتی کەسایەتی سیاسی ڕۆشنبیران و توێژە جیاوازەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشداری ئەم کەمپەینە ببن و هەوڵی جدی بۆبدەن، چونکە تا پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەرنەهێنرێت شەڕ و کارەسات و کۆمەڵکوژی لە ناوچەکە نابڕێت.

هەر لەم بارەیەوە هاوڵاتییەک بە ناوی بارزان بابەشێخ قسەیکرد و وتی: بە ئەنقەست پەکەکەیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، چونکە دەزانن پەکەکە ژیانێکی بە کەرامەت و ئازادانە دەژی. پێویستە ئەوانە بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، کە لەسەر زەوی زوڵم و ستەم دەکەن و وەک تورکیا و ئەمریکا و ڕوسیا و حکومەتە دیکتاتۆرەکان.

ژ.ت