ئاگری نه‌ورۆز له‌ ئامه‌د هه‌ڵكرا

له‌ ئامه‌د یه‌كه‌م ئاگری نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ هه‌ڵكرا. هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ زه‌یاد جه‌یلان به‌مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ پیرۆزبایی ٢١ی ئادار بانگه‌وازی ئاراسته‌ی گه‌ل كرد.

نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به‌ دروشمی "كات كاتی سه‌ركه‌وتنه‌" پیرۆز ده‌كرێت. نه‌ورۆزی ئامه‌د له‌ ٢١ی ئادار له‌ گۆڕه‌پانی نه‌ورۆز پیرۆز ده‌كرێت. له‌ ئامه‌د به‌ر له‌ پیرۆزبایی گه‌وره‌ ئاگری یه‌كه‌می نه‌ورۆز له‌ ناوچه‌ی پیاسێ هه‌ڵكرا. ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری نه‌ورۆز له‌ بینای رێكخستنی هه‌ده‌په‌ی ناوچه‌ی پیاسێ سازكرا.

په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د ره‌مزیه‌ تۆسون، هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د زیاد جه‌یلان و گوڵستان ئاتاسۆی و ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌رانی پارته‌كه‌ به‌شداری ئاهه‌نگه‌كه‌یان كرد. وێڕای بارینی به‌فر و هه‌وای ساردیش ئاگری نه‌ورۆز كرایه‌وه‌.

هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د زیاد جه‌یلان له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا قسه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌مساڵ پیرۆزباییه‌كانی نه‌ورۆز به‌ دروشمی "كات كاتی سه‌ركه‌وتنه‌" ساز ده‌كرێن و ئه‌وان به‌ داواكاری ئازادی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، زیندانیانی ئازادی، دروستكردنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردی و په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی كورد و به‌ فه‌رمیبوونی زمانی كورد به‌ به‌شداری ملیۆنان كه‌س پیرۆز ده‌كرێت.

جه‌یلان باسی له‌وه‌كرد، كه‌ نزیكه‌ی مانگێكه‌ ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری نه‌ورۆزی ئامه‌د كردووه‌ و ٥ لیژنه‌یان پێكهێناوه‌ و ئامانجیانه‌ به‌ به‌شداری ملیۆنان كه‌س نه‌ورۆز پیرۆز بكه‌ن. جه‌یلان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌وان له‌ چوار لای ئامه‌د خه‌باتی نه‌ورۆز به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و داوای له‌ گه‌لی ئامه‌د كرد كه‌ له‌ رۆژی ٢١ی مانگ بخۆشێن به‌ره‌و گۆڕه‌پانی نه‌ورۆز. جه‌یلان رایگه‌یاند، كه‌ میوانیان له‌ هه‌موو لایه‌كی كوردستان و توركیا و وڵاتانی جیهانه‌وه‌ بێن و ئه‌وان بۆ میوانداری میوانه‌كانیشیان ئاماده‌كارییان كردووه‌.

جه‌یلان باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌ ٢١ ی ئادار چاوی هه‌موو كوردان و دۆستانیان له‌سه‌ر نه‌ورۆزی ئامه‌د ده‌بێت و وتی، "ئێمه‌ دیمه‌نێكی به‌شكۆ نمایش ده‌كه‌ین. له‌ئێستاوه‌ ئێمه‌ هه‌موو گه‌له‌كه‌مان بانگهێشتی پیرۆزباییه‌كه‌ ده‌كه‌ین. ئێمه‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ خاوه‌نداری له‌ نه‌ورۆز ده‌كه‌ین. چوونكه‌ نه‌ورۆز زمانی زگماكیه‌، نه‌ورۆز كولتور و تێكۆشانه‌".

دوای قسه‌كانی جه‌لان له‌ ئامه‌د ئاگری یه‌كه‌می نه‌ورۆز كرایه‌وه‌. دواتر ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌رانی هه‌ده‌په‌ به‌ده‌وری ئاگره‌كه‌وه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێیان ساز كرد و دروشمی "بژی نه‌ورۆز" وترایه‌وه‌.

هـ . ب