تەرمی شەڕڤانانی یەبەشە ڕەوانەی نەخۆشخانەی پزیشکی دادوەری موسڵ کران

تەرمی ئەو شەڕڤانانەی کە دوێنێ شەو شەهید بوون، ئەم بەیانییە لە نەخۆشخانەی شەهیدانی خانسوور وەرگیرانەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەری موسڵ کران.

دوێنێ شەو دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕێگای فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە سەختی شەنگالی بۆردوومانکرد. بۆردوومانەکە لە کاتژمێر ١١:٥٥ دەستی پێکرد و نزیکەی ٣ کاتژمێر بێ پچڕان بەردەوام بوو.

ئامود، چلمێرا،سکێنی، حەیالێ، شاخی شەهید سیپان، سیبا شێخ خدر، گەڕەکی ناسر لە ناوەندی شەنگال، دۆڵی شیلۆ لە ناوچە عەرەبییەکان زیاتر لە ١٦ جار لە لایەن فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی سیخوڕییەوە بۆردوومان کران.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ژمارەیەک شەهید و بریندار هەیە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر زیانە گیانی و مادییەکان نەدراوە.

 بڕیارە ئەمڕۆ فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) لێدوانێکی ورد لەبارەی  هێرشەکانی دوێنێ و پێرێی سەر شەنگال بدات. هاوکات، تەرمی ئەو شەڕڤانانەی یەبەشە کە لە هێرشەکانی دوێنێ شەودا شەهید بوون، بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی شەهیدانی خانسوور وەرگیرانەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەری موسڵ کران.

پاش ئەوەی کە تەرمەکان لە پزیشکی دادوەری وەردەگیرێنەوە لە گۆڕستانی شەهیدانی شەهید دلگەش و شەهید بەرخۆدان بە خاک دەستپێردرێن.